کشاناک: لە نووسینەوەی مێژوو بەردەوام دەبین

لە ئەنقەرە بەبۆنەی ٨ ی ئادار ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا. لە ڕێپێوانەکەدا نامەی کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی شاری مەزنی ئەنقەرە گوڵتان کشاناک بۆ دەنگدەرانی ئەنقەرە خوێنرایەوە.

پلاتفۆرمی ژنانی ئەنقەرە بەبۆنەی ٨ ی ئادارەوە ڕێپێوانێکی ڕێکخست، لە ڕێپێوانەکەدا درووشم و پانکارت و وێنەی گوڵتان کشاناک بەرزکرایەوە. ژنان بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگەوە بەشداری ڕێپێوانەکە بوون.

پاشان ڕاگەیاندراوێک بە زمانی کوردی و تورکی خوێنرایەوە.

دووپاتکرایەوە، هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە بە سیاسەتی دژایەتی ژنان هێرش دەکاتە سەر مافە بنەڕەتییەکانی ژنان، ئێمەش خاوەنداری لە ماف و ژیانمان دەکەین.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لە پتەوکردنی بەرخۆدان کرایەوە و سڵاو لە بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوا و بەرخۆدانی گەلی فەڵەستین کرا.

پاشان نامەی گوڵتان کشاناک لەلایەن وتەبێژی ژنانی ئەنقەرەی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) ئەمینە ئاکیلدز خوێنرایەوە.

لە پەیامەکەیدا کشاناک پیرۆزبایی ٨ ی ئادار لە تەواوی ژنان دەکات، دەڵێت: "ئێمە لە مێژوودا هەردەم هەبووین، هەین و هەر دەبین... ئێمە مێژوومان نووسی و لە نووسینەوە مێژوو بەردەوام دەبین". هەروەها کشاناک سڵاوی بۆ ژنانی غەززە و شەنگال و کۆبانێ نارد و ڕایگەیاند هاواری ژن ژیان ئازادی ژینی ئەمینی لە جهیاندا بڵاودەکەنەوە.

کشاناک جەختی لەوە کردەوە ژنان بۆ ئازادی خۆیان پێویستە شارەکانی خۆیان بەڕێوەببەن. هەروەها لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە ڕێکخستن و پشتیوانی و تێکۆشانی ژنان مەزنتر دەکەن و سەردەکەون. 

پاشان ژنان درووشمیان بەرزکردەوە و چەپڵەیان لێدا، چالاکییەکە بە بەرزکردنەوە درووشم و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.