"دەمانەوێت لەڕێگەی سیستەمی هاوسەرۆکایەتییەوە خێزان و جڤاک دیموکراتیک بکەین"

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە، بەسێ ئەرزینجان ڕایگەیاند، لەڕێگەی سیستەمی هاوسەرۆکایەتییەوە دەیانەوێت خێزان و جڤاکێکی نوێ دابمەزرێنن و گوتی، "بەم ڕێگەیە دەتوانین سەراپای جڤاک دیموکراتیک بکەین".

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە، بەسێ ئەرزینجان بەشداربوو لە "بەرنامەی خۆبوون"ی ژن تیڤی و نرخاندنی کرد بۆ نوێنەرایەتی یەکسان و سیستەمی هاوسەرۆکایەتی.

چاوپێکەوتنەکەی بەسێ ئەرزینجان بەم جۆرەیە:

مێژووی شارستانییەت وەها فێری کردووین؛ ژن هەرگیز شوێنی خۆی لە سیاسەتدا نەگرتووە، سیاسەت سپێردراوە بە پیاوان. تەنانەت لەگەڵ دەوڵەتبووندا سیاسەتی دەستی پێ کردووە. ئاخۆ ئەمە ڕاستە؟

پاش مێژووی نوسراو، ژن لە ژیان درووخراوەتەوە. لە ڕووی سیاسەت و جڤاک و ئابووری و پاراستنەوە دوور خراونەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک ژن جێگەی خۆیان لە مێژوودا گرتەوە. ناتوانین بڵێین بە هیچ شێوەیەک ژن نەبووە. کلیۆپاترا نموونەیەکە. پیاوان نایانەوێت هەبوونی ژن لە مێژوودا دیار بێت. نزیکایەتییەکی پیاوان هەیە، تاوەکو ژن نەیەتە پێشەوە، وەک پێشەنگ دەرنەکەوێت، ڕەنگی ژن دەرنەکەوێت. بەڵام تەنانەت پێش سەدەی هەژدەهەمیش ژن هەبووە، بە تایبەت لە سەدەی بیست و یەکەمدا زۆر ژنە سیاسەتمەدار دەرکەوتن. پێشتر ژنانی وەک ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، ئیما گۆڵدمان، کلارا زێتکین، ئەلێکساندرا کۆلۆنتای هەبوون. ژنان هەمیشە هەبوون.

لە دەسپێکی شارستانییەتی دەوڵەتپارێزەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ، یەکەمجارە ژن خاوەنی هەمان مافە. ئەمە لەگەڵ تەڤگەری ئازادی کورد دەستی پێ کرد. یەکەمین مۆدێلە. ئەم سیستەمە چۆنە و چۆن بوو بە ڕۆژەڤی تەڤگەر؟

لە چاخی نیولیتیکەوە چاندی ژن هەیە. ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان بۆ مرۆڤایەتی گێڕاوە. دەبینین خودا و خوداوەندەکان پێکەوە جڤاک بەڕێوەدەبەن. ئەم بناغەیە پێش ٥ هەزار ساڵ لە میزۆپۆتامیا هەبووە. تەنانەت سۆمەریەکان بە شێوەیەکی پێشەنگانە و کۆموناڵ پێشەنگایەتی جڤاکیان کردووە. نزیکایەتی ڕێبەر ئاپۆ و دامەزراندنی پەکەکە کاریگەرە بۆ تەڤگەرەکەمان. با تەماشای ژیانی ڕێبەر ئاپۆ بکەین، هەمیشە ویستویەتی ژن لەنێو ژیاندا بێت. دەیگوت، پێویستە ژنان لە شۆڕشدا جێگەی خۆیان بگرن. بێگومان ٥ هەزار ساڵە ژنان لە سیاسەت و ژیان دوور خراونەتەوە. بۆیە پرۆسەیەکی ئامادەکاری پێویست بوو. بۆ ئەوەی ئەزموون لە ژیان و سیاسەت و سەربازیدا بەدەست بهێنێت، پێویستی بە ئامادەکاری هەبوو. لەناو پەکەکەدا، بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ، وەک ژنی کورد، هەموو ئەو قۆناغانەمان ئەزموون کرد. بڕوانینە دامەزراندنی پەکەکە و بەسوپابوون و پارتی‌بوون و پاراستن، بڕوانینە هەر لایەکی مێژووی کورد، دەسکەوتی ژنان هەیە. لە ڕووی ئایدۆلۆژیشەوە پێشکەوتن هەبووە. سەرۆکایەتی خێزان و ژنی شیکردەوە، خۆی شیکردەوە. باسی پەیوەندی خۆی لەگەڵ فاتمە کرد. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی ئازادی ژن و ئایدۆلۆژیا و زیهنیەت لە ڕووی ڕێکخستنەوە شیکاری دەکرد. ڕێكخستنێکی چۆن دابمەزرێت، تاوەکو ژنان ئازادتر بن. چۆنیەتی دروستکردنی ڕێکخراوێک بۆ ئەوەی ژنان ئازادتر بن. ئەمە لە شۆڕشەکانی تردا ڕووی نەدا. هەم ڕێکخستنی ژنان و هەم ئیرادەی ژنان نەهاتنە دەرەوە، و بە هیچ شێوەیەک سەر بەو سیستەمە هاوسەرۆکایەتییش نەبوون. تەنها گۆڕینی ئایدۆلۆژیا و زیهنیەت بەس نییە. دەبێت فۆرمێک هەبێت بۆ ئەوەی ژنان بەشداری ژیان بکەن. دوای ساڵی ٢٠٠٠ ژن ئەزموونێکی مەزنی دەسکەوت. با سەرنج بدەینە ئەو ڕاستییەی، چ لەناو پەکەکە و چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ژنان وردە وردە لە ڕووی مەعریفەوە بەرەوپێشچوون. ژن توانی هەندێک بڕیار بدات. بۆ یەکەمجار لە کۆنگرەی شەشەمدا هەڤاڵان بوونە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە. هەڵبەت ئەمە بەس نەبوو. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕێبەرێتی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی خستە ڕۆژەڤ. لەو کاتەدا بەڕێز ئەحمەد تورک و ئایسەل توغلووک هاوسەرۆک بوون. لە ناو پەکەکەشدا تاقیکردنەوەی هاوسەرۆکایەتی هەبوو. تا ساڵی ٢٠٠٠-٢٠٠٥ ئەم گفتوگۆیانە بوونە ڕۆژەڤ. بەڵام ئەم سیستەمە لە ئەوروپاشدا هەیە. بۆ نموونە، لە پارتی سەوزدا. بەڵام تەنها هاوسەرۆکایەتی هەیە. لە سەرەوە بۆ خوارەوە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان نییە. لە دوای ساڵی ٢٠١٢ هەم لە باشور و هەم لە ڕۆژئاوا و پەیەدە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی پەیدابوو. لە ساڵی ٢٠١٤ ئەم سیستەمە لە ڕۆژهەڵات دامەزرا. ٢٠١٣ ئەم سیستەمە لەنێو کەجەکە پەیدا بوو. ڕێبەرێتی لە دوای ساڵی ٢٠١٥ گوتی نیوە بە نیوە، واتە لە سەدا پەنجا ژن و لە سەدا پەنجا پیاو. واتە شێوازی کۆتای پێشوو نەما. بەڵام تێگەیشتن بەقەد سیستەمەکە گرنگە. ڕاستە نیوەی ژن نیوە پیاون، بەڵام ژنان لە مەجلیسی ژناندا جێگەی خۆیان دەگرن. وەک نوێنەرایەتی، ئیرادەی ژنان دەبێتە هاوسەرۆک.

دەتوانین بڵێین هاوسەرۆک وەک وتەبێژی ژنە؟

ڕاستە، لە هەموو شتێکدا، بەتایبەت لە سیاسەتدا، هەموو بڕیارەکان لە لایەن یەک کەسەوە دەدرێت. یەک سەرۆک هەیە، هەموو شتێک گرێدراوە بەوەوە. ئیرادەی ژن و جڤاک نایەتە پێشەوە. دوای سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، لە کۆمۆنەکانەوە تا مەجلیس و تەعاونەکان و پارتەکان، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی هەیە. هەروەها ژنان بەشداری بڕیاردان دەکەن. ئەمەش بناغەیەک بۆ سیاسەتی دیموکراتیک دادەمەزرێنێت. ئەگەر ئیرادەی ژن و ڕێکخستنی ژنان و ڕوانگەی ژن نەبێت، سیاسەت دیموکراتیک نابێت.

گوتت ئەم سیستەمە لە سآڵی ٢٠٠٥ ـەوە تا ئەمڕۆ کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم سیستەمە چی لەگەڵ خۆیدا هێنا. ئەو ژنەی لە ماڵەوە ئەسیر کرابوو، ئەمڕۆ لە هەموو گۆڕەپانێکی ژیاندا جێی خۆیان دەگرن. چ ڕۆڵی دا بە ژن؟

وەک مێژوو ساڵی ٢٠٠٥ە، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٣ پراکتیزە کرا. لەم نێوەندەدا پراکتیزە هەبوو بەڵام یەکلایی نەبووەوە. لە سەرەوە بوو. تەنیا لە پارتەکەدا نەبوو بەڵکو لە مەجلیسی کۆمونیشدا بوو. بەڵام پراکتیزەکردنی ئەم بڕیارە خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکە. پیاو دەستوبرد ئەمە قبوڵ ناکات. چونکە پێنج هەزار ساڵە لە ڕووی سەربازی، سیاسی، ژیانەوە وەها فێر بووە. سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ڕووی ئایین و زانست و هتد. زیهنیەتێکی لەو شێوەیەی پێکهێناوە. پیاو فێری سەردەستی بووە. فێری ئەوە نەبووە کە لەگەڵ ژندا هاوبەشی بکات، لەگەڵیدا گفتوگۆ بکات. لەگەڵیدا بڕیار بدات. ئەمە بۆ زۆرێک لە پیاوان وەک مردن وایە. پیاو هەست بە سوکایەتی دەکات، وەک شکست دەیبینێت. بۆیە خستنە بواری پراکتیزەکردنی ئەم سیستەمە سەرکەوتنە. بێگومان مەزنترین سەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆیە. سەرکەوتنی ژنی کوردە. خەباتی ژنانی کورد متمانەی بە جڤاکی کورد بەخشیوە. لە مێژووی ئێمەدا نزیکایەتی ژنان بۆ گەل باشترە. سەردەست نییە، باشتر لە جڤاک تێدەگات، گوێی لێ دەگرێت، گفتوگۆ دەکات. ئەمە لە بواری سەربازیشدا هەیە، هەڤاڵە ژنەکانمان پێشەنگایەتی زۆر شۆڕشیان کردووە. بەنەڤش عەگال، زەکییە ئاڵکان و هتد. ڕێبەر ئاپۆ لەو ڕووەوە جڤاکی ئامادە کرد. دە ساڵ جڤاک لە بواری ئازادی ژندا ئامادە بوو، لێرەدا گۆڕانکاری و متمانە هاتە ئاراوە. سیستەمی هاوسەرۆکایەتی پێشتر لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پێشنیار کرابوو. پێی گوتین ئەم سیستەمە سیستەمێکی دیموکراتیکە. ئەگەر بمانەوێت سیاسەتی دیموکراتیک بچەسپێت، جڤاک دیموکراتیک ببێت، دەبێت لە سەرەوە بۆ خوارەوە سیستمی هاوسەرۆکایەتی بنیات بنێین. پێویستە ژنان بچنە ناو سیاسەتەوە. ڕەنگە لەم ساڵانەی دواییدا، لەبەر ئەوەی تێکۆشانی ژنان زیادی کردووە، بەشێک لە ژنان هاتوونەتە پێشەوە. بەڵام ئەمە تەنها لە سەرەوەیە. ئەگەر سیستەمێکی دیموکراتیک هەبێت، ژنان بەشداری بکەن، ڕێکخراوی هاوبەشی ژنان هەبێت، ژنان بڕیار دەدەن و هاوسەرۆکیش لەسەر ئەو بناغەیە کار بکات، ژنانی زیاتر لە لوتکەدا دەمێننەوە. زۆر جار ئەم ژنانە لاسایی پیاوان دەکەنەوە. لەبەرئەوەی جڤاکەکەمان متمانەی بە ڕێبەر ئاپۆ هەبوو، متمانەی بە ژن هەبوو، سیستەمە دامەزرا، هەڵبەت لەلایەن پیاوانیشەوە ئەم زەحمەتیانە سەریانهەڵدا. هەرچۆنێک بێت دەبێ بڵێم کە جڤاک بە خێرایی قبووڵی کرد. ناتوانین بڵێین گۆڕانی تەواو لە زیهنیەتدا ڕوویداوە. بەڵام هاوسەرۆکایەتی ژن قبوڵکراوە. متمانەی زیاتر بە ژنان هەیە. بەڵام لە لایەنی ژنانیشدا سەختی هەیە. هەزاران ساڵە ئەم کارانەی نەکردووە. بێ متمانەبەخۆبوون نزیک دەبێتەوە، هەندێک جار لاسایی پیاوان دەکاتەوە، هەندێک جار وەک دەسەڵاتدار خۆی پیشان دەدات. بەڵام هەموو ئەمانە جێگەی تێکۆشانە.

قاچێکی ئەم سیستەمە گۆڕانی پیاوە، گۆڕینی تێگەیشتنی سەردەستییە. پێت وایە پیاو ململانێی لەگەڵ ئەم سیستەمەدا دەستی بە تێکۆشان کردووە، دەستی بە گۆڕانکاری کردووە؟

من دەڵێم جیاوازییەکی گەورە دروست دەکات. لەوانەیە هەندێک زەحمەتی لە قبوڵکردنیدا هەبێت. بەڵام ئێستا ئەویش هەست بە ناچاری دەکات کە گۆڕانکاری ئەنجام بدات.

لە هەموو دامەزراوە کوردییەکان ئەم سیستەمە جێبەجێ کراوە. بەڵام وەک چۆن ژمارەکە بەسە بۆ جێبەجێکردن. ئەی چۆنایەتی گرنگ نییە؟

ڕاستە سیستەم دامەزرا، بەڵام چەندە ناوەڕۆکەکەیمان پڕکردۆتەوە. ژن و پیاو چەندێک بەپێی ئەم سیستەمە کاردەکەن، هەندێک کێشە لەم ڕووەوە هەیە. لە هەندێک شوێن سیستەمی هاوسەرۆکایەتی هەیە، بەڵام هێشتا پیاوان پێشەنگایەتی دەکەن. لە هەندێک شوێن پیاوەکە ژنی هاوسەرکردە وەک هاوکار دەبینێت نەک وەک هاوبەشێک. ڕەنگە بە قسە نەگوترێت، بەڵام بە کردەوە بەم شێوەیە دەردەچێت. گرنگ ئەوەیە کاتێک سیستەمێک دروست دەکەیت دەبێت پڕی بکەیتەوە. لە زۆر شوێن ئەزموونی ژنان زیاترە لە ئەزموونی پیاوان لە ڕووی فیکر و ڕێکخستن و ئایدۆلۆژی و ژیانەوە. پێشڕەوترە، ئازاترە، باشتر جڤاک دەناسێت، چالاکە. واتە هەنگاو بە هەنگاو پێشکەوتن بەدی دەکرێت. بەڵام پێویستە لە ڕووی زیرەکی و تێگەیشتن خۆیان باشتر بکەن. هەندێک جار لە لایەنی ژنانیشەوە کێشە دروست دەبێت. کاریگەری سیستەمی سەرمایەداری هەیە. دەیەوێت هەمان شتی پیاو بکاتەوە. ئامانجمان گۆڕینی شێواز و ڕەنگی سیاسەتە. ئێمە دەمانەوێت سیاسەتێکی نوێ و دیموکراتیک بنیات بنێین. سیستەمێکی کۆڵەکتیڤ دروست بکەین. ژن و پیاو پێکەوە کار بکەن، گفتوگۆ بکەن. هەندێک جار کەموکوڕی هەیە، بەڵام ئەمە جێگەی تێکۆشانە. هەزاران ژن لە ڕێگەی کۆمۆن و مەجلیسەکانەوە پەیوەندییان بە سیاسەتەوە کردووە. بۆ ماوەی ٥ هەزار ساڵ ژن لە ماڵەوە دەهێڵدرایەوە. کە دەچووە دەرەوە کاری کرێکاری دەکرد. بە پارەیەکی زۆر کەم کاری دەکرد. لە هیچ شوێنێکی ستراتیژیدا نەبووە. بەڵام ئەم سیستەمە هاوسەرۆکایەتییە گەشەسەندنی خوڵقاند، جڤاکێکی پێشکەوتوو، سیستەمێکی پێشکەوتوو و دیموکراتیکی ئافراند.

لە ئەوروپا لەژێر ناوی نوێنەرایەتی یەکسان ژنان وەک کۆتا دادەنرێن. ژمارەی ژنان زۆرە. بەڵام خەبات چۆن دەکرێت. ژنان چۆن ڕێکخستن دەکەن؟ بۆ نموونە، لە زۆر وڵاتی ئەوروپا، خۆکوشتنی ژنان زۆرە.

دەڵێن ئەوروپا پێشکەوتووترین شوێنە. هەرچەندە پێشکەوتن هەیە، بەڵام پیاو لە پێشە. لەوانەیە چەند ژنێک لە کۆبوونەوە و کار و چالاکییە دیموکراتیکەکاندا هەبن، بەڵام لە بنەڕەتدا پیاو بە بناغە دەگیرێت. لە شکڵدا ژن دەدوێت. بەڵام لە بناغەدا ڕێکخستنی ژنان نییە. ئەوروپا ئازادی لە تاکدا دەبینێت. ئازادی ژن و ئازادی جڤاک نابینێت. ئەگەر هەموو ژنان لە جڤاکدا ئازاد نەبن، ئەگەر خۆکوشتن ئەوەندە زۆر بێت، ئەوە مانای ئەوەیە کە مانایەکی زۆر کەم لە ژیاندا هەیە. لە سیستەمی ئەوروپیدا هەبوونی ژن وەک فۆرمێک ماوە. سیستەمی ژنان، ڕێکخستنی ژنان نییە. هەندێک لە ژنان هەرگیز گوێ لە ڕێکخراوەکانی ژنان ناگرن. بەپێی بڕیارەکانی ناتۆ، دەوڵەتەکانیان کاردەکەن. بە گوێرەی جڤاکەکەیان ڕەفتار ناکەن. ناتوانین بڵێین هەموو ژنان بەم جۆرەن، بەڵام کەم ژن جڤاک بە بناغە دەگرێت. ئەمەش فێڵێکە. بە ژن دەڵێن "بڕوانن، ژن ئازاد بووە، دەتوانێت ببێتە سەرۆک وەزیران. واتە پێویست ناکات ئێوە تێکۆشان بکەن و ڕاپەڕن و داوای مافی ژنان بکەن. ژن دەتوانێت ببێتە هەموو شتێک". بەڵام لە ڕاستیدا، لەوێ بەجڤاکبوون نییە.

ئەم سیستەمە هاوسەرۆکایەتییە چۆن لە جیهاندا دەرکەوت؟ ئایا پەیوەندیتان لەگەڵ ژنانی جیهان هەیە یان ژنان ئەم سیستەمە دەکەنە مۆدێلی خۆیان؟

ژنان و جڤاک بە سەرنجەوە دەڕوانن. زۆر کەس دەیانەوێت ئەو نموونەیە بگرنە بەر. زۆرێک لە ژنانی ڕێکخراوەکانی تر لێمان دەپرسن چۆن ئەم سیستەمەتان دروست کرد؟ ئێمە هەرچی دەکەین پیاوان ئەم سیستەمە قبوڵ ناکەن. واتە گەڕانی ژنان زۆر بەرزە. مرۆڤی ئازادیخواز، دیموکراتیک دەیانەوێت پەرە بەم سیستەمە بدەن. زۆر بە مەراقن لەم ڕووە. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم سیستەمە ترسێکی مەزن لای دەوڵەت-نەتەوەکان دەخوڵقێنێت. لە ڕووی زیهنیەتەوە دژی ئەم سیستەمە کار دەکەن. ئەوەندەی ئێمە سیستەمەکە پەرە پێدەدەین، دەوڵەت دژی ئێمە کاردەکات. زۆر جار پیاوان هاوپەیمانی خۆیان لەگەڵ یەکتر بەهێز دەکەن، دەوڵەت هاوپەیمانی خۆی لە دژی ژنان بەهێزتر دەکات. بۆ نموونە لە مافی لەباربردنی منداڵدا، هەندێک جار ماف دەدەن و هەندێک جار ڕێگری لێدەکەن. بۆ نموونە تورکیا لە پەیمانی ئەستەنبوڵ پێشەنگی گرت، بەڵام دواتر لەگەڵ وڵاتانی دیکە گفتوگۆی کرد و کشایەوە. تا ئازادی لەنێو جیهاندا پەرە بسێنێت، تا ئێمە وەک تەڤگەری کوردی زیاتر ئەم سیستەمە بەهێز کەین، هێرشی زیاتر دەکرێت.

ئاخۆ سیستەمی سەرمایەداری شەڕێکی تایبەت بەڕێوە دەبات بۆ لەناوبردنی ئەم سیستەمە؟

بێگومان. سیستەمی پیاو بەم ڕەنگە کاردەکات. هەمیشە لەسەر بنەمای یەک کەس خۆی بنیات ناوە. کاتێک سیستەمێکی تر بەرامبەر خۆی دەبینێت، یان پیاوێک ببێتە هاوسەرۆک، بە چاوی سووک سەیری ئەوانی دیکە دەکات. بێگومان شەڕی تایبەتیش هەیە. دژە پڕوپاگەندەی سیستەمەکەمان دەکات. سیستەمی ئێستا نایەوێت ژنان لە سیاسەت و سەربازیدا جێگەی یەکسانیان هەبێت. لە نێو ئێمەشدا هەن. ئێمە لە ناوخۆدا چ لە هەم بەرامبەر هەڤاڵە پیاوەکانمان، هەم بەرامبەر دەوڵەت، هەم بەرامبەر پاشڤەڕۆیی جڤاک، هەم بەرامبەر زیهنیەتی ٥ هەزار ساڵە، تێدەکۆشین. خاڵی سەرەکی چییە؟ ئەگەر ژنێک لەناو خۆیدا خۆی بەباشی ڕێکبخات، زیهنیەتێکی ئازاد بنیات بنێت، هەڤاڵێتی ڕاستەقینەی ژن دروست بکات، ئەوا دەتوانێت بەرامبەر سیستەمی دەسەڵات، بەرامبەر هەڤاڵە پیاوەکانی، بەرامبەر دەوڵەتەکان تێبکۆشێت. ئەمە تێکۆشانێکی قووڵ و فرەلایەنەیە.

تێگەیشتن و زیهنیەت سەرەتا لە خێزانەوە دەگۆڕێت. دەتوانن لەم بارەیەوە چ بڵێن؟

وەک تەڤگەری ژنانی کورد دەمانەوێت گۆڕانکاری لە خێزان و جڤاکدا بکەین. بنیاتنانی خێزان و جڤاکێکی نوێ و دیموکراتیک. ئەم مۆدێلە هاوسەرۆکایەتییە مۆدێلێکی سیاسییە، بەڵام لە هەمان کاتدا مۆدێلێکی جڤاکیشە. لە خێزاندا دەگوترێت پیاو سەرۆکی ماڵە. هەموو منداڵ و ژنەکان هی ئەم پیاوەن. سیستەمی خێزانیش لەسەر ئەم بناغەیە بنیات نراوە. ئێمە دەمانەوێت مۆدێلێکی نوێ بە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی دروست بکەین. مۆدێلێک کە ژن و پیاو بتوانن بە ئازادی کار بکەن. پێکەوە بڕیار لەسەر ژیان و سیاسەت بدەن. پێویستە لە خێزاندا ژن و پیاو بە شێوەیەکی دیموکراتیک لە یەکتر نزیک ببنەوە، یەکسان بن. خێزان هی پیاو نییە. هەموو کەسێک مافی هەیە. پێویستە گوێگرتن لە یەک، گفتوگۆکردن، خۆشەویستی یەکتر و بەهێزکردنی یەکتر هەبێت. بەڵام پێویستە هەمووان بۆچوونێکی ئازادیان هەبێت. کاتێک ئێمە سیاسەتێکی دیموکراتیک بنیات دەنێین، کاریگەری لەسەر ماڵ و ژیانیش دەبێت. پێشتر پیاو سەرۆکی ماڵ بووە، بەڵام ئەمەش بە زیهنیەتێکی نوێ دەشکێت. ئەم سیستەمە کاریگەری زۆری لەسەر ژیان هەیە. ڕێبەرمان ئەم سیستەمەی نەک تەنها بۆ کوردستان بەڵکو بۆ هەموو جیهان پێشنیار کرد. بەم شێوەیە دەتوانین هەموو ژیان دیموکراتیک بکەین.