هەڵکوتانەسەر ناوەندی ڕژاک: با بڕیاری داخستن هەڵبوەشێتەوە

لە سلێمانی تیمێکی ئاسایش بەبێ بڕیاری دادگا هەڵیکوتایە سەر ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) و ناوەندەکەیان داخست. ڕژاک بانگەوازی لە بەرپرسان کرد کە بڕیارەکە هەڵبوەشێننەوە.

ڕژاک ڕایگەیاند  ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٣٠ تیمێکی ئاسایش بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک و بێ هەبوونی هیچ بڕیارێکی دادگا، هەڵیکوتایە سەر ئۆفیسی ڕێکخراوەکەمان و دایخست، داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەین بێ کاریگەربوون بەئیرادەی هیچ هێزێکی دەرەکی بە بڕیارەکەیاندا بچنەوە .

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە:

لەکاتێکدا کە دۆزی کوردان و چارەسەرییەک بۆ پرسی گەلەکەمان لە ئارادایە، دۆخی ژنان لە ئاستێکی خراپی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی مەترسی لەسەر ژیانی کەسێتی ژنە، بە جۆرێک کە پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی و کاڵکردنەوەی ئەو دۆخە خراپەیە کە ژنان لە سایەی دەسەڵاتی بەرێوەبەر و خۆسەپێنی نێرسالاردا تیایدا ژیان دەکەن، سەرەڕای بوونی مێژوویەکی دوور و درێژی نزیکەی بیست ساڵ، لە خەبات و تێکۆشانێکی بێ وچانی پڕ لە ڕەنج بۆ چارەسەری کێشە جەوهەرییەکانی ژنان، ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٣٠ تیمێکی ئاسایش بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک و بێ پێبوونی هیچ بڕیارێکی دادگا، هەڵیکوتایە سەر ئۆفیسی ڕێکخراوەکەمان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(ڕژاک) و دایانخست.

ڕێکخراوەکەمان لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابوردوو بێ ڕاوەستان خزمەتی ژن و پرسەکەی کردووە، چەندان دەرفەتی بۆ پێشکەوتن و هاتنەپێشەوەی ژنان بێ جیاوازی هزری جیاواز ئەنجامداوە، چالاکی هەبووە بۆ ڕۆژی ژینگە و چەندین چالاکی لەم بوارەدا  ئەنجامداوە، جگە لە چارەسەرکردنی سەدان کەیسی ژنان و ڕزگارکردنیان لەو تەنگژە کۆمەڵایەتی و خێزانییانەی تێیدا بوونە.

 بێ ئەوەی هیچ جۆرە سەرپێچییەک لە ئەدای کار و بەرنامەکانماندا بوونی هەبووبێت، بە پاساوی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی گوایە هەر ڕێکخراو و دامەزراوەیەک کە پەیوەندی بە تەڤگەری ئازادییەوە هەبێت پێویستە دابخرێت، بەڵام ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە، چونکە ڕێکخراوەکەمان هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بەهیچ ڕێکخراو و پارتێکی سیاسییەوە نییە و سەربەخۆیە.

داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکەین بەبێ کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکی بە بڕیارەکەدا بچنەوە".