کەرکوک، پانێلێک بۆ ٣ دایکی کوردی قوربانی جینۆساید بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک، بەبۆنەی رۆژی ٨ی مارس، پانێڵێک بۆ ٣ دایکی کوردی قوربانی تاوانەکانی بەدناوی ئەنفال و جینۆساید سازکرا.

ئەمرۆ شەممە رۆژی ٩ی مارس، لە پەیمانگای "عیلم" لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، پانێڵێک بۆ ٣ دایکی کوردی قوربانی دەستی تاوان و جینۆسایدەکانی ڕژێمی پێشووی بەعس سازکرا، کە هەریەکە لەو ژنانە خاوەن چیرۆکێکی تایبەت بوون لە جینۆسایدەکانی سەر گەلی کورد، لە پانێلێکدا ئەو دایکانە بەشێک لە کێشەکانیان باسکرد، هەروەها سەرکۆنەی حزبەکانی دەسەڵاتیان کرد کە تا ئێستا تاوانبارانی کەیسی جینۆسایدی کورد لە سەرۆک جاش و ئەنفالچیەکانیان داڵدە داوە و لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق بە ئازادانە دەگەڕێن.

چاوەڕوانم دوو منداڵە ونبووەکەم بدۆزمەوە

لە پانێلەکەدا شەونم عەبدوڵا دایکی منداڵی ونبوو، لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا وتەکانی پێشکەش کرد و وتی: "ماوەی ٣٦ ساڵە لە چاوەڕوانیدام دوو منداڵم بدۆزمەوە، هەمان کات پێنج خوشک و برام لە تاوانی کیمیابارنکردنی هەڵەبجە کە ڕژێمی بەعس ئەنجامیدا لەدەستداوە".

لە درێژەی قسەکانیدا شەونم عەبدوڵا، داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەنتەرێکی مایکرۆجین، لە ئاستی پێشکەوتوودا بکاتەوە، بۆ ئەوەی کاتێک منداڵێک بە هەڵەبجەی خۆی دەناسێنێت، پشکنینەکەی هاوتا بکرێتەوە لە گەڵ ئەو کەسانەی منداڵیان لێ ونبووە، ئەگەر لەگەڵ نموونەی خوێندی دایک و باوکەکەیدا یەکی گرتەوە ئەو کات ئاشکرا بکرێت و ئاهەنگی بۆ بکرێت، من هەر چاوەڕوانم، لە هەر شوێنێک منداڵێکی هەڵەبجە هەبێت ئامادەم لە سەر گیرفانی خۆم بڕۆم بە دوایدا.

حکوومەتی هەرێم بێ خەمە و باکیان بە هیچ نیە

تەمین حەمید، شایەتحاڵی جینۆسادی شاڵاوی بەدناو ئەنفال باسی لە بەشداریکردن لە دادگایکردنی سەدام حسێن، سەرۆکی رژێمی بەعسی لەناوچوو کرد و ڕایگەیاند: "من ناوی هەموو کەسە ئەنفالکراوەکانم پێشکەش بە دادگای ئەوکاتە کرد، کە زیاتر لە ١٠٠کەس بێسەرووشوێنە جگە لە ژن ومنداڵ، کاتێک سەدامم لە قەفەزی تاواندا بینی، ویستم پێڵاوکانی تێبگرم، بەڵام ئاگادار کرامەوە ڕێگەپێدراو نیم، پێیان وتم هەر سوکایەتیەک پێتخۆشە دەتوانی بە زمان و وشە پێی بڵێت، ڕووبەڕوو ناوی براکانمم لە سەدام پرسی، وتم چیت لەو هەموو خەڵکە ئەنفالکراوە کرد، وتم ئەگەر زیندوون یان ئێسک و پروسکیان بێت ئاشکرای بکە بۆمان، هیچ وەڵامێکی نەدامەوە، من بۆ ئەوە چووم بەشداریم کرد لە دادگاییکردنەکەدا، بەڵام حکوومەتی هەرێم بێ خەمە وباکیان بە هیچ نیە".

حکومەت و وەزیری شەهیدان پێویستە بێنە دەنگ

سوەیلە مستەفا، ژنە ڕزگاربوی تاوانی ئەنفالە، باسی لە داڵدەدانی جاش و ئەنفالچیەکان کرد لە لایەن دەسەڵاتی پەدەکە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە و ئاشکرای کرد: "ئێمە تەنها لە بەر ئەوەی کوردبووین جینۆساید و زیندە بە چاڵکراین، داوا دەکەین لە بەرپرسەکان هەتا کەی جاش، سەرۆک جاش و مستەشارەکان لە پەنای خۆیان داڵدە دەدەن، بە تاییەت پەدەکە زۆر پشتیوانی لە جاش و ئەنفالچیەکان دەکات و کار ئاسانییان بۆ دەکات کە بە ئازادی بمێننەوە".

سویلە مستەفا ڕاشیگەیاند: "مافی خۆیانە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و وەزیری شەهیدان بێنە دەنگ لە سەر مافەکانیان، چونکە بە خوێنی شەهیدەکانی ئێمە لەو پێگەیە دانیشتون، ئێمەی ژنانی کەسووکاری ئەنفال، لە دوای ئەنفالیش قوربانی دەستی کۆمەڵگا بووین، چەندین ژن کوژران لە پێناو ئەوەی دەڕۆشتن نان بۆ منداڵەکانیان پەیا بکەن قبوڵیان نەدەکرد".