دەم پارتی: یاسای دوژمنایەتی دژی دایکانی کورد دەسەپێنرێت

مەجلیسی ژنانی دەم پارتی دەستنیشانی کرد، ئەشکەنجەی پشکنینی جلوبەرگ دژی دایکانی کورد جێبەجێ دەکرێت، گوتی: "یاسای دوژمنایەتی دەسەپێنرێت".

دایکان بەدیلگیراون

مەجلیسی ژنانی دەم پارتی ڕایگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەمینە کایا (٥٤ ساڵ)، نەزعەت بۆلەک (٥٨ ساڵ)، سارا کایا (٥٩ ساڵ) لە چوونە نێو زیندانی جۆری M ی ئێلح ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ و پێشێلکردنی مافەکان دەبنەوە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە کە ئەو دایکانە لەکاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ زیندانەکە تووشی ئەشکەنجەی پشکنینی جلوبەرگ دەبنەوە و گوتراوە: "ئەو دایکانەی بەرامبەر ئەشکەنجەی پشکنینی جلوبەرگی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بۆ چەند کاتژمێرێک لە شوێنێک کە پێی دەگوترێت کولبەی چاوەڕوانی ڕاگیراون و پاشان براون بۆ زیندانی کاتی. سێ دایک کە ١١ ی تەمموز دەستبەسەرکراون، لە ١٨ ی تەمموزەوە تا ئێستە لەو زیندانە کاتییە گیراون".

"پێویستییە بنەڕەتییەکان دابین نەکراون و یاسای دوژمنایەتی دەسەپێنرێت"

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: "لە ڕۆژی یەکەمەوە تەنها سێ نان وەک خۆراک بە دایکەکان درا. هەروەها بەتانی و سەرینی بەکارهاتوو و تەعقیم‌نەکراویان داوە بە دایکان. پاش ماوەیەکی زۆر بەتانی و سەرینی پاکیان پێ داون.

ئەم دایکان خوێندەواریان نییە، کەچی لەپێناو دابینکردنی پێویستییەکانیان داخوازینامەی نووسراویان بەسەردا دەسەپێنن. بۆیە دایکان بۆ ماوەیەکی درێژ نەیانتوانی پێویستییەکانیان بەدەست بهێنن. هەروەها لە ١٦ ی تەمموز، ٢ کاتژمێر لەژێر ناوی پشکنیندا هەموو شتەکانی دایکان لەلایەن پاسەوانەکانەوە پەرشوبڵاوکران و لەکاتی پشکنینەکدا دایکان کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەبوو لە گەرمای پڕووکێنەری ڕۆژدا وەستێنران.

هەروەها زانراوە، پاسەوانەکان زۆرجار بە ئاسان و تەنە ڕەقەکان لە دەرگاکان دەدەن، بەمەش دایکانی زیندانیکراو بێزاردەکەن و دەیانترسێنن.

ئێمە ئەو کارانەی ئێوە کە بەپێی یاسای دوژمنایەتی دەیسەپێنن، قبووڵ ناکەین. دەستبەجێ کۆتایی بەم کارە نایاساییانە بهێنن و دایکان ئازاد بکەن".