خالیدە تورکئۆغلو: ڕۆژەڤی ژنان شکاندنی گۆشەگیری ئیمراڵیە

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورک ئۆغلو ڕایگەیاند ئەوان بە درووشمی "هەموو کات، کاتی بەرخۆدانە، هەموو کاتێک ئازادی" خۆمان بۆ ٨ ی ئادار ئامادە دەکەین و گوتی "ڕۆژەڤی ژنان شکاندنی گۆشەگیری ئیمراڵییە".

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) خالیدە تورکئۆغلو دەربارەی ئامادەکارییەکان بۆ ٨ ی ئادار لە بینای گشتی پارتەکەی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بەست.

لە کۆنفرانسەکەدا خالیدە تورکئۆغلو گوتی: "ڕۆژەڤی ژنان دیارە، ڕۆژەڤی ئێمە شکاندنی گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالانە، لەپێناو چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد. بەبەهێزییەوە خاوەنداری لە داخوازی ئێشکگرانی دادپەروەری بە پێشەنگایەتی ژنان و دایکان لە چوار لای وڵات و مانگرتن لە خواردنی زیندانەکان دەکەین و بۆ بەدیهێنانی ئەو داخوازیانە تێکۆشانی بەرفراوان دەکەین. لە ڕێپێوانی ١٥ ڕۆژەدا جارێکی تر بینیمان کە ئەم داخوازییە، داخوازی هەموو گەلان و ژنانە. ئێمە سەرهەڵدانی خۆمان بە هەلهەلە یەکخست. گوتمان کە ڕۆژەڤ و کاری ئێمە دژی ئەو کەسانەیە کە لەم وڵاتەدا پرسی کوردیان گەیاندۆتە بنبەست، دژی ئەو کەسانەیە گۆشەگیریان کردۆتە ڕژێم و داخوازی گۆشەگیری بەدی دەهێنن، ڕۆژەڤی ئێمە کۆتایی هێنانە بە گۆشەگیری.

گەرەنتی ئەم ئاشتییە شکۆدارە بەڕێز ئۆجالانە کە پارادایمەکەی دژی سیاسەتی شەڕی قێزەونە کە لەلایەن حکومەتە پیاوسالارە سەرمایەدارە باڵادەستەکانەوە بڵاودەکرێتەوە و بەڕێوەدەبرێت، نەوەک تەنها لەم وڵاتە، لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بە پارادایمەکەی ڕێبەری یەکسانی و ئازادی و ژیانی هاوبەشە. بەدیهێنانی ئەم پارادایمەش کاری سەرەکی ئێمەی ژنانە. ئێمەی ژنان لە هەمووان زیاتر گیرۆدەی شەڕی هەژاری و توندوتیژی و ئازارین".

خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند لە هەڵبژاردنەکەدا ئیرادەی ژنان پیشانی دەسەڵاتی پیاوسالار دەدەن، وەڵامی توندوتیژی سیستەماتیکی سەر ژنان دەدەنەوە.

خالیدە تورکۆغلو دووپاتی کردەوە بە درووشـمی "هەموو کاتێک، کاتی بەرخۆدانە، هەموو کاتێک ئازادی" پێشوازی لە ٨ ی ئادار دەکەن و ئەمساڵیش ژنان لە هەموو شار و گەڕەکێک چالاکی دەکەن. بانگەوازی لە هەموو ژنان کرد بەشداربن لە چالاکییەکان.

لە کۆتاییدا گوتی: "بەو هێز و ورەیەی لەم گۆڕەپانانەوە وەرمانگرتووە لەدەوری ئاگری نەورۆز هەڵپەڕکێی هەرە بەهێزی ژنان دەبەستین و ٣١ ی ئادار قەیومەکان دەنێرینەوە ماڵەوە و دەڵێین "بە ئیرادەی ژنان دیموکراسی هەرێمی"، سڵاو لەم باوەڕ و پێداگرییەی هەموو ئێوەی ژنان دەکەم. بژی پشتیوانی ژنان، ژن ژیان ئازادی! هەموو کاتێک کاتی بەرخۆدانە! هەموو کاتێک ئازادی!".