کەژار: دەوڵەتی تورکی فاشیست ناتوانێت دەنگی ئازادیخوازیی ژنان کپ بکات
کەژار بە ئاماژەدان بە تیرۆرکردنی دوو رۆژنامەنووسی ژن لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە رایگەیاند: "دەوڵەتی تورکی فاشیست ناتوانێت دەنگی ئازادیخوازانەی ژنان کپ بکات".
کەژار بە ئاماژەدان بە تیرۆرکردنی دوو رۆژنامەنووسی ژن لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە رایگەیاند: "دەوڵەتی تورکی فاشیست ناتوانێت دەنگی ئازادیخوازانەی ژنان کپ بکات".
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە، رایگەیاند: " ژنانێکی وشیاری وەک رۆسیدا مێردین، دەنیز فورات، گوڵستان تارا هێرۆ بەهاین و پەخشان عەزیزی.. ئەرکی رۆژنامەگەری بە باشی رادەپەڕێنن، ئەوان بە بەهای گیانیان، ژیانی ئازادیان کریوە و کردوویانەتە دیاری بۆ کۆمەڵگە."
هەروەک راشیگەیاندووە: " رێگەی شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین درێژەی هەیە، چونکە ئەوان لە پێناو رۆشنکردنەوەی کۆمەڵگە هەنگاوی زۆریان نا و لە بەرامبەر هیچ هێرش و پەلامارێکدا بێدەنگ نەبوو، کەواتە هەر یەک لە ئێمە ئەرکە و لەسەرمانە کە درێژەدەری رێگەی ئەوان بین و رێگە نەدەین ئەم بەشەی کوردستان ببێتە گۆڕەپانێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی نامرۆڤانەی دەوڵەتی تورک و خیانەتی بنەماڵەی بارزانی. "
دەقی راگەیەندراوەکەی کۆمیتەی راگەیاندن و چاپەمەنی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بەم جۆرەیە:
دەوڵەتی تورکی فاشیست ناتوانێت دەنگی ئازادیخوازیی ژنان کپ بکات
دەوڵەتی تورک رۆژ لە دوای رۆژ هێرشەکانی لە دژی ژنان لە هەموو بوارەکاندا چڕتر دەکاتەوە و ئامانجی ئەم هێرشانە لەناوبردنی راستییە کە جارێکی دیکە بە پێشەنگایەتی ژنان لە هەر چوار بەشی کوردستان ئاشکرا بووە. ئەو ژنانەی توانیان لە چیاکانەوە تا شەقامەکان و لە شارەوە تا گوندەکان، لە سەکۆ و تریبونی راگەیاندنەوە تا زیندانەکانیان کردووە بە گۆڕەپانی تێکۆشان و بەرخودان و لە هەموو شوێنێک دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێنەوە. ئەو ژنانەی ترس و لەرزیان خستووەتە گیانی دەسەڵاتێکی فاشیستی وەک دوڵەتی تورک، کە دەیەوێت بەژنی پێنوس بچەمێنێتەوە، بێدەنگی دەرخوارد وشە بدات و هاوارەکان لە سنگدا بخنکێنێت. پەلاماری ئاسمانی و زەمینی بە دڕندانەترین شێوە لە دژی گەریلاکانی ئازادیخوازی کوردستان و تیرۆری چالاکوانانی بوارە جیاجیاکانی وەک کۆمەڵایەتی، ژنان، راگەیاندن و هاووڵاتیانیش نمونەی زەقی ئەم پەلامارانەیە. لە راستیدا دوژمنایەتی دەوڵەتی فاشیستی تورک، لە دژی ژنان زۆر روون و ئاشکرایە. چونکە ژنان سەرباری هەموو سەرکوت و سانسۆرێک بوونە دەرچەی هیوا بۆ تەواوی کۆمەڵگەی ئازادیخواز.
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە لاوازترین قۆناغی خۆیدایە، لەلایەکەوە بەرخودان و تێکۆشانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بووەتە مایەی خوڵقاندنی دەستکەوتنی گەورە لە کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، بە جۆرێک ئەوان بوونە گەورەترین خاڵی هیوا، لەلایەکی دیکەوە ئەو رۆژنامەوانانەی راستیو حەقیقەت دەدرکێنن و پەردە لەسەر درۆکانی دەسەڵاتی داگیرکەر دادەماڵن، ترس تۆقینی زۆریان خستووەتە دڵی حکومەتی ئاکەپە، وەها حکومەتێک کە لە سەر بنەمای درۆ، دزی، دەستدرێژی،دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی سەرجەم مافەکانی توێژەکانی کۆمەڵگە، ئەشکەنجە، دەستگیرکردن و کۆمەڵکوژی دروست بووە، پێنوس، کامێرا و سەکۆی رۆژنامەوانان بە مەترسی بۆ سەر خۆی دادەنێت، هەربۆیە هەوڵ دەدات کە هێرش و پەلامارەکانی بۆ ئەم گۆڕەپانەی تێکۆشان زیاد بکات و بۆ ئەنجامدانی کردەوە دڕندانە هیچ سنورێک ناناسێت.
