گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە شوێنی شەهیدکردنیان یادکرانەوە

بە پێشەنگایەتی ڕژاک شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە شوێنی شەهیدکردنیان یادکرانەوە.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە شوێنی شەهیدکردنیان یادکرانەوە.

لە شوێنی هێرشەکەدا ناوی هەردوو شەهید بە بەرد نووسران، پاشان لەسەر ناوی ڕژاک ڕووناک مەجید ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، گوتی: "بەزهنییەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری لە هەموو جیهاندا، كۆمەڵكوژی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە شەڕ و هێرشەكاندا ژنان و منداڵان بە پلەی یەكەم ڕووبەڕووی توندوتیژییەكان دەبنەوە و دەكوژرێن، پێویستە ژنان خۆیان بەیەك دەنگ ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵییەتە پیاوسالارییە ببنەوە، كە ژن وەك كاڵایەك سەیر دەکەن، داوا لە هەموو ژنێكی ئازادیخواز دەكەین ٢٥ـی نۆڤەمبەر بەرز ڕابگرن".

جێگەی باسە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٢٣ ی ئاب، لە نزیک سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبیلێکی کردە ئامانج، بەهۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووسی ژنی کۆمپانیای چەتر (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) شەهیدبوون.