فەرماندەیی یەژەشە: ٨ی مارس ناسنامەی بەرخودانی ژنانە

یەژەشە بە بۆنەی ٨ی مارسەوە سەرجەم شەهیدانی ئازادی بەبیرهێنایەوە و رایگەیاند: "٨ی مارس ناسنامەی بەرخودانی ژنانە. ئێمە وەک ژنانی ئێزدی بەڵێن دەدەین هەموو رۆژێک بە پێشەنگایەتی ژنان ، پەرە بە تێکۆشانمان بدەین".

فەرماندەیی یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە) بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنانی رەنجدەر و تێکۆشەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. فەرماندەیی یەژەشە رایگەیاند: "ژنان لە رێگەی ئەو زانستەی پێیدەگەن، بە هەستی ویژدانی خۆیان، بە وردبینی ئەقڵی خۆیان، بە کۆمەڵایەتیبوونی خۆیان و بە تێکۆشانی بێهاوتایان داهاتووی ئازاد دەهۆننەوە و دەینەخشێنن".

راگەیەندراوەکەی یەژەشە بەم جۆرەیە:

"لە سەرەتادا ٨ی ئادار لەو کەسەی ئێمە لە فەرمانی گەورە رزگارکرد، رێگەی ئازادی بە ئێمە نیشاندا و رۆحی بەرخودانی بە ئێمە بەخشی، واتە لە رێبەری مرۆڤایەتی رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین. ئێمە ئەوانەی لەپێناو ئەوەی پێشەنگایەتی ژنان سەربکەوێت، بە رۆحی ژنی ئازاد شەڕیان کرد، لە کەسایەتی لەیلا، دۆغا، ئاخین، سورخوێن، ئامارگی، فەراسین، بێریڤانەکان هەموو شەهیدانمان بە رێزەوە یاد دەکەینەوە. هەروەها لە سەرتاسەری جیهان ئەو ژنانەی بۆ ئازادی تێدەکۆشن، بە تایبەتی دایکە خۆڕاگرەکانمان، هاوڕێیانمان لە سەنگەرەکاندا کە بە رۆحی ئاپۆیی دەجەنگن، لە هەموو هاورێیانمان پیرۆز دەکەین. ئەو تێکۆشانەی کلارا زێتکین دەستیپێکرد، ئەمرۆ لە رێگەی بە پارتیبوونی ژنان و بە سوپابوونی ژنانەوە درێژە بە خۆی دەدات، سڵاو لە سەرجەم بزوتنەوە ئازادیخوازانەکانی ژنان دەکەین و پیرۆزبایی ئەم رۆژەشیان لێدەکەین.

٨ی مارس لە بەرامبەر سەرکوت، هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، کوشتن، تاڵان، رۆشتن و هەموو مامەڵەیەکی خراپ، بۆ ژنان دەبێتە رۆژی سەرهەڵدان و راپەرین. بۆ ئازادی رۆژێکی واتادارە. لەو رۆژەوەی راگەیەندراوە تا ئەمڕۆ بووەتە رۆژی بەرخودان. رێبەر ئاپۆ بە لێپرسینەوە لەوەی 'بۆچی تەنیا رۆژێک بۆ ژنان دیاریکراوە، بۆچی هەموو رۆژێک بە رەنگ و پێشەنگایەتی ژنان نەبێت؟' بەم جۆرە روخساری ئەم رۆژەی گۆریوە و واتایەکی جیاوازی بە بەر ئەم رۆژەدا کردووە. بەتایبەتی لە رێگەی بەرەوپێشبردنی ژنەوە هەموو رۆژێک بە شێوە و رەنگی ژنانەوە رازاندووەتەوە و هەموو رۆژەکانی بە کولتوری بەرخودانەوە پڕ کردووە.