لەلایەکی دیکەوە بنەماڵەی بارزانی سیاسەتی نامرۆڤانەی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان جێبەجێ دەکات و لە هەوڵی ئەوەدایە تا رەوایەتی بە خیانەتەکان لە دژی گەلی کورد بدات. ئەوەی ئەمرۆ پەدەکە دەیکات، دەستکەوتێکی جگە لە شەرمەزار لە داهاتوو بۆئەوان نابێت. هەم پرسی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و هەم بابەتی کردنەئامانجی هاووڵاتیان و چالاکوانانی بوارە جیاجیاکان لە باشوری کوردستان، رێک هەڵگری ئەو پەیامەیە کە دەوڵەتی تورک، کوردی ئازادیخوازی کردووەتە ئامانج. پەدەکەش رێگەی بۆ ئەم کردەوە دڕندانەیە کردووەتەوە. رێک لەو کاتەی دوو ئەندامی راگەیاندنی ئازاد لە کوردستان دەکرێنە ئامانج، میدیای سەر بە هێزەکانی دژەتیرۆری پەدەکە درۆ وبانگەشەی بێ بنەمایان بڵاوکردەوە، یەکێک ئامانجی وشیارکردنەوەی گەلانە و ئەویتر نکۆڵی لە راستیەکان. لەم ڕووەوە کە ئەو ژنانەی کە بوونە دەنگی ئازادیخوازی کۆمەڵگە، دەکرێنە ئامانج. ژنانێکی وشیاری وەک رۆسیدا مێردین، دەنیز فورات، گوڵستان تارا هێرۆ بەهاین و پەخشان عەزیزی.. ئەرکی رۆژنامەگەری بە باشی رادەپەڕێنن، ئەوان بە بەهای گیانیان، ژیانی ئازادیان کریوە و کردوویانەتە دیاری بۆ کۆمەڵگە. لێنزی کامێرای دەنیز فورات، جگە لە راستی و حەقیقەت لە هیچ شتێکی دیکەی نەدەڕوانی. پێنوسی بەهێزی هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا، قسەی دڵ و ناخی کۆمەڵگایان دەنوسیەوە، رۆسیدا مێردین کە توانی راستینەی تێکۆشانی ئازادیخوازی بۆ چەندەها جار بگەیەنێتە بەر گوێی جیهان و نوسینەکانی پەخشان عەزیزی کە توانی ببێتە ڕێنیشاندەری ئازادیخوازان، هەر هەمووی دەرخەری یەک راستیە و ئەوەش بریتیە لەوەی "ژنی وشیار، کۆمەڵگا وشیار دەکاتەوە".
لە کۆتاییدا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم کردەوە دڕندانەیەی دەوڵەتی تورکی فاشیست، سەرەخۆشی لە کۆمە:گەی رۆژنامەنووسان، بنەماڵەی شەهیدان و هەموو ژنانی ئازادیخواز دەکەین و رایدەگەیەنین کە ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکی فاشیست، نەک هەر نابنە مایەی بڵاوبوونەوەی ترس و تۆقین، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچانی ئازادیخوازانی لێدەکەووێتەوە. لە بەرامبەر ئەو خیانەتەی بنەماڵەی بارزانی، بەرخودانێکی نمونەیی لە ئارادایە کە نەک هەر کوردستانییە، بەڵکوو گەیشتووەتە ئاستی جیهانی و رۆژ لە دوای رۆژ فراوانتر دەبێت. بێگومان، رێگەی شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین درێژەی هەیە، چونکە ئەوان لە پێناو رۆشنکردنەوەی کۆمەڵگە هەنگاوی زۆریان نا و لە بەرامبەر هیچ هێرش و پەلامارێکدا بێدەنگ نەبوو، کەواتە هەر یەک لە ئێمە ئەرکە و لەسەرمانە کە درێژەدەری رێگەی ئەوان بین و رێگە نەدەین ئەم بەشەی کوردستان ببێتە گۆڕەپانێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی نامرۆڤانەی دەوڵەتی تورک و خیانەتی بنەماڵەی بارزانی.