گوڵستان گولۆ: سووریای نوێ دەبێت نوێنەرەوەی یەکسانی بێت

گوڵستان گولۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند؛ "بۆ ئێمە هێڵێکی سوورە، دەبێت مافی ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا بپارێزرێت و نوێنەرایەتی لەسەدا ٥٠ پێ بدرێت."

کۆنگرە ستار

گوڵستان گولۆ ئەندامی کوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە چاوپێکەوتنێکی دا لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، سەبارەت بە ڕەوشی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و هەروەها سیاسەتەکانی حکومەتی نوێ هەتەشە لەبارەی ژنان هەڵسەنگاندنی کرد.

گوڵستان گولۆ سەبارەت بە هەتەشە ڕایگەیاند، هەتەشە ڕێکخراوێکی جیهادییە، بۆیە لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەکوو سووریا نیگەرانی هەیە و وتی: "بە باوەڕی من هێشتا لەوە دڵنیام نیم کە بتوانێت خاوەنداری لە گەلانی سووریا بکات و سووریای نوێ بەڕێوە ببات، مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا مۆدیلێکی نموونەیە لە جیهاندا، بەڵام ئێستا لە سووریادا لە ئاستێکی باڵادا ناکۆکیەکان زۆرن، داهاتووی گەل چی بەسەر دێت، ئەو مۆدێلەی کە هەتەشە لە ئیدلب بەکاری دەهێنا ئایا لە سووریا جێبەجێ دەکرێت یان نا، هەموو ئەمانە جێی پرسیارن چونکوو سەرجەم ئەو کەسانەی پێشتر لە ئیدلب دەسەڵاتیان بە دەستەوە بوو لە لایان دەوڵەتی تورکەوە پشتیوانی و بەڕێکخستن دەکران، ئێستا هەمان کەسان لە ئیدارەی نوێدا ئەرکدار کراون. 

گوڵستان گولۆ ئاماژەی بە هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دا و وتی، دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە ڕێگەی چەتەکانەوە پلانەکانی عوسمانی نوێ جێبەجێ بکات و وتی: "هەتەشە لە کاتێکەوە ڕژێمی بەعس ڕووخاوە هێرش دەکاتە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەم هێرشانە جارێکی دیکە نیشاندەری ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکە. داگیرکەران دەیانەوێت سوود لە بۆشایی سووریا وەربگرن و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیر بکەن. بەڵام ڕووبەڕووی بەرخودانی گەل و شەڕڤانان بووەتەوە. دەوڵەتی تورک کە نەیتوانی بە ڕێگەی چەتەکانیەوە تشرین داگیر بکات، دەستبەجێ سەرباز و کەرەستەی سەربازی خۆی هێنایە ناو شەڕەکەوە و ئەمجارە هێرشی کردە سەر هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەیەوێت ئیرادە ودەستکەوتەکانی گەل لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناوببات و ڕێگە نەدات مۆدێلێکی دادپەروەرانە و دیموکراتیک لە سووریا جێگر ببێت."

گوڵستان گولۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "سووریا خاوەنی جوگرافیایەکی دەوڵەمەندە، لەڕووی سامانی سروشتییەوە. مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێکراوە. مۆدێلێکە کە هەموو گەلانی سووریا دەتوانن خۆیان لەم مۆدێلەدا ببیننەوە و بە شێوەیەکی یەکسان و دیموکراتیک لە گەڵ یەکتردا بژین لەم ئەزموونەدا ژنان ژیانێکی ئازادیان هەیە و  هەموو نەتەوەکان بە ئیرادە، کولتوور و زمانی خۆیانەوە دەتوانن تێدا بژین وئەمە بەساڵانە ئەزمون کراوە. ئێستا گەل پێکەوە بەرەنگاری هێرشەکان بووەتەوە و بە تێکۆشانی خۆی دەستکەوتەکانی دەپارێزێت."

گوڵستان گوڵۆ لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی مافەکانی ژنان بپارێزرێن، پێویستە ژنان مافی ئەوەیان هەبێت لە دەستووردا بەشێوەیەکی یەکسان بەشدار بن، پێویستە لەنێوان ڕەگەزەکاندا یەکسانی بەدی بهێنرێت. هەروەها مافەکانی ژنان مسۆگەر و بخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە. لە هەموو بوارێکدا ژنان بە پشکی لەسەدا ٥٠، دەستووری سووریا مافەکانیان جێگر بکرێت، ئەمە بۆ ئێمە هێڵێکی سوورە. هەروەها وەک کۆنگرەی ستار چاوەڕێ ئەوەین لە سووریا کۆنگرەی نیشتمانی دابمەزرێت. بۆ بەشداریکردن لەم کۆنگرەیە، بۆ بەهێزکردنی ڕێکخستنی ژنان سەرەڕای ئاستەنگەکانی حکومەتی هەتەشە ئێمە خەباتی خۆمان بەردەوام دەکەین. ئەگەر بڕیارە پڕۆژەیەکی دیموکراتیک بۆ سووریا دامەزرێت، دەبێت لەوبارەوە هەنگاوی جدیی بنرێت. هەرچەند ئێمە ڕووبەڕووی ئاستەنگیەکان دەبینەوە، بەڵام ئەم بەربەستانە ناتوانێ ببێتە هۆی لاوازبوونی تێکۆشانمان. وەک ژنان پێویستە خاوەن ڕێکخستنێک بین کە نوێنەرایەتی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکات لە کۆنگرەی نیشتمانی سووریادا. هەروەها ئێمه وەک ڕێکخستنی ژنان لە داهاتوودا، پلانی ڕێکخستنیمان بۆ هەموو شارەکانی سووریا هەیە، بۆیە دەمانەوێت دەستپێشخەرییەکی هاوشێوەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەموو سووریا ڕەنگ بداتەوە."