فەرماندەی یەپەژە دلبرین کۆبانێ: بەڵێنمان بە ژنان داوە

فەرماندەی یەپەژە دلبرین کۆبانێ گوتی: "ئێمە بەڵێنمان بە ژنان داوە، باجەکەی هەرچی بێت، پاشەکشە ناکەین".

فەرماندەی یەپەژە دلبرین کۆبانێ ڕایگەیاند تا ئێستە سازشیان لە پاراستنی جڤاک و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی دژە ژن نەکردووە، گوتی ئەم هەڵوێستە بەردەوام دەبێت.

فەرماندە یەپەژە دلبرین کۆبانێ وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

یەپەژە چۆن گوزارشت لە تێکۆشانی دەکات دژی زیهنیەت و سیستەمی پیاو هەژموونخواز؟

هەردەم هێرش لە دژی سیستەمی دادپەروەری و جڤاکی ژنان هەبووە. بۆ شکاندنی ئیرادەی ژنان و زەوتکردنی ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان بەدەستیان هێناوە، پەنا براوەتە بەر چەندین شێوازی جیاوازی توندوتیژی. هێرشی سەرەتایی بۆ سەر ژن بە شێوازی شەڕی تایبەت ڕوویدا. شەڕێکی توندی سایکۆلۆژی ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی ژن بێدەسەڵات بمێنێتەوە. بێگومان لە بەرامبەر ئەم هێرش و توندوتیژییە، بەرخۆدان و تێکۆشانی مەزنی ژنان هەبووە. قوربانی زۆریش دراوە. تێکۆشانی ژنان لەدژی زیهنیەتی هەژموونگەرایی و زیهنیەتی پیاوسالاری هەرگیز تاکلایەنە نەبووە. پڕۆسە و مێژوویەکی مەزنی تێکۆشانی جەستەیی و ئایدیۆلۆژی و سایکۆلۆژی و جڤاکی هەیە. هەرگیز سنوور و پێوەرەکانی شەڕ دژی ژنان نەبووە. زیهنیەتی پیاوسالاری پەنای بۆ هەموو شێوازەکانی شەڕ و نزیکایەتییەکی نامرۆڤانە دژ بە ژنان بردووە. سیستەمی پیاوسالاری بە شێوەیەکی سیستماتیک هێرشی کردووەتە سەر ژنان بەجۆرێک کە ژنانی لە جەوهەری خۆیان نامۆ کردووە. لە ڕاستیدا ئامانجی سەرەکی زیهنیەتی پیاوسالاری، دوورخستنەوەی ژنە لە جەوهەر و ناسنامە و مێژووی خۆی. ئەمەش ساڵانێک و تەنانەت چەندین سەدە بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕێکخراو و ئەنقەست بەردەوام بوو. ئەم پرۆسەیە لە ماوەیەکی کورتدا پێکهات. بێگومان ژنان هەمیشە دژی ئەمە بەرخۆدانیان کردووە.

سیستەم پەنا دەباتە بەر هەموو ڕێبازێک

سیستەم جارێک بە ناوی ئایین و جارێک بە ناوی بیروباوەڕ و نەریتی جیاوازی جڤاک ئەم کارەی دەکرد. بۆئەوەی لەڕووی جەستەیی و لەڕووی سایکۆلۆژییەوە ژنان کۆنتڕۆڵ بکات، پەنای بۆ هەموو ڕێبازە قێزەونەکان برد. ئەمەش تا ئەمڕۆ بەردەوامە. ئێستاش لە زۆر شوێندا زیهنیەتێک هەیە کە بە هەموو شێوەیەک ژن دەچەوسێنێتەوە. ئەمە هەندێک جار لە جڤاکدا ڕوودەدات، هەندێک جار لە سیستەمی دەوڵەتدا ڕوودەدات، واتە ئێمە ڕۆژانە ئەم ڕاستییە دەبینین و شایەتحاڵین. هەزاران نموونەی هێرشکردنە سەر ژنان بەناوی شەرەفەوە هەیە. تاکە شتێک کە ئەو سیستەمەی پیاو ئافراندوویەتی، ڕیسواکردنی ژنانە. هەروەها پیاوەکان خۆیان ئەم سیستەمەیان ئافراندووە و تا ئەمڕۆش لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێت.

بۆ هێنانەدی نەوەیەکی ناهۆشیار کاردەکات

 لە ڕاستیدا ئەم سیستەمە تەنیا زیهنیەتی هەژموونخوازییەکەی دژی ژنان جێبەجێ ناکات. پیاوان ئەمڕۆ هەمان کار دژی ڕەگەزی خۆیان دەکەن. بە واتایەکی تر زیهنیەتی دەسەڵات و هەژمونگەرایی نەک هەر ژن بەڵکو پیاویش لاواز و کۆیلە دەکات. ئەمە لە هەموو شەڕەکانی ئێستادا دەبینین. ئەگەر توخمەکانی وەک ئەخلاق و ویژدان و دادپەروەری لە سیستەمەکەدا جێی نەکرێتەوە، کەس ناتوانێت ئازاد ببێت. ئەم سیستەمە کە بە دەستی پیاوان ئافرێنراون، ئەمڕۆ خودی پیاوان بێ ئیرادە و لەناودەبات. ئەوان دەیانەوێت نەوەیەکی ناهۆشیار بئافرێنن. ئەمەش لە ڕێگەی شەڕی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت. ئەوان لەڕێگەی بە ئامانجگرتنی ژنان و گەنجانەوە کە بناغەی جڤاک پێکدەهێنن، هەوڵ دەدەن داهاتووی جڤاک لەناوببەن.

دەیانەوێت جڤاکێکی بێ پاراستن دابمەزرێنن

جڤاکێک کە لە ڕاستییەکانی دوور کەوتبێتەوە، لەلایەن هەموو کەسێکەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاردەهێنرێت، یان هەموو سیستەمەکە بەگوێرەی خواستەکانی ئەو جڤاکە دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. هێشتا دەیانەوێت کۆمەڵگایەکی بێ پاراستن بئافرێنن، ئایا دەکرێت مرۆڤ بێ پاراستن بژی؟ سیاسەت و سیاسەتی شەڕی تایبەت لەمڕۆدا وەک گەورەترین چەک لەدژی جڤاکەکان بەکاردێت. لە بەرامبەر ئەمەدا بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی ژنان. پێویستە تێکۆشانێکی بەردەوام لە دژی ئەم سیستەمە بەڕێوە بچێت. ئێمە وەک یەپەژە دژی ئەم زیهنیەتە شەڕ دەکەین. ئێمە دژی سیاسەتی شەڕی تایبەتی ئەوان کە جڤاک دەکاتە ئامانج، بەرخۆدان دەکەین.

یەپەگە کە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا خۆی ڕێکخست، کاریگەری لە شەڕی دژی داعشدا زۆر بوو، یەپەژە ئەم ئەزموونە سەربازییەی چۆن بەدەستهێنا و پێشی خست؟

پێویستە ئێمە یەپەژە وەک ڕاستییەک کە لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا و لە ساڵانی ڕابردوودا سەریهەڵداوە، نەنرخێنین. یەپەژە مێژوو و میراتێکی مەزنی هەیە. یەپەژە خۆی لەسەر مێژوویەک بنیات ناوە کە لە ئەنجامی هەوڵ و قوربانیدانی زۆرەوە سەری هەڵداوە. پێویستە ئێمە یەپەژە وەک هێزێکی سەربازی نەبینین. هەروەها یەپەژە هێزێکی سەربازییە و ئەمەش زۆر گرنگە. ئەگەر جڤاکەکان هێزی بەرگرییان نەبێت، بەرگە ناگرن، لەم ڕووەوە یەپەژە هێزێکی پاراستنە. دیسان خۆ بنیاتنانی ژنان لەسەر بناغەی جەوهەری مێژووی خۆیان لە سایەی بەهاکانی ڕەنج و تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ بەدیهاتووە. ڕێبەر ئاپۆ لە فەلسەفە و پارادایمەکەیدا مێژوو و ڕاستی ژنی دیسانەوە دەرخستۆتەوە کە نکۆڵی لێ دەکرا و بووەتە هۆی ئەوەی ژنان خۆیان بنیات بنێن. هەروەها یەپەژە لەسەر بناغەی ئەو پرەنسیپانە خۆی بنیات ناوە و وەک هێزێکی پاراستن نەک تەنها لە بواری سەربازی، بەڵکو دژی هێرشەکانی سەر ژنان و جڤاک تێدەکۆشێت و هەوڵدەدات فیکر و زیهنیەتی باڵادەست بگۆڕێت.

ژنان گرێدراوی مێژوو و جەوهەر و خاکی خۆیانن

وەختێک داعش ڕووی ترسناکی خۆی بۆ هەموو جیهان نیشان دەدا، یەپەژە بە بوێرییەکی زۆرەوە بەرامبەری شەڕی کرد. ژن گرێدراوی مێژوو و جەوهەر و خاکی خۆیەتی. هێرشەکان چەندە دژوار بن، هیچ کەسێک ناتوانێت دژی خواستی ئازادی ژنان بوەستێت و سەرکوتی بکات. توانیان هەموو دەرفەتەکان بۆ خۆڕێکخستن بەکاربهێنن. هەروەها یەپەژە خۆی لەسەر ئەو ڕاستییانەی ژنانە بنیات ناوە. بۆیە یەپەژە ئازایانە ڕووبەڕووی داعش بووەوە و شەڕی لەگەڵدا کرد، بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی ئەمەی وەک ئەرکی خۆی بینی. پێویستە ئەمە بە شتێکی ئاسایی نەزانرێت. بەرامبەر ئەو زیهنیەتەی سەدان ساڵە ژن مەحکوم دەکات و لە کایەکانی ژیانیاندا دووریان دەخاتەوە، بەرخۆدان و تێکۆشان دەکات. یەپەژە بەم ڕۆحە فیداکارییە شەڕی کرد. لەو ڕووەوە ئێمە وەک یەپەژە بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لە ئەستۆ گرتووە و خاوەنداری لێ دەکەین. تا ئێستا سازشمان لە ئامانجی پاراستنی جڤاک و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەت و سیاسەتەکانی دژ بە ژنان نەکردووە. ئێمە گرێدراوی ئامانجی خۆمانین. ئێمە بەڵێنمان بە ژنان داوە، باجەکە هەرچییەک بێت، دەست لە تێکۆشانمان هەڵناگرین.

نوێ دەکرێتەوە...