کەژار داوای کرد پشتگیری لە زیندانیانی سیاسی بکرێت

کەژار سەرنجی بۆ گوشارەکانی سەر زیندانیانی سیاسی ڕاکێشا و وتی:"زیندان قەڵای تێکۆشان و بەرخۆدانە. ئێمە درێژە بە تێکۆشانمان بۆ ئازادی ژنان دەدەین و داوا لە هەموو چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەکەین ببنە دەنگی زیندانییەکان."

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی ئەندامی کەژار، کە لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە ڕفێندراوە و بێسەروشوێنکراوە، هەروەها دەربارەی گوشارەکانی سەر زیندانیانی ژن ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ترسی خستووەتە دڵی حکوومەتی ئێران و وەها بەردەوام بووە: "سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە هێزی بە ژنان بەخشی، سەرەڕای گشت گوشارەکان بەردەوامە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاشکرا بووە، زەینەب جەلالیان کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە و ماوەی چەند ساڵێکە لە زینداندایە؛ جارێکی دیکە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە. ماوەی ١٦ ساڵە، زەینەب جەلالیان سەرەڕای ئەو هەموو ئەشکەنجەیەی حکومەتی فاشیستی ئێران، پاشەکشەی نەکردووە.

زەینەب جەلالیان ئێستا لە زیندانی یەزددایە. نەخۆشە و برینی دەم ددان و چەند نەخۆشیەکی تری هەیە. سەرەڕای هەموو ئەمانە، ڕێگە نادرێت چارەسەری وەربگرێت و بینایی چاوی کەم بووەتەوە. ساڵانێکە هێرش و توندوتیژی دژی زەینەب جەلالیان بەردەوامە، بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعات ساڵانێکە گوشاریان بۆ هێناوە پەشیمانی دەرببڕیت، بەڵام سەرەڕای هەموو گوشارەکان ماوەی ١٦ ساڵە خۆڕاگری دەکات.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ڕاگەیەندراوە، ڕژێمی ئێران هەرگیز لە ڕێگەی گوشارەوە ئەنجامی وەرنەگرتووە و ڕاگەیەندراوە دەوڵەت دژی  ژنانە، بەتایبەت ژنانێکە لە بواری شوناسدا باسی بوونی خۆیان دەکەن، بە بەربەست دەزانن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە"هاوڕێیانمان وریشە مورادی، گۆڵڕوخ ئیبراهیمی ئیرایی، پەخشان عەزیزی و نێرگس محەممەدی لەم پرۆسەیەدا چالاک بوون و سەبارەت بە ناسنامەی ژن و بوونیان و مافەکانیان بۆچوونی خۆیان دەربڕی. ڕژیم بە لێپرسینەوە، گوشار لەسەر بنەماڵە، سانسۆر و شتی دیکە شەڕی دەروونی دژی ژنان بەردەوامە، زیندانەکان بوونەتە ئاوێنەی کۆمەڵگا، ماڵ، شار، شەقام و هەموو شوێنێک بوونەتە گۆڕەپانی بەرخۆدان و لێک دانابڕێن، نە بە سێدارەدان، نە سزای هەتاهەتایی، نە ئەشکەنجەدان ئامانجی ڕێژیم بەدی نا‌هێنن، چونکە مێژوویەکی دوور و درێژی بەرخۆدانی ژنان و زیندانەکان هەیە، بینیمان کۆمەڵگای ئازادیخواز چۆن بوو بە دەنگی ژنانی چالاک لە هەر لایەکی ئێرانەوە.

لەلایەکی دیکەوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا دوای گواستنەوەی پەخشان عەزیزی بۆ زیندانی ئەوین، ئاشکرا بوو سەمیرە سەبزیان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. سەمیرە ژنێکی گەنجە و ماوەی دە ساڵە لە زینداندایە. دایکی دوو منداڵە و حکومەتی دژە ژنی ئێران هەوڵی لەسێدارەدانی دەدات.

کەژار بەردەوام پێیوابووە کە زیندانەکان قەڵای تێکۆشان و بەرخۆدانن. زۆرێک لە ژنان لە تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا گیانیان فیدا کرد. ئێمە ڕایدەگەیەنین لە تێکۆشانمان بۆ ئازادی ژنان بەردەوام دەبین و داوا لە هەموو چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەکەین ببنە دەنگی زیندانیانی سیاسی.