کاتێک مرۆڤ لەمرۆ دەڕوانێت، بزوتنەوەکانی ژنان بە ئیرادە، بە رێکخستنکراو، ئەوانەی دەزانن خۆیان بپارێزن و شێوازی تێکۆشانی بەهێز و بەردەوام بەدی دەکات. راستی ژن کە مێژووی دەسەڵاتداری گۆڕیوە و مێژووی ژنی ئازادی نوسیوەتەوە، هاتوەتە ئاراوە. لە رێگەی ئەو بەرەوپێشچوونانەوە زانستی ژن، ئیرادەکەی، هەستی ئەو، ئەندێشەی ئەو، جوانبوونی و ئەخلاقی سەرلەنوێ دیزان و داڕشتنەوەی بۆکراوە. ژن لە رێگەی ئەو زانستەی پێی دەگات، بە هەستی ویژدانی خۆی، بە وردبینی ئەقڵی، بە کۆمەڵایەتیبوونی خۆیەوە، بە تێکۆشانی بێهاوتای خۆیەوە داهاتووی خۆی دەهۆنێتەوە و دەینەخشێنێت. کەمێکیش بێت ئەو ژنانەی چاویان بە ئازادی پشکووتووە، ئیتر لە بەرامبەر هەموو جۆرەکانی دڕندەیی بێچارە و دەستەوەستان نین. ئەو ژنەی کە تەنیا دەگریت، سکاڵا دەکات، تەنیا هاوی خۆی دەگەیەنێتە هەندێکان، چاوەڕوانە و هەموو ستەمەکان وەک چارەنووس قەبوڵ دەکات، ئیتر نامێنێت. ئەوەش هیوا و بڕوا بە ئێمە دەبەخشێت.

ئەمڕۆ لە چ لایەکی جیهانیس بێت، ئەو ژنانەی هاوپەیمانی ئازادییان سازکردووە بەیەک دەگەن. ئەوە بەرەوپێشچوونی هێز و وردەی هەموومانە. بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ٨ی مارس ناسنامەی بەرخودانی ژنە، هەموو ژنانی ئازادیخواز  لەم رۆژەدا بەدەوری یەکتر کۆدەبنەوە. بۆ ئەوەش ئەمڕۆ دەنگی هەموو ژنان پێکەوە بەرز دەبێتەوە و لەپێناو ئازادیدا بە یەک دەنگ هاوار دەکەن. بۆیەش ئێمەی ژنانی ئازادیخواز بە بڕیارداری تێکۆشانێکی بەهێزتر پێشوازی لە ٨ی مارسی ئەمساڵ دەکەین.

وەک ژنانی ئێزدی بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا ئێمە گەیشتینە واتای ئەم رۆژە و ئەمرۆ بە کولتوری زانستی رەگەزی و کولتوری بەرخودان ئەم رۆژە پیرۆز دەکەین. ئیتر بەلای ئێمەوە ئازادیی واتایەکی زۆر گەورەی هەیە. لەبەر ئەوەی ئەو کەسانەی لەپێناو ئازادیدا گیانیان بەخشی، واتای ئازادییان یەکجار بەرزکردەوە. لەم سۆنگەیەوە جارێکی دیکە بە رێزەوە بەژنی خۆمان بەرامبەر بەو کەسانە دادەنەوێنین کە لەپێناو ئازادیدا شەهید بوون. ئەوانەی لە زیندانەکاندا، لە لوتکەی شاخەکاندا، لە کێڵگەکاندا، لە کارگەکاندا، لە شەقام و کۆڵانەکاندا، هەموو شوێنێکیان گۆریوە بۆ گۆڕەپانی بەرخودان، سڵاو لە چالاکییە بەنرخەکانیان، لە ئازایەتیان دەکەین. ئێمە وەک ژنانی ئێزدی، ئەو ژنانەی لەسەر ئەرکی خۆپاراستنی جەوهەرین، بەڵێن دەدەین کە هەموو رۆژەکان بکەینە رۆژی پێشەنگایەتی ژن و بەو هیوایەی کە لە گەڵ رێبەرایەتیمان بژین، بە هەموو هێزمانەوە تێدەکۆشین".

هـ . ب