ڕێکخستنی ژنانی کوردی مۆسکۆ بەشداربوون لە هەڵمەتەکانی کەژەکە و تاژێ

ڕێکخستنی ژنانی کورد بە ڕاگەیاندراوێک دووپاتیان کردەوە بەشدارییەکی بەهێز دەکەن لە هەڵمەتەکانی کەژەکە و تاژێ و گوتیان: "بە ڕێکخستنی هەموو ژنانی جیهان، ئازادی و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین".

تەڤگەری ژنانی کوردی هەرێمی ئەسەنگ، ڕێکخراوی مەدەنی ئێزیدخان و ڕێکخراوی ژنانی "ڤیان" دەربارەی هەڵمەتەکەی کەژەکە بە ناونیشانی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و ستاتۆ بۆ کوردستان" و هەڵمەتی تاژێ لە بینای ماڵی کورد لە مۆسکۆ ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

ژنان ڕایدەگەیەنن بەشدارییەکی بەهێز دەکەن لە هەڵمەتەکەی کەژەکە بە ناونیشانی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و ستاتۆ بۆ کوردستان"، هەروەها هەڵمەتەکەی تاژێ بە ناونیشانی "دژی قڕکردنی ژنان، ببە دەنگی خۆپاراستن" و بۆ ناساندنی فەرمانی ٣ ی ئابی ٢٠١٤.

لە هەموو جێگەیەک خۆمان ڕێک دەخەین

ژنان ڕایدەگەیەنن بە هاوکاری نوێنەری نەتەوەکانی تر بەردەوام دەبن لە نامەناردن و کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراو لەپێناو شکاندنی گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها دەنگ هەڵدەبڕن دژی قڕکردنی ژنان و بۆ لەناوبردنی فاشیزم تێدەکۆشن، دەڵێن: "بۆ ئەوەی بتوانین ئازادی بژین و خۆمان بپارێزین، لە هەموو جێگەیەک خۆمان ڕێک دەخەین".

ژنان تەشەنەسەندنی شەڕ و توندوتیژی لە جیهاندا و داگیرکردنی کوردستان شەرمەزار دەکەن، بانگەواز لە ژنانی جیهان دەکەن بەرامبەر کارە قێزەونەکانی فاشیزم بێدەنگ نەمێنن و تێکۆشان مەزن بکەن، دەڵێن: "ئێمە ئیرادەی خۆمان لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و یەژاستار و یەژەشەوە وەردەگرین. بانگەوازی خۆپاراستن دەکەین و دەڵێین، پێویستە لە هەموو کات زیاتر ڕۆحی تێکۆشان بەهێزتر بکەین".

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەیان دەڵێن: "بە ڕۆحی سەردەمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە بۆتە دەنگی ژنانی جیهان و بۆتە سیمبولی ئازادی، دەنگمان هەڵدەبڕین. بە ڕێکخستنی هەموو ژنانی جیهان، ئازادی و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.