گردبوونەوەی ٨ ی ئادار لە ئەدەنە و ئەنتاڵیا

ژنان لە ئەدەنە و ئەنتاڵیا ڕژانە گۆڕەپانەکان، پەیامدرا "ئێمە بە ناڕەزایەتیەکانمان هەژار و شەڕ و توندوتیژی پیاو-دەوڵەت و پاشڤەڕۆیی و جیاکاری و هۆمۆفۆبیا و سیستەمی چەوسانەوە لەناودەبەین".

پلاتفۆرمی ژنانی ئەدەنە بەبۆنەی ٨ ی ئادارەوە بە درووشمی "جیهانێکی یەکسان و ئازاد و دادپەروەر و خاڵی لە توندوتیژی و شەڕ بونیاد دەنێین" ڕێپێوانێکی ئەنجامدا، پاشان گردبوونەوەی ژنان ئەنجامدرا.

لە گردبوونەوەکە پەرلەمانتاران و کاندیدانی شارەوانییەکانی دەم پارتی و دایکانی ئاشتی و خزمی زیندانیان بەشداربوون، تێیدا سڵاو لە بەرخۆدانی زیندانیانی مانگرتوو لە خواردن کرا و درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.

لە گردبوونەوەکەدا ناڕەزایەتی دەربڕا بەرامبەر سیاسەتی دژ بە ژنان و سیاسەتی نکۆڵی و بنبەست و شەڕ بەرامبەر پرسی کورد، هەروەها تیشکخراوەتە سەر هەڵگیرسان و بەردەوام شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەمەش قەیرانی ئابووری قووڵتر کردۆتەوە، ڕەوشی کرێکار و گەل و ژنان تا دێت خراپتر دەبێت، هەروها ڕایانگەیاند، ئەوان ئاشتیان دەوێت، نەوەک شەڕ.

هاوکات هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا شەرمەزارکرا و دووپاتکرایەوە کە جیهانێکی ئازاد بونیاد دەنێن.

ئەنتاڵیا

بە هەمانشێوە پلاتفۆرمی ژنانی ئەنتاڵیا ڕێپێوانێکیان ڕێکخست و پاشان لە گۆڕەپانی جمهوریەت ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە.

لە گردبوونەوەکەدا ڕاگەیاندرا بە زمانی کوردی و تورکی خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەپێی ڕاپۆرتەکان ژنان بەزۆری لەلایەن خزم و کەسانی نزیکیانەوە دەکوژرێن، بەزۆری لە ماڵەکانیاندا دەکوژرێن، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بە هیچ جۆرێک ڕێگر نییە لەم کارەساتە، بەڵکو هەوڵدەدات ژن لەنێو ماڵەکاندا بهێڵێتەوە، ئێمەش دژی ئەم سیاسەتەی دەسەڵات تێدەکۆشین.

گردبوونەوەکە بە مۆسیقا و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.