کچە وەرزشکارێکی کورد تائێستا لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرە

ئەفسانە شاهی وەرزشکاری خەڵکی بۆکان لە نزیکەی سێ هەفتەیە دەستبەسەرە، تائێستا لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ورمێ راگیراوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رۆژی ٣٠ی ئایار (١٠ی جۆزەردان) هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هێرشیان کردبووە سەر ماڵی باوکی ئەفسانی شاهی لە بۆکان و دەستگیریان کردبوو، بە بێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی دادوەریان پێبووبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، تائێستاش ئەو وەرزشکارە کوردە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپا لە ورمێ راگیراوە و بە درێژایی ئەو ماوەیە تەنیا دوو جار و بۆ ماوەیەکی کەم لە رێگەی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ بنەماڵەکەی کردووە  و رێگەی پێنەدراوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت و تائێستا پارێزەرەکەشی نەیتوانیوە بیبینێت.

رۆژی ١٦ی حوزەیران (٢٦ی جۆزەردان) جەعفەر (دارا) ئەمینی زیندانی سیاسی پێشوو، کە پورزای ئەفسانەیە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکرا.

لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵمەتەکانی رەشبگیرییان لە دژی چالاکوانانی سیاسی، مەدەنی و کولتوری چڕکردووەتەوە و  بەسەدان کەسیان دەستگیر کردووە کە زۆرینەی بەهۆی بەشداری لە بەڕێوەبردنی مەراسیمەکانی نەورۆزەوە بووە.

هـ . ب