"هەمواری یاسای باری کەسێتی مەترسی لەسەر کۆمەڵگا دروست دەکات"

سرود محەمەد چالاکوانی بواری ژنان رایگەیاند: "لە ئەگەری هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی هیچ مافێک بۆ ژن و منداڵ نامێنێت".

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) سرود محەمەد چالاکوانی بواری ژنان و بەرپرسی کۆمەڵەی هیوای عێراقی، سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسایی باری کەسێتی و مەترسیی و کاریگەرییەکانی ئەو یاساییە لەسەر کۆمەڵگا بەگشتی و لەسەر مافی ژنان و منداڵان بەتایبەتی، دوا.

"لەم یاسایەدا کچانی تەمەن نۆ ساڵ هاوسەرگیرییان پێدەکرێت"

سرود محەمەد چالاکوانی بواری ژنان و بەرپرسی کۆمەڵەی هیوای عێراقی، سەبارەت بە هەمووارکردنەوەی یاسایی باری کەسێتی، وتی: "لە ئەگەری هەمووارکردنەوەی یاسایی باری کەسێتی بەڕاستی هیچ مافێک بۆ ژنان نامێنێ، ئەم یاسایەش بریتییە لە بازرگانی کردن بە ژن و منداڵ و مرۆڤەوە کە تیدا منداڵانی تەمەن نۆ ساڵ هاوسەرگیرییان پێدەکرێت، لە بەشێک لە مەزهەبی ئاینی ئیسلامەدا کچان بە تەمەنی منداڵی هاوسەرگیرییان پێدەکرێت ئەمەش دێتە واتای نەمانی مافی منداڵ و نەمانی ڕازیبوونی دوو لایەنە لەسەر بابەتی هاوسەرگیری کردن، ئەگەر بەپێی مەزهبە ئاینییەکان تەمەنی هاوسەرگیری دابنرێت ئەوە دەبێت نزیکەی ١٦ یاسامان هەبێت بەو شێوەیە مافەکانی ژنان وون دەبێت لەنێوان ئەو یاسایانەی کە بەپی مەزهەب دیاری دەکرێت لە یاسای باری کەسێتی".

"هیچ مافێک بۆ ژنان نامینێت"

هەروەها ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی هیوای عێراقی، ئاشکراشی کرد: "لە ئەگەری جێبەجێکردنی یاسایی باری کەسی ئەوە یاسا بوونی نامینێت بەڵکو یاسایی ئەو پیاوە ئاینیانە جێبەجێ دەکرێت کە بەویستی خۆیان فەتوادەدەن بۆ هاوسەرگیری و جیابوونەوە ، ئەمەش دیاردەیەکی مەترسیدارە کە خەڵکی لە دەرەوەی دادگاکان هاوسەرگیری دەکەن چونکە هیچ مافێک بۆ ژنان نامینێت، هەروەها دیاردەی فڕیدانی منداڵ زۆر دەبێت کە لەئیستادا هەندێک حاڵەت دەبیندرێت کە منداڵ لەدەرەوەی هاوسەرگیری دادگا لەدایک دەبێت، لەئەگەری جێبەجی کردنی یاسایی باری کەسێتی ئەوە لە چەند ساڵی داهاتوو دیاردەی فڕیدانی منداڵ زۆر زیاتر دەبێت".

"ئەم یاسایە بازرگانی کردنە بە ژن و منداڵ"

لە درێژەی قسەکانیدا، سرود محەمەد چالاکوانی ژنانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF)  وتیشی: "لەکاتی هەموارکردنەوەی یاسایی باری کەسێتی، ئەگەر توندوتیژی و پێشێلکاری بەرامبەر ژن بکرێت یان مافی میراتی و خەرجی منداڵی پێنەدرێت ئەوە ناتوانێت لەڕێگای دادگاوە سکاڵا بکات، بۆیە ئەم یاساییە بازرگانی کردنە بە ژن و منداڵەوە".

"ڕەنگدانەوەیەکی زۆر مەترسیداری دەبێت لەسەر کۆمەلگا و خێزان"

لە کۆتایی قسەکانیدا، سرود محەمەد بەرپرسی کۆمەڵەی هیوای عێراقی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند: "زاڵبوونی مەزهەب لەسەر بەشێکی پەرلەمانتاران وایکردووە هەوڵبدرێت ئەم یاساییە تێپەڕێت، بەداخەوە زۆرینەی پەرلەمانتارانی عێراق نایانەویت گوێیان لە مەترسی ئەم یاساییە ببێت چونکە کاریگەری ووڵاتێکی وەکو ئێرانیان لەسەرە، ئەمەش ڕەنگدانەوەیەکی زۆر مەترسیداری دەبێت لەسەر کۆمەلگا و خێزان".

جێگای باسە، رۆژی ٤ی ئابی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ، بڕگەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بۆ خشتەی دانیشتنەکانی زیادکرد، لەدانیشتنەکانی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، بەهۆی ناڕەزایەتی پەرلەمانتاران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بە هەوڵێکی سیاسی و پێچەوانەی دەستوور و بنەماکانی دیموکراسی و مافەكانی ژنان و منداڵان ناوی دەبەن، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق نەکرا، بەڵام دوای پشتیوانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لە یاساکە، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، بەڵام تائیستا نەتوانڕاوە لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق یاساکە پەسەند بکرێت، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، جارێکی دیکە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر چەند پرسێک کۆببێتەوە کە یەکێک لەو پرسیانە پرۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسێتییە.