هەپەژە ژن: بە بەرخۆدان و تێکۆشانی ژنان سەرکەوتن تاجدار دەکەین

هێزەکانی پاراستنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (هەپەژە)، بە ڕاگەیاندراوێکی نوسراو ڕایگەیاند، بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان، ئازادی ژنان مسۆگەر دەکەن.

هێزەکانی پاراستنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (هەپەژە)، بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکەی هەپەژە بەم جۆرەیە:

"لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، دژی سیستەمی ویلایەتی فەقی کە بە زیهنیەتی پیاوسالاری دان بە هەبوونی ژن نانێت و مافەکانی ژن پێشێل دەکات، دەستی پێ کرد، ئێستەش شۆڕشەکە بۆتە ئیلهامبەخشی هەموو سەرهەڵدانەکانی ژنان لە جیهاندا. شۆڕشەکە بە کوشتنی ژنێکی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد و بە کوشتنی ئارمیتا و دەیان ژن کە لە ژێر ژێرخانی زیهنیەتی پیاوسالاریدا دەکوژرێن، ئەمڕۆش بەردەوامە. ئیتر ژنان لە چوارچێوەی جڤاکی ئەخلاقی و سیاسیدا دەتوانن بە فیکر و سیستەمی ئازاد هەبوونی خۆیان بپارێزن. بۆیە باجی  ئازادی ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر دەبێت. ڕادیکاڵترین هەڵوێستەکان دژ بە کردەوەکانی زیهنیەتی جڤاکی ڕەگەزپەرست، ئایین‌پەرست، زانست‌پەرست، لە کەسێتی ژندا لەنێو هەموو جڤاکدا پەرەی سەندووە و تادێت مەزنتر دەبێت. چونکە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ژنانی کورد وەک شەهناز خاتوون بە ٥٠٠ سەربازی سوارە لە دژی هێرشی دڕندانە وەستانەوە. دیسان کچی نەغەدە کە بە هۆشیاری سیاسی و زانستی خۆی، دژی ئەو نەیارانەی لە وڵاتدا قڕکردن پێش دەخەن، لە زینداندا ڕادەست نەبوو. لە بەرامبەر هەموو جۆرە ئەشکەنجە و کارێکی نامرۆڤانە، بەرخۆدانی کرد و بوو بە سیمبولی ئازادی و پاراستنی هەبوونی خۆ.

لەسەر ئەو بناغەیە، وەک هێزەکانی هەپەژە، لەگەڵ خاوەندارێتیکردن لە ژنان، بە تێکۆشان و بەرخۆدانمان سەرکەوتن تاجدار دەکەین.  ئەمڕۆ پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژنان لە ڕێگەی زانست، یەکگرتوویی، ڕێکخستن، خۆبوونەوە، سەدەی بیست و یەکەم دەکاتە سەدەی ژن لە جیهاندا. بە ئەرک و بەرپرسیارێتی پاراستنمان، بەدڵنیاییەوە ئازادی ژن مسۆگەر دەکەین. لە کەسێتی ژنانی کورد ژینا ئەمینی و ئارمیتا و خوشکانی میرابەلدا، ژنانی قوربانی دەستی زیهنیەتی بکوژ لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەبیر دەهێنینەوە، ٢٥ تشرینی دووەم بەرامبەر توندوتیژی سەر ژنان تێکۆشانی خۆمان مەزنتر دەکەین".