دەستەی گشتیی بزوتنەوەی شۆڕشی یەکگرتووی ژنان (کەبەدەهە) لە راگەیەندراوێکدا سەرنجی بۆ سەر توندوتیژی، شەڕ، داگیرکەری راکێشا و وتی، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان دەبێت هێڵی رووخاندنی دەوڵەتی فاشیست بنەخشێندرێت.
بەشێک لە خاڵەکانی راگەیەندراوەکەی کەبەدەهە بەم جۆرەیە:
"جیهانی ئێستا وەها جیهانێکە کە شەڕێکی قورسی لەناوبردنی دژوارتر لە سەردەمە دڕندانەکانی پێشووی تێدا روودەدات. قورسترین شەڕی مێژوو بە سەر چین و توێژەکاندا جێبەجێ دەکرێت.
جیهانێک کە ئێمەی تێداین جیهانێک کە لە غەززە بۆمب بە سەر دەیان هەزار مرۆڤدا دەبارێندرێت.
جیهانێکە کە بۆ لەناوبردنی شۆڕشی ژنان لە رۆژئاوا، کە وەک یەکەمین شۆڕشی سەدەی ٢١ چووەتە مێژووەوە، هەنگاوی داگیرکەری دەنرێن.. جیهانێکی بەو شێوەیە کە لە سەر گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە دژی سەرچاوەکان و ژێرخانی ئابووری، ناوەندەکانی وزە و بەرهەمهێنان هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدرێن، کۆمەڵکوژی بە ئەنجام دەگەیەندرێت. جیهانێکە کە ئەو گەلەی داوای دیاریکردنی ئایندەی خۆی دەکات بە بەرچاوی تەواوی جیهانەوە سزا دەدرێت.
جیهانێکە کە هەموو دامەزراوەکان، ژنان دەکەنە کاڵا، دەستدرێژی و گێچەڵی بەرامبەر دەکەن، لە ناوەندەکانی لەشفرۆشی لە جیهان بەکارهێنانی ژنان، منداڵان، دەستدرێژی و گێچەڵ بە ئاسایی نیشان دەدرێن.
جیهانێکی بەو جۆرەیە کە ژینگە لەناو دەبرێت، چەوساندنەوە هەیە، هەڕەشە بۆ سەر داهاتوو لە ئارادایە، خاکی تورکیا و باکووری کوردستان پێشکەش بە سەرمایەدار دەکرێت.
دەستکەوتەکانی ژنان لەلایەن شەپۆلی فاشیزمەوە کراونەتە ئامانج. لە زۆر ناوچەی جیهان، ئەو پارتانەی دوژمنایەتی ژنانیان کردبووە دروشمی هەڵبژاردنەکانیان، دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست. ئەردۆغانیش بە دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردان، بە دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات.
تورکیا لە ناوچەکە بە خەون و خەیاڵی عوسمانی نوێ، لە ژێر ناوی 'شەڕ لە دژی تیرۆریزم و ئاسایشی نەتەوەیی' ستراتیژییەکی داگیرکەری ئەنجام دەدات. رکابەری ئیمپریالیزم-سەرمایەداری، شەر لە ئوکرانیا، ئەفریقا و هەرێمەکە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ستراتیژیەکەی بەرەوپێش ببات.
لەجیهانێکدا کە قەیرانی هەژموون هەیە، زۆر کاراکتەری هەرێمایەتی کەوتوونەتەخۆیان و دەیانەوێت بۆشاییەکان پڕبکەنەوە. بەڵام لە کوێ کورد دەستکەوتی هەبێت، تورکیا ئەوە لەسەر مانەوەی خۆی بە کێشە دادەنێت، بەتایبەتیش لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان بە شێوەی بێسەروبەر و هەڕەمەکی هێرش دەکات.
شەڕی کۆلۆنیالیستی لە رۆژئاوا گەیشتووەتە ئاستێک کە لە رۆژئاوا بە تایبەی بۆردومانی ناوەندەکانی وزە، ژێرخانی ئابووری و بەرهەمهێنان دەکرێت. دەوڵەتی تورک کە هەوڵ دەدات سەرچاوەکانی ژیانی گەلێک وشک بکات، ئەو کردەوانەی بە ئاشکرا ئەنجام دەدات. لەبەرامبەر ئەوەدا لە تورکیا جگە لە هێزە شۆڕشگێڕەکان کە شان بە شانی گەلی کورد دەجوڵێنەوە، کەس دەنگ هەڵنابرێت. ئەوانەی بۆردومانەکانی ئیسرائیل لەسەر غەززە شەرمەزار دەکەن، ناچنە ژێرباری ئەوەی کە ئەمرۆ لە کوردستانیش وەک فەلەستین هێرش ئەنجام دەدرێت. ئێمە ئەوە ناودەنێین داڕووخانی کۆمەڵایەتی.
ئاشکرایە کە فاشیزم لە هەمان کاتدا گۆشەگیری لە ناوخۆ و دەرەوە وەک هێرشکاری لەسەر گەلان دەسەپێنێت. لە کەسایەتی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا ئەوەی دەیەوێت کۆت و بەندی بکات، ئیرادەی گەلی کوردە. لەبەر ئەوە گەلی کورد، هێزەکانی شۆڕشی یەکگرتوو، هێزە دیموکراتیک-شۆڕشگێڕەکانی لایەنگری ژیانی ئازاد، یەکسانی گەلان لە ناوخۆ و دەرەوە لە دژی گۆشەگیری تێکۆشانی گەورە بەڕێوەدەبەن.
وەک کەبەدەهە لە دژی گۆشەگیری کە کۆڵەکەیەکی ستراتیژیە بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد و سیستمی هەژارکردنی گەلانی تورکیایە، ئێمە بە هەموو هێزمانەوە، بە هەموو رێگە و رێبازێک شەڕ دەکەین؛ لە ریزەکانی پێشی پێشەوە ئێمە خاوەنداری لە تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی دەکەین.
فاشیزم دوژمنایەتیە، دوژمنی ئێمەیە. فاشیزم دوژمنی هەموو کەسێکە کە لەپێناو ئایندەیاندا تێدەکۆشن. وەک کەبەدەهە لەگەڵ هەموو ئەوانەی لەلایەن فاشیزمەوە دەکرێنە ئامانج، لەپێناو ژیانی نوێدا گوڕ بە تێکۆشان دەدەین.
ئێمەی ژنان ئەگەر هێڵێک بۆ رووخاندنی دەوڵەتی فاشیست نەنەخشێنین، ناتوانین دەستکەوتەکانی خۆمان بپارێزین، ئێمە ناتوانین لە ژێر گوشار و پەستانی رەگەزپەرستی کۆمەڵایەتی رزگارمان بێت. هەربۆیە ئێمە بە هەموو توانا و دینامیزمی دژەفاشیستیەوە یەکدەگرین، جەنگاوەری ژنان، پێشەنگایەتی ژنان پێکدەهێنین و تێکۆشانی یەکگرتوو بەرزدەکەینەوە".
هـ . ب