كۆنگرەی ستار: تیرۆركردنی ناگیهان ئاكارسەل، تیرۆركردنی هەموو ژنان و گەلانە

كۆنگرەی ستار تیرۆركردنی سەرنووسەری كۆڤاری ژنۆلۆژی و ئەندامی ناوەندی لێكۆڵینی ژنۆلۆژی ناگیهان ئاكارسەل بەتوندی شەرمەزار دەكات و دەڵێت:"ناگیهان بەئیرادە، بەجەسارەت و خۆشەویستیەكی مەزن، درۆشمی"ژن، ژیان، ئازادی"كردەیی كرد.

لەسەر تیرۆركردنی ئەندامی ناوەندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ژنۆلۆژی و ئاكادیمسین ناگیهان ئاكارسەل كۆنگرەی ژنانی ستار"كۆنگرەی ستار"، راگەیەندراوێكی بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە.

كۆنگرەی ستار لەراگەیەندراوەكەیدا دەڵێت؛ بەداخ و په‌ژاره‌وه‌ ئەمڕۆ زانیاریمان پێگەیشت كە تێكۆشەری ئازادی ژنان و ئەندامی ژنۆلۆژی ناگیهان ئاكارسەل سەرلەبەیانی لەبەردەم ماڵەكەیدا لەشاری سلێمانی بووەتە ئامانجی كردەوەیەكی تیرۆریستی. ناگیهان بەئیرادە و جەسارەت و خۆشەویستیەكی مەزنەوە، درۆشمی"ژن، ژیان، ئازادی"ی بەكردەیی پێكهێنا. ناگیهان لەسەر زانستی ژنۆلۆژی كە رێنیشاندەری ژنی ئازاد، كۆمەڵگەیەكی ئازاد دەئافرێنێت، كار و خەباتی بەرێوە دەبرد.

كۆنگرەی ستار باسی له‌وه‌شكردووه‌؛ ئەم كردەوە تیرۆریستیە لەبەرامبەر بەناگیهان ئاكارسەل بەئاگایی و بەشێوەیەكی سیستەماتیك لەهەموو لایەكی كوردستان لەدژی شۆڕشی ژنان و گەلان بەرێوە دەبرێت. ئەم تیرۆركردنەی ژنە پێشەنگەی كۆمەڵگەی خۆی نە سیاسەتی دەوڵەتی كۆمەڵكۆژكاری توركە. ئەم هێرشە شۆڕشی ژنان و ئەو كەسانەی كە پێشەنگایەتی ئەو شۆڕشە دەكەن، دەكاتە ئامانج. بەهەمانشێوە لەرۆژئاوای كوردستان، شوێنگەی شۆڕشی ژنان، دەوڵەتی توركی داگیركەر هەوڵدەدات بەتیرۆركردن و كۆشتنی ژنانی سیاسی، تێكۆشانی ژنان ئاستەنگ بكات. بەڵام پێداگری، ئیرادە و هێزی ژنانی ئازادیخواز لاواز نابێت و ئاستەنگ ناكرێت، ئەوا بێگۆمان وەڵامدانەوەمان بەرێكخستن كردنی شۆڕشی ژنان لەهەموو جیهاندا بێت.

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەی كۆنگرەی ستاردا هاتووە؛ بەرپرسیاریەتی و بەئامانج گرتنی تێكۆشەران و بەتایبەتی ژنانی ئازادیخواز لەپلەی یەكەمدا لەئەستۆی حكومەتی هەرێمی باشوری كوردستان و بەتایبەتی پەدەكەیە. پەدەكە بەرپرسە لەبەرامبەر بەشەهیدخستن و تیرۆركردنی پێشەنگانی گەل. دەبێت لەو كەسانەی بەرپرسی ئەو كردەوە تیرۆریستیانەن حیساب بخوازرێت و ئەو بێدەنگیە نێونەتەوەییە لەبەرامبەر بە تیرۆركردنی ئەو چالاكڤانە دیموكراتیكخوازانە بشكێندرێت و رێگە لە هێرش و كردەوەی وەها بكرێت.

كۆنگرەی ستار ئەوەشی ووتووە؛ ئەوە كردەوەیەكی هاكەزایی نییە كە لەم كاتەدا كە لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و سەرانسەری جیهان، هاوار دەكرێت"ژن، ژیان، ئازادی" و سیستەمی دەوڵەت ـ نەتەوە كە پشت بەزیهنیەتی پیاوسالاری دەبەسترێت دەهەژێنن و ئەو كەسانەی كە ئەم درۆشمەیان بەژیانی كردوە، دەكرێنە ئامانج. ئەو هێرشەی لەسلێمانی پێكهاتووە، هێرشێكە لەبەرامبەر بەهەموو ژنان و گەلان.

هـ . ب