کامپینی دژ بە کوشتنی ژنان: لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٤٨ ژن کوژراون

کامپینی دژ بە کوشتنی ژنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماری نافەرمیی کوشتنی ژنانی لە باشووری کوردستان ڕاگەیاند، دەستنیشان کراوە لە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٤٨ کوشتنی ژنان تۆمار کراوە.

کامپینی دژ بە کوشتنی ژنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماری 'نافەرمی' کوشتنی ژنانی باشووری کوردستانی لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا  بڵاوکردەوە.

بە پێی ئاماری نافەرمی کامپینی دژ بە کوشتنی ژنان، لە ساڵی ڕابردوودا ٤٨ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە و بەرزترین ڕێژە لە پارێزگای هەولێر تۆمار کراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێژەی کوشتنی ژنان بە پێی ناوچەکانی باشووری کوردستان بەمشێوەیەیە، ١٨ حاڵەت لە پارێزگای هەولێر، ١٣ حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی، شەش حاڵەت لە پارێزگای دهۆک، سێ حاڵەت لە پارێزگای کەرکووک، یەک حاڵەت لە ئیدارەی زاخۆ، سێ حاڵەت لە ئیدارەی ڕاپەرین، دوو حاڵەت لە گەرمیان، یەک حاڵەت لە شارۆچکەی کۆیە، یەک حاڵەت شارۆچکەی خورماتوو.

ڕێژەی تۆمارکراوی ژنانی کوژراو لە ٢٠٢٥دا

کامپینەکەی ژنان ژمارەی کوژراوانی ژنی لەمساڵدا بڵاکرەوە و گوتی: "لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ تا ٨ـی شووبات، هەشت حاڵەتی ژن کوشتن تۆمار کراوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە تۆمەتبارانی دۆسییەکانی ژنان دەستگیر نەکراون کە زۆرینەیان بکوژانی ژنانن."

کامپینی دژ بە کوشتنی ژنان لە ١٢ ڕێکخراوی ژنان پێکهاتووە بە ناوەکانی، ڕێکخراوی ڕووناکبیری ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان، ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، ڕێکخراوی ئاسوودە، ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد، ڕێکخراوی ستێپ، ڕێکخراوی سید، سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی لیانا، ڕێکخراوی دابین، ڕێکخراوی ئاماژە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان.