دەربڕینی پەشیمانی بەسەر زەینەب جەلالیاندا سەپێنرا

زەینەب جەلالیان کە ١٦ ساڵە لە ئێران زیندانی کراوە، بە کەلەپچەکراوی لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا و دەربڕینی پەشیمانی بەسەر سەپێنرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاگەیاندراوێک ئاشکرای کرد، هەفتەی ڕابردوو بەرپرسانی ئێران بەشێوەی کەلەپچەکراوی لێپرسینەوەیان لە زەینەب جەلالیان کردووە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: "زەینەب جەلالیان بە کەلەپچەکراوی لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە، بۆ ئەوەی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت، دانپیانانی زۆرەملێ و دەربڕینی پەشیمانی بەسەردا سەپێنراوە". ڕاگەیاندراوە، تاوەکو زەینەب جەلالیان ئەم مەرجانە قبووڵ نەکات، لە هەموو مافە سەرەتاییەکان و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەش دەکرێت.

لە شاری ماکۆ، زیندانی سیاسی کورد، زەینبە جەلالیان لە ٢٦ ی شوباتی ٢٠٠٨ خرایە زیندان و بڕیاری زیندانی هەتا هەتایی بەسەر سەپێنرا. زەینەب ٢ ساڵ و ٨ مانگە لە هەموو مافێک بێبەشکراوە، لە زیندانی یەزددا ڕاگیراوە. زەینەب جەلالیان تووشی چەندین کێشەی تەندروستی بووە، وەک خراپی بینین و تەنگەنەفەسی و گورچیلە و سیستەمی هەرسکردن. ڕێگەنادرێت خزمەتی تەندروستی وەربگرێت و چارەسەر بکرێت.