کۆنگرەی ستار: بە ئیرادەی ژنی ئازاد، سیاسەتی قڕکردن و داگیرکاری و گۆشەگیری لەناودەبەین

کۆنگرەی ستار بە ڕاگەیاندراوێک ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکاری پیرۆز کرد و گوتی: "لە دڵی شۆڕشی ژنی ڕۆژئاواوە ئەم نامەیە بۆ هەموو ژنانی بەرخۆدەر دەنێرین".

کۆنگرەی ستار بەبۆنەی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکارەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

کۆنگرەی ستار تیشکی خستەسەر گرنگی ٨ ی ئادار و گوتی: "بەبۆنەی ٨ ی ئادارەوە سەرەتا سڵاو لە هەموو ژنانی بەرخۆدەر دەکەین. ئەم ڕۆژە کە ژنان لە هەموو جیهان دەڕژێنە گۆڕەپانەکان، ئەنجامی دەسکەوتی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی ژنانە. ئەمە میراتێکی مێژووییە کە بە فیداکاری مەزنی ژنان گەیشتۆتە ئەمڕۆ و لە تێکۆشانی ئێمەدا زیندووە".

کۆنگرەی ستار لە کەسێتی کلارا زێتکین و ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ و ئەلیکساندەر کۆڵۆنتای و لەیلا قاسم و ساکینە جانسز و شیرین عەلەم هۆلی و مینا کیشوار و بێرتا کاسیرس هەموو ژنە شەهیدە تێکۆشەرەکان یاد دەکاتەوە. هەروەها سڵاو بۆ هەموو ژنە تێکۆشەر و شۆڕشگێڕەکانی جیهان دەنێرێت.

کۆنگرەی ستار دووپاتی دەکاتەوە شەڕ و توندوتیژی لە جیهاندا بەربڵاوە، ئەمەش دەریدەخات بەرخۆدان و تێکۆشانی ژنان دژی مۆدێرینیتەی سەرمایەداری و باوکسالاری چەندە گرنگە، لەئاستی جیهانی و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوین هێزە ڕاستڕەو و فاشیستەکان بەهێزبوون، ئەم شەڕ و پێشهاتانەش بەرئەنجامی زیهنیەتی باوکسالاری و پیاوسالارییە کە پێش هەمووان دژی ژن و تێکۆشانی ئازادی ئەنجام دەدرێت.

کۆنگرەی ستار تیشک دەخاتەسەر بە ئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگی کورد لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، هەروەها ئاماژە دەکات بە شەڕێکی تایبەت بە ئامانجی لاوازکردنی تێکۆشانی ژنان لەڕێگەی بەتاڵکردنەوەی ناوەڕۆکیانەوە، دەڵێت: "بەتایبەت تێگەی وەک سیاسەتی دەرەوەی فێمنیستی یان درووشمی ژن ژیان ئازادی کە لەلایەن سیاسەتمەدارە ڕاستڕەوەکانەوە دەگوترێتەوە، بەڵام ناوەڕۆک و واتا و ڕیشەی ڕاستەقینەی درووشمەکە پشتگوێ دەخرێت و تاوانبار دەکرێت و هەوڵدەدرێت تێکۆشانی چەند ساڵەی ژنان بەتاڵ بکەنەوە".

کۆنگرەی ستار جەخت دەکاتەوە سەرەڕای هەموو ئەمانە بەرخۆدانی ژنان نەوەستێنرا، دەڵێت: "باوەڕمان وایە ژنان ئەو هێزەن کە دەتوانن نەتەوەپەرستی و فاشیزم و باوکسالاری و کۆڵۆنیاڵیزم و هەموو جۆرە ستەمێک بشکێنن. بۆیە پێویستە وەک ژنان ستراتیژێکی هاوبەشمان هەبێت و دژی شەڕی ئیمپریالیزمی جیهانی، تێکۆشانێکی ئازادی جیهانی سەرپێ بخەین. دەبێت خەباتی هەموو هێزە دژە سیستەمەکان و ئەو تەڤگەرە جڤاکییانەی بە پێشەنگایەتی ژنان دەچنەپێش جیاواز لەیەکدی نەبینرێن. دەبێت هێزەکان پێکەوە بڕژێن و وەک تاڤگەیەک ببنە هێزی گۆڕینی جیهان. سەدەی ٢١ ببێتە سەدەی ئازادی ژن، دەتوانین لەڕێگەی دامەزراندنی فیدراڵیزمی دیموکراتیکی جیهانی ژنانەوە ئەمە بەدی بهێنین، چونکە پێکەوە بەهێزین".

کۆنگرەی ستار تیشک دەخاتەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا و دەڵێت: "وەک تەڤگەری ژنانی ڕۆژئاوا، ئەو جێیەی ١٢ ساڵ پێش ئێستە شۆڕشی ژنانمان تێدا دەستپێکرد، تا ئێستە هەموو ڕۆژێک ئەزموون دەکرێت و دەپارێزرێت، ئەم پەیامە بۆ هەموو ژنانی بەرخۆدەری جیهان دەنێرین".

کۆنگرەی ستار پشتیوانی خۆی بۆ هەموو ژنانی بەرخۆدەری جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین دەنێرێت و دەڵێت: "پشتگیری ئەو ژنانە دەکەین دژی سیاسەتی ڕاستڕەوانە و فاشیزم و چەوسێنەری نێو جەرگەی سەرمایەداری تێدەکۆشن".

کۆنگرەی ستار بانگەوازی مەزنکردنی تێکۆشانی کرد و گوتی: "بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەین ببنە یەک و تێکۆشانی هاوبەش بەهێز بکەن و ٨ ی ئادار بگۆڕن بۆ شۆڕشی جیهانی ژنان. ژن ژیان ئازادی".