هەپەژە: دەبێت ژنان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەموو رۆژێک بگۆڕن بۆ ٨ی مارس

هێزی پاراستنی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان (هەپەژە) بەبۆنەی رۆژی جیهانی ژنانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: دەبێت ژنان بە یەک دەنگ و یەک رۆحەوە برژێنە گۆڕەپانەکان و هەموو رۆژێک بگۆڕن بۆ ٨ی مارس.

فەرماندەیی هەپەژە بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنای تێکۆشەر و رەنجدەر پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە: " لە هەموو کاتێک زیاتر بە تێگەیشتن و زانیارییان لەسەر ناسنامەی خۆیان لە هەموو گۆڕەپانەکانی تێکۆشاندا بە شێوە و رەنگی خۆیان بەشدار دەبن و لەبەرامبەر هەموو جۆرە کۆیلایەتیەکدا بە ئیرادەیەکی بێ هاوتاوە دەوەستنەوە".

راشیگەیاندووە: " ئێمە لەو باوەڕەداین کە لەم ٨ی مارسەشدا هەموو ژنانی کوردستان و جیهان بە شێوەی بەهار بخرۆشێنە شەقامەکان و بەیەک رۆح، یەک دەنگ پێداگری خۆیان لە سەر شۆڕشی ژنان بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' هەموو رۆژەکان بگۆڕن بۆ ٨ی مارس".

دەقی پەیامەکە:

"پەیامی پیرۆزبایی فەرماندەیی هەپەژە بەبۆنەی ٨ی مارسەوە

ئێمە بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین' ئەم ساڵە دەکەینە ساڵی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و ئازادی ژنان.

لە سەرەتادا ئێمە رۆژی ٨ی مارس لە رێبەری نەتەوەی دیموکراتیک رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین. لە کەسایەتی هەڤاڵ ئاریەن ئارێ، سارا هۆگر و بشەنگدا سەرجەم شەهیدانی شۆڕش بە پێزانینەوە یاددەکەینەوە و بەڵێنی سەرکەوتن دوبارە دەکەینەوە. بەم بۆنەوە ئێمە ٨ی مارس لەو ژنانەی بە ئازایەتیەوە لە سەنگەرەکاندا داگیرکەری تێکدەشکێنن، ئەو ژنانەی لە ناو چوار دیواری فاشیزمدا بە ئیرادەیەکی ئاپۆیی خۆڕاگری دەکەن، ئەو ژنانەی بە بێ وەستان لە شەقامەکاندا بۆ ئازادی هاوار دەکەن، ئەو دایکانەمان لە هەموو قۆناغێکدا بە گیانبازییەوە تێکۆشانمان دەڕازێننەوە، ژنانی کورد، عەرەب، فارس، تورک، بەلوچ، ئەفغانستانی، ئازەری و تەواوی ئەو ژنانەی بۆ ئازادی تێدەکۆشن، پیرۆز دەکەین.

لەمرۆماندا تێکۆشانی ئازادی ژنان پێشەنگایەتی هەموو شۆڕشەکانی جیهان بە تامەزرۆیی بەڕێوەدەبات و سەرلەنوێ مێژوو دەنوسێتەوە. ئەم تێکۆشانە سیستمی هەزار ساڵەی باوکسالاری لە کەسایەتی ئەو پیاوانەی نوێنەرایەتی مەردوکەکانی هاوچەرخ دەکەن، دەهەژێنێت. دیارە وەک رێبەر ئاپۆس وتبووی، 'ئەم سەدەی سەدەی تێکۆشانی ژنانە'. لەئێستادا هەموو نمونە و ئاماژەکان مزگێنی هاتنی بەهاری ژنان و گەلانن. لە هەموو کاتێک زیاتر بە تێگەیشتن و زانیارییان لەسەر ناسنامەی خۆیان لە هەموو گۆڕەپانەکانی تێکۆشاندا بە شێوە و رەنگی خۆیان بەشدار دەبن و لەبەرامبەر هەموو جۆرە کۆیلایەتیەکدا بە ئیرادەیەکی بێ هاوتاوە دەوەستنەوە.

ئێمە وەک ژنانی ئەم جوگرافیایە خاوەن میراتێکی زۆر بەنرخین. لە قەدەمخێرەوە تا زەریفەکان، لە لەیلا قاسمەکانەوە تا سەکینە جانسزەکان و شیرین عەلەمهولیەکانەوە مێژوومان لە هەر ساتێکدا بە شەڕ و تێکۆشانەوە هۆنراوەتەوە. ئەو ژنانەی ئەم راستیەیان قەبوڵ کردووە ئەمڕۆ پێشەڕۆژی خۆیان لە پاراستنی ئەو بەهایانەدا دەبینن و بۆ ئەوە رێکخستنبوونی خۆیان گەشتر و بەرفراوانتر دەکەن. بێگومان بۆ بۆ ئەو سەرەتایە پێویستە لە هەموو گۆڕەپانەکانی پاراستنی ژناندا مسۆگەر بکرێت و لە بەرامبەر هەموو هێرشەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا کە جگە لە باڵادەستی پیاو و قڕکردنی ژنان هیچ شتێکی دیکە بۆ مرۆڤایەتی بە رەوا نابینێت، گور بە تێکۆشان بدرێت.

ئێمە لەو باوەڕەداین کە لەم ٨ی مارسەشدا هەموو ژنانی کوردستان و جیهان بە شێوەی بەهار بخرۆشێنە شەقامەکان و بەیەک رۆح، یەک دەنگ پێداگری خۆیان لە سەر شۆڕشی ژنان بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' هەموو رۆژەکان بگۆڕن بۆ ٨ی مارس".

هـ . ب