خالیدە تورک ئۆغڵو: پێویستە بانگەوازییەکەی ٢٧ی شوبات ببێتە ڕۆژەڤی سەرەکیمان

خالیدە تورک ئۆغڵو وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی، لە ئایدن لە کۆبوونەوەی ژناندا قسەی کرد و ڕایگەیاند: "پێویستە بانگەوازییەکەی ٢٧ی شوبات ببێتە ڕۆژەڤی سەرەکی ئێمەی ژنان، پێویستە ژنان ڕۆڵی خۆیان لە ڕێکخستن کردنی ئەم پرۆسەیەدا بنوێنن."

ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی لە چوارچێوەی "کۆبوونەوەکانی ژنان لە بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک"دا لە ئایدن لەگەڵ پلاتفۆرم، ڕێکخستن و فێمینیستەکانی ژنان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، خالیدە تورک ئۆغڵو، وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی قسەی کرد و وتی: "بۆچی ئێمەی ژنان پێویستمان بە ئاشتییە و چۆن دەتوانین خۆمان بەڕێکخستن بکەین؟ ئێمەی ژنان بە باشترین شێوە دەرئەنجامەکانی شەڕی ٤٠ ساڵە دەزانین، ئێمە لە هەرێمێکدا دەژین کە تێدا شەڕ بە بەرفراوانی پەرەی سەندووە، لە سووریا کۆمەڵکوژی عەلەویەکان روودەدات، هێرش دەکەنە سەر جەستەی ئێمە و لە ماڵ و نیشتمانمان ئاوارە دەکەن. بۆیە ئێمە بە باشی کاریگەرییەکانی شەڕ دەزانین.

هەروەها خالیدە تورک ئۆغڵو ڕایگەیاند؛ بانگەوازییەکەی ٢٧ی شوبات پێویستە ببێتە ڕۆژەڤی سەرەکی ئێمەی ژنان و وتی: "ئەمە یەکەمجار نییە کە باس لە تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی دەکەین. ئێمە دەمانەوێت لەهەموو بوارەکانەوە باسی ئەم بانگەوازییە بکەین. موخاتەبی ئەم پرسە پەرلەمانە، بەڵام بە تایبەتی پێویستە ژنان باسی لەسەر بکەن و بیخەنە ڕۆژەڤی خۆیانەوە."

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەم تێکۆشانە ٤٠ ساڵە بەردەوامە. ژنان بەسەدان ساڵە تێدەکۆشن. هەروەک چۆن لەڕابردوودا بەرەنگاری بووینەوە، ئەمڕۆش درێژە بە تێکۆشانی ئاشتی، ئازادی و یەکسانی دەدەین. دەمانەوێت دیموکراسی بەرقەرار بێت."

'ئێمە لە بانگەوازییەکەی بەڕێز ئۆجالان هێز وەردەگرین'

پرۆسەیەک دەستی پێکردووە و بەرپرسیارێتیەکەی دەکەوێتە سەر شانی کۆمەڵگا. بۆیە دەبێت هێڵە ستراتیژییەکان بەهێزتر بکەین، بەڵام دەبێت دەرگا بە دەرگا لێبدەین. پێویستە پەیوەندییەکانمان پتەوتر بکەین. ئەوەی زۆرترین هێزمان پێدەبەخشێت، بانگەوازییەکەی بەڕێز ئۆجالانە. ئێستا هەمووان چاوەڕێ دەوڵەت و حکومەتن. کاتێک باسی سیاسەتی ئاشتی دەکەین، باسی مافی کرێکاران دەکەین. ئێمە چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد بەدەست دەهێنین. ئەگەر لە ڕوانگەی ژنانەوە ئەم پرۆسەیە پەرەپێبدەین، ئاشتی سەردەکەوێت.

بانگەوازی ئیمرالی هاواری بندەستانە

هەروەها جانان چالاغان ئەندامی کوردیناسیۆنی ژنان وتی: "پرسی کورد تەنها پرسی تورکیا و ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا نییە، ئەم پرسە هەبوونی گەل و دایکانە، بانگەوازی ئیمرالی هاواری هەموو گەلانی بندەست و نکۆڵی لێکراوانە. شەڕ توندوتیژی پیاوان پەرە پێدەدات.  بەهۆی شەڕەوە توندوتیژی و هەژاری و چەوساندنەوە زیادی کردووە. ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. بۆیە ئەگەر باسی ئاشتی دەکرێت، ژنان بەشدار دەبەن بە بێ ئیرادەی ژن ئاشتی سەرناکەویت. ئێمە وەک ژنان بەشێوەیەکی کرداری لە سەر شەقام درێژە بەتێکۆشانمان دەدەین."