کژار: لە ٨ی مارسدا رۆحی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی لە هەموو شوێنێک بڵاودەکەینەوە

کژار: لەگەڵ ژن ژیان ئازادی بەرەو شۆرشی ژنان دەچین، بەم رۆح و وشیارییەوە ٨ی مارس لە هەموو ژنان پیرۆز دەکەین.. وەرن لەم بۆنەیەدا رۆحی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی لە هەموو شوێنێک بڵاوبکەینەوە.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بەبۆنەی ٨ی مارس (ئادار) رۆژی جیهانی ژنانی رەنجدەر و تێکۆشەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا پیرۆزبایی ئەو رۆژەی لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردووە، کە "رێنیشاندەری سەرجەم ژنانە لە رەوتی رزگاری و ئازادییان". داواشی لە سەرجەم ژنان بەتایبەتی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە، کە بە شێوەی کارا بەشداری لە هەڵمەتی نێونەتەوەیی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کورد بکەن، کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لەسەرتاسەری جیهان دەستیپێکردووە.

کژار هەروەها پیرۆزباییشی لە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە کە بە تێڕوانینی پێشکەوتنخوازانەی "ژن، ژیان، ئازادی" رۆڵی کارا و پێشکەوتنخوازانەیان بەئاراستەی گۆڕانکاری ریشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گێڕاوە و رایگەیاندووە: "لە ئاسۆی گەیشتن بە ئازادیدا بەرەوپیری قۆناغێکی دیکەی تێکۆشانەکانی ٨ی ئادار دەچین".

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: " بە رۆحی خۆڕاگری ٨ی مارسی ٢٠٢٤، لە بەرامبەر سیاسەتی ژنکوژانەی رژێمی کۆلۆنیالیستی ئێران، پەرە بە رێکخراوبوونی خۆمان دەدەین و یەکگرتووییمان بەهێز دەکەین. ئێمە بە هەموو بزوتنەوەکانی ژنان لە جوگرافیای سیاسی ئێران، بە ژنانی چالاکوان، فیمینیست، ئیکۆلۆژیک و چالاکوانانی ئازادیخواز دەڵێین، کە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ئێمەی لە یەکتر نزیک کردەوە، لەمەودوا پێویستە ئەم یەکگرتووییە زیاتر پەرەی پێبدرێت.

لە کۆتاییدا؛ ئێمە "بە ژن، ژیان، ئازادی" بەرەو شۆڕشی ژنان دەچین. بەم رۆح و وشیارییەوە، ٨ی مارس لە هەموو ژنان پیرۆز دەکەین. داوا لە هەموان دەکەین کە لە بەرامبەر فاشیزم، پیاوسالاری هەژمونگەرا و تیرۆریزمی دەوڵەتی، خۆبەڕێکخستن و خۆپاراستنیان پەرەپێبدەن و لە بەرامبەر فاشیزم، نەتەوەپەرەستی، رەگەزپەرستی، ئایینپەرستی و پۆزیتیڤیزم کە کۆڵەکەکانی سیستمی پیاوسالارین، تێبکۆشن! وەرن لە ٨ی مارسدا رۆحی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو شوێنێک بڵاوبکەینەوە".

دەقی راگەیەندراوەکەی کژار:

بۆ رای گشتی، کۆمەڵگەی ئازادیخواز و ژنانی تێکۆشەر و خەباتکار

بە جۆش و خرۆش و هیوایەکی تایبەتەوە پێشوازی لە رۆژی جیهانی ژنان دەکەین. بە خۆشەویستی و رێزەوە پیرۆزبایی لە رێبەر ئاپۆ دەکەین کە لەگەڵ هەموو ژنان لە رێگەی رزگاری و ئازادیدا یارمەتیدەر و رێنیشاندەر بووە و نمونەی دیاری هاوڕێیەتی راستەقینەیە. رۆژی جیهانی ژنان لە هەموو ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بە روانگەی پێشکەوتووی "ژن، ژیان، ئازادی" رۆڵی کارا و پێشکەوتنخوازانەیان بە ئاراستەی گۆڕانکاری ریشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گێڕا، پیرۆز دەکەین. لە ئاسۆی گەیشتن بە ئازادی پێشوازی لە قۆناغێکی دیکەی تێکۆشانەکانی ٨ی ئادار دەکەین.

بەبۆنەی هەشتی مارس، رۆژی جیهانی ژنان، یاد و بیرەوەری سەرجەم شەهیدانی ژنی قارەمان کە بەرامبەر هێزە ستەکمارەکانی سیستمی پیاوسالاری چۆکیان دانەدا و مەشخەڵی ئازادی و هێڵی بەرخودانیان بە هەڵوێستی تێکۆشانی "ژن، ژیان، ئازادی" و بەرخودان بە زیندوویی راگرتووە و لەو پێناوەدا قوربانییان بەخشیوە، بەرزڕادەگرین و بە رێزەوە لەبەردەمیاندا بەژنی خۆمان دادەنەوێنین. رێز و سڵاو ئاراستەی ئەو ژنانە دەکەین کە دوابەدوای تاوانی کوشتنی ژینا ئەمینی لە سەر دەستی دەوڵەت، لە رێگەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بوونە هێمای خۆڕاگری و تێکۆشان و هێڵی بەرخودان، کە لە هاوڕێیان کلارا زێتکینەکان، رۆزا لوکسەمبورگەکان، سەکینە جانسزەکان، شیرین عەلەمهولی، زەینەب کناجی، زیلان پەپولە، سەما یوجە، دەلال ئامەد، روکەن، سارا، لەیلا ئامەد، ئاخین موش، زیلان کونیا، بێریڤان زیلان، مزگین رۆناهی، رۆژدا کوتول، زەلال حەسەکە، ئارین ئاری و سورخوێن ماکۆیان بە میرات وەرگرتووە و لە چوار بەشی کوردستان ورۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان ئاڵای تێکۆشانیان شەکاندووەتەوە.

لەم سەدەیەدا کە سەدەی ژنانە، بە رێکخراوبوونی ژنان و کۆمەڵگە لە بەرامبەر توندوتیژی و فاشیزمی پیاوسالارانە بەرەو سەرکەوتن دەچین، ئێمە بە هێز و ئیرادەی ژنانی رێکخراو، پانتایی تێکۆشانمان پەرەپێدەدەین و پارێزگاری لێدەکەین. لە کاتێکدا کە بەرەوپیری هەشتێکی مارسی دیکە دەچین، وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) رایدەگەیەنین، کە هەبوونی بوار و ورەی کۆمەڵایەتی بەرەنجامی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" جەخت لە پێکهێنان و رێکخستنی نەتەوەی دیموکراتیک لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەینەوە و هەروەها رژد و پێداگرین لەسەر بەئاکام گەیاندنی تێکۆشانمان بۆ دیموکراتیزەکردنی ئێران و لە هەوڵداین کە کردەوە دوژمنکارانەکانی پیاوسالاری و توندوتیژی دەوڵەتی کە لەلایەن رژێمی کۆلۆنیالیستی ئێرانەوە پەرەی پێدەدرێت، رابگرین. دەسەڵاتی دژە ژنی ئێران، لە ناسنامەی ژنانی چالاک و تێکۆشانەکانیان تۆقیوە و رۆژانە بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵ بۆ سەرکوتی چالاکییەکانیان دەدات، لەمڕووەوە پێویستە ببینە دەنگی سەرجەم زیندانیانی سیاسی بە تایبەتی زەینەب جەلالیان و هاوڕێکانمان جوانا سنە، گوڵرۆخ ئیرایی، بەهارە هیدایەت، سپێدە قولیان و پەخشان عەزیزی.

یاساکانی دژە ژن، هەڵقوڵاوی سیاسەتی و ئەقڵیەتی پیاوسالارین، کە ئامانجیان گۆشەگیرکردنی کۆمەڵگەیە. ئەمڕۆ وێڕای هەبوونی راستی دەسەڵات-دەوڵەت، بە تایبەتی لە رژێمی ئێران و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئەقڵیەتی سەردەستەیی پیاو تیایاندا زاڵە، رهەندی گەورەتری توندوