دەرهێنەر بەهارە لالەیی لە زیندان کوژرا

دەرهێنەر بەهارە لالەیی لە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" گیرابوو، لە زیندان کوژرا و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی بەخاکسپێردرا.

دەرهێنەری سینەمایی بەهارە لالەیی لە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" پاش کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئێران، خرایە زیندان، لە زیندان کوژرا و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی بەخاکسپێردرا.

بەهارە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە سەروەختی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ دەستبەسەرکرا، لە ساڵی ٢٠٢٣ دیسانەوە دەستبەسەرکرا و خرایە زیندان. پاش چەند مانگ لە دەستبەسەکردنی هیچ زانیاریەک لەبارەیەوە نەبوو.

هەموو هەوڵ و سەردانەکانی خێزانەکەی بۆ چەندین دامەزراوەی دەوڵەت بۆ زانینی ڕەوشی کچەکەیان، بێ ئەنجام بوو.

"با کوشتنەکەی ڕوون بکرێتەوە"

ئینستیوتی کورتەفیلمی خانەی سینەمای ئێران داوای لە حکومەت کرد دەربارەی مردنی گوماناویی بەهارە لالەیی لێدوانێکی بەپەلە بدات.

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی لە زیندان، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئینستیوتی کورتەفیلمی سەر بە خانەی سینەمای ئێران، داوای ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکەی کرد، ئینستیوتەکە لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی گوتی: "سەرەخۆشی لە ئەندامانی خانەی سینەمای ئێران و جڤاتی کورتەفیلمی ئێران دەکەین. داوا دەکەین لێکۆڵینەوە ڕوون لەسەر ئەم ڕووداوە بەئازارە بکرێت".