کەبەدەهە: شەڕی ئازادی بەهێزتر دەکەین

کۆنسەی گشتی کەبەدەهە بەبۆنەی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکار، داوای کرد دژی فاشیزم و پیاوسالاری سەرهەڵدان مەزنتر بکرێت و گوتی: "ئەمە شەڕی ئێمەیە؛ ئێمە لە ڕیزەکانی پێشەوە دەبین و شەڕی ئازادی بەهێزتر دەکەین".

کۆنسەی گشتی تەڤگەری شۆڕشگێڕیی دیموکراتیکی ژنان (کەبەدەکە) ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بانگەوازی لە هەمووان کرد دژی چەوساندنەوەی ڕەنج و جەستە، سیاسەتی دوژمنایەتی ژنان، داگیرکاری و هەژاری و فاشیزم و سەرمایەداری ڕاپەڕن.

کەبەدەهە ئاماژە دەکات بە مێژووی ٨ ی ئادار، چۆن سیستەمی خوێنخۆری سەرمایەداری لەو ڕۆژەدا لە نیوۆرک دژی بەرخۆدانی ژنانی مانگرتوو وەستایەوە و دڕندانە ١٢٩ ژن کوژران، هەروەها سڵاو لەو ژنانەدا دەکات بەرخۆدانی ژنانیان گەیاندە ئەمڕۆ و ئەو ژنانەشی لەمڕۆدا بۆ ئازادی خۆیان تێدەکۆشن.

هەروەها تیشک دەخاتە سەر سەرهەڵدانی ژنان لە جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، هەروەها ئاماژە دەکات بە ئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگی کورد لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستی تورکەوە، دەڵێت: "بەڵام تەڤگەری ژنان بەرامبەر سیاسەتی دوژمنایەتی ژنان پاشەکشە ناکات، بەپێچەوانەوە بەپێداگرییەوە لە هەموو گۆڕەپانێک بەردەوامە لە بەرخۆدان، ئەمەش بۆتە هیوای هەموو تێکۆشانە جڤاکییەکان. ئەم هەڵوێستەی تەڤگەری ژنان بۆتە ترسی هەرە مەزنی دەوڵەتی پیاوسالار".

هەروەها بانگەواز لە ژنان دەکات تێکۆشان مەزنتر بکەن دژی سیستەمی سەرمایەداری پیاوسالار و دەڵێت: "٨ ی ئادار بۆ ژنانی تورکیا و باکووری کوردستان خاوەن گرنگییەکی تایبەتە، چونکە تەڤگەری کەبەدەهەمان لە ٨ ی ئاداری ٢٠١٧ دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند. لە ٧ ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای هەموو کەموکوڕی و کەمتەرخەمی و هێرشەکان، توانیمان تێکۆشانێکی گرنگ و چالاک دژی سیستەمی فاشیست و پیاوسالار ڕابەرایەتی بکەین".

هەروەها دەڵێت : "بانگەواز لە هەموو ژنان و ناسنامە ڕەگەزییە بندەستەکان دەکەین بەبۆنەی ٨ ی ئادارەوە دژی چەوساندنەوەی ڕەنج و جەستە، سیاسەتی دوژمنایەتی ژنان، داگیرکاری و هەژاری و فاشیزم و سەرمایەداری ڕاپەڕن. دەبێت بزانین بۆ لێپرسینەوە لە دەسەڵاتی فاشیستی پیاوسالار، پێویستە تێکەڵی ڕیزەکانی گەریلا و جەنگاوەران بین، ئەوەی ڕزگارمان دەکات بەهێزکردنی هێڵی تێکۆشانی ڕێکخراو و شەڕە. ئەمە شەڕی ئێمەیە، ئێمە لە ڕیزەکانی پێشەوە دەبین و شەڕی ئازادی بەهێزتر دەکەین".