بە دیمەن

هێلین ئومیت: تێکۆشینێک کرا بۆ ئەوەی سی پی تی بگاتە ئەم ئاستە

هێلین ئومیت وتی: "ئەگەر سی پی تی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە DMME تاوانبار بکات، ئەوە بە کاریگەری بەرخۆدانی بەردەوام و یەکلاکەرەوەی گەل و دۆستانی کورد هاتووتە ئەنجام" و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لەم بوارەدا تێکۆشان بە چڕی ئەنجام بدرێت.

هەڵسەنگاندنەکانی هێلین ئومیت

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە، هێلین ئومیت، بەشداری بەرنامەی میدیا خەبەر تیڤی بوو و هەڵسەنگاندنی بۆ لێدوان و ڕێبازەکانی سی پی تی سەبارەت بە ئیمرالی کرد.

هێلین ئومیت سەرەتا، سڵاوی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد کە لە ئیمرالی خاوەن پێگەیەکی ناوازە و بەرخۆدانێکی مێژووییە. هێلین ئومیت وتی: "تێگەیشتن لە سیستەمی ئەشکەنجەدانی ئیمرالی پێویستیەکی زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتنی باشتر لە سیستەمی جیهانی. لە ماوەی ١٥-٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا سەبارەت بە ئیمرالی، ڕێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانی، گفتوگۆەکان کەوتە ڕۆژەڤەوە. هەم سی پی تی بەیاننامەی بڵاو کردەوە و هەم وەزارەتی داد ڕوونکردنەوەی دا. سزای هەڤاڵ وەیسی ئاکتاش تەواو بووە، بەڵام ئازادکردنی بۆ ساڵێکی تر دواخرا بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ڕابگەیەندرێت. لەم بارەشەوە لێدوان دراوە. مەبەست لە هەموو ئەمانە ڕوونە، لە چوارچێوەی پلانێکدا ئەنجام دەدرێن.

دەوڵەتی تورکیش بە سیستەمی قڕکردنی ئیمرالیەوە دیل گیراوە

ئێمە بەردەوام ئەوەمان وتووە؛ ئەو سیاسەتانەی لە ئیمرالی بەڕێوە دەبرێن تەنیا پەیوەست بە ئیمرالیەوە نییە، مەیدانێکی تێکۆشانە کە سیاسەتەکانی پەیوەست بە گەلی کورد و هەرێمەکە دیاری دەکات. پێویستە گەل گرنگی بە ئامانجی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە بنیاتنانی سیستەمی ئیمرالی بدەن. لەبەرچی؟ چونکە هەمووان دەزانن کە دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٩٩دا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی پیلانی نێودەوڵەتی نەبوو. بۆ پڕوپاگەندەش وتبێتیان، هەموو مرۆڤە زیرەکەکان باش ئەمە تێدەگەن. ئەگەر پشتیوانی هێزە نێودەوڵەتییەکان نەبوایە، ئەگەر ئۆپەراسیۆنێکی نێودەوڵەتی لەکاردا نەبوایە، ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی بە دیل نەدەگیرا. تێکۆشان دەگەیشتە قۆناغێکی تر، پێشکەوتنەکان جیاواز دەبوون. بۆ ڕێگریکردن لە هەموو ئەمانە، پیلانێکی هاوشێوە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە دەستی پێکرد و ئیمرالیش لەلایەن ئەو هێزانەوە دروستکرا. ڕۆڵی تورکیا لەم نێوەندەدا بەڕاستی جگە لە پاسەوانی شتێکی دیکە نییە. دەوڵەتی تورک کراوە بە پاسەوانی ئەم سیستەمە قڕکەرە کە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە دروستکراوە."

لەدرێژەی قسەکانیدا هێلین ئومیت ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیش بە سیستەمی قڕکەری ئیمرالیەوە دیل گیراوە و وتی: "دیل گرتن ڕەنگە هەڵسەنگاندنێکی زۆر قورس بێت، بەڵام هێزە نێونەتەوەیەکان لە سەر سیستەمی قڕکردنی ئیمرالیەوە دەوڵەت نەتەوەی تورکیان لەژێر کۆنترۆڵی خۆیان گرتووە. سەرنج بدەن، ئەوان دەیانەوێت بەم شێوەیە کۆتایی بە شەڕی مان و نەمانی گەلی کورد بهێنن واتە دەیانەوێت تێکۆشان لە ئیمرالی کۆتایی پێ بههێنن. هەمیشە گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵدەکەن، بەردەوام هیوای پێدەبەخشن. دەڵێن، تۆ درێژە بە شەڕ و هێرش بدەن. بەم شێوەیە ئەم سیستەمەکە لەسەر پێ ڕادەگرن."

ڕێبەرایەتی درۆەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی ئیمرالی ئاشکرا دەکات

هێلین ئومیت ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراوەکانی وەک کۆمیتەی پێشگرتن لە ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا (سی پی تی) و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) تەنها دامەزراوەیەک نین کە ئەمە دەشارنەوە و وتی: "بۆ نموونە پارێزەرانی ڕێبەرایەتیمان هەیە. ڕێبەرایەتیمان لە ساڵی ١٩٩٩ و دوای دیل گیرانی، سەرەتا لە پارێزنامەی کۆماری دێموکراتیک و بە پارێزنامەی ئاتێن، پاشان بە پارێزنامەی گەل، پارێزنامەی پێنج بەرگی پارادایمەکەی گۆڕی و ئاسۆیەکی نوێی بە سۆسیالیزمی دێموکراتیک بەخشی. بەڕاستی بەم پارێزنامەیانەی پیلانگێڕی پووچەڵ کردەوە. لە سەرەتای هەموو پارێزنامە و نامەکانی بۆ DMME و سی پی تی ئەم ئاماژانە دەکات.

وەک گەلێکی تێکۆشەر، هێزێکی تێکۆشەر، حیزب و ڕێکخستنێکی ئایدیۆلۆژی ناتوانین خۆمان فریو بدەین. ئێمە هیچ چاوەڕوانییەکمان لە دیموکراسی ئەوروپا نییە. ئێمە دەزانین ئەم سیستەمە بۆ کۆنترۆڵکردنی تێکۆشانی سەدان ساڵەی گەلان دروستکراوە. ڕێبەرایەتیمان بەباشی لەمە تێگەیشتووە. کاتێک ڕێبەرایەتیمان نامە پێشکەش بە DMME دەکات، کاتێک خیتاب بە سی پی تی قسەدەکات، بۆ ئاشکرا کردنی درۆی سیستەمی نێودەوڵەتی تێکۆشان دەکات. ئەگەر ئەم درۆیانە ئاشکرا نەکرێت چی ڕوودەدات؟ وەک ئەوە نیشان دەدرێت کە هەموو شتێک بە پێوەرێکی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانیەوە دەڕواتە پێش. بۆچی؟ چونکە لە ستانداردە جیهانییەکان هەندێک یاسا هەن کە گەلان و پێکهاتەکان قبوڵیان کردووە. لە سەرەتای ئەمانەوە ئەم دامەزراوانە بوونیان هەیە. گوایە DMME ڕێکخراوێکە کە لە هەموو جیهاندا کاریگەری هەیە. سی پی تی دامەزراوەیەکە کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە دۆخی زیندانەکان لە دەوڵەتەکاندا، کۆنتڕۆڵ دەکات. کەواتە لە ڕاستی ئیمرالیدا ئەم دوو دامەزراوەیە بە تۆمەتبار دەناسرێن.

لێدوانەکانیان ئێستا وەک دانپێدانان وایە. لە بارودۆخی ئێستادا یەکتر تاوانبار دەکەن. چونکە لە واقیعدا دۆخێکی زۆر جددی ڕوویداوە کە قبوڵ ناکرێت. لە ئیمرالی، هەم ئەو بەڵێنانەی کە بەرپرسانی سی پی تی لە ساڵی ١٩٩٩دا دراون و هەم ئەوانەی لە ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپادا هاتووە پێشێل دەکرێن."

DMME وسی پی تی بۆ سوودگەیاندن بە سیستەمی سەرمایەداری دانراوە

هێلین ئومێد وێڕای دەربڕینی ڕۆڵی ئەم ڕێکخراوە ئەوروپاییانە لە شاردنەوەی کەموکوڕیەکان وتی: "ڕاستە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەداری و سیستەمی داگیرکاری دروستکراون. ئێستا ڕۆڵێک لەوە زیاتر دەگێڕن، ئێمە لەمە چی فێر دەبین؟

بەڕاستی دوای گفتوگۆکان چی ڕوویداوە؟ وەزارەتی دادی تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. وتی: "مافەکان لە ئیمرالی پێشێل ناکرێت، پەیوەندییەکان بەتەواوی دانەخراوە. هەم سەبارەت بە ئیمرالی و هەم سێ هەڤاڵی دیکەی کە لەگەڵ سەرۆک ئاپۆ لە ئیمرالین، گوتیان کە لە هەموو مافەکانیان بەهرەمەندن.

مرۆڤ نازانێت چی بڵێت. دادپەروەری! سەرەڕای ئەوە سی پی تی ئەم دۆخە بە شەرمەزارییەوە نیشان دەدات. وتی: "دۆخێکی تایبەت هەیە، شوێنێکی تایبەتە ئیمرالی. واتە وەک زیندانەکانی تر نییە. لە ڕاستیدا ئەوە یەکەمجارە کە لەم ئاستەدا ئەم گرنگییە قبوڵ بکەن. چونکە لە بواری یاسادا مافی یەکسانی بوونی نییە. کاتێک لەم چوارچێوەیەدا باس دەکرێت، دۆخێکی لەو شێوەیە قبوڵ ناکرێت و قبوڵکراویش نییە. زۆرێک لە دۆسیەکان دەبنە نموونە بۆ دۆسیەکانی تر. بەڵام کاتێک دێتە سەر ڕێبەر ئاپۆ، ئیمرالی، تێکۆشان بۆ بوون و ئازادی گەلی کورد، تێکۆشانیان دەگۆڕدرێت بۆ دۆخێکی تایبەت، یاسای تایبەت جێبەجێ دەکرێت. دۆخەکە جۆرێک نییە کە ئێمە ئاگاداری نەبین. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە گەلانی ئەوروپا ئەمە دەبینن. ئەمە زۆر گرنگە. چونکە ئەمە دۆخێک نییە ئێمە فریو بخوین. ئەمە زۆر گرنگە. ئێمە بەم شتانە فریو نادرین و لەم دۆخە باش تێدەگەین، هەوڵی ئاشکرا کردنی زیاتر دەدەین. گەلی کورد بۆ ئاشکرای ئەم ڕاستیانە تێکۆشان دەکات. شەو و ڕۆژ لە شەقامەکانی ئەوروپا، چالاکی بەڕێوە دەچیت. لەبەر چ هۆکارێک؟ ئەم چالاکیانە بۆ دەوڵەتانی ئەوروپا نییە بەڵکو بۆ گەلانی ئەوروپایە هەتا لەم ڕاستیانە تێبگەن."

گەلانی ئەوروپا، هێزەکانی دیموکراسی دەبێ ئەم ڕاستییە ببینن و تێکۆشانیان فراوانتر بکەن. چونکە ئەمە بۆ مرۆڤایەتی شەرمەزارییە، بە تایبەتی بۆ دیموکراسی ئەوروپا، بۆ شارستانیەتی ئەوروپا، بۆ ئەو جوگرافیایەی کە پێی دەوترێت هیوای مرۆڤایەتی و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ. بەم شێوەیە دەبێت لەم بوارەدا تێکۆشان بەهێزتر بکرێت.

ئەگەر ئەمڕۆ سی پی تی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە DMME تاوانبار دەکات، لێرەدا بە کاریگەریی تێکۆشانی چەند ساڵی ڕابردووی دۆستانی ئەوروپاییمان، هەڤاڵانی نێونەتەوەیی، هەڤاڵان، کەسانی خاوەن بەرپرسیارێتی، هێزەکانی دیموکراسی، فێمینیستەکان، ئەنارشیستەکان و هەموو ئەو کەسانەی لە دەرەوەی سیستەمی سەرمایەداری بەدوای جیهانێکی تردا دەگەڕێن، کە کەسانێکی زۆرن، بەدەست هاتووە. هەروەها گەلەکەمان، گەلی کورد، دۆستانی گەلی کورد بەردەوام بەبڕیاردارییەوە درێژە بە بەرخۆدانیان دەدەن. ئەم کار و چالاکیانە سی پی تی گەیاندووەتە ئەم ئاستە. بەم شێوەیە پێویستە ئەم تێکۆشانە لەم بوارەدا بەردەوام بێت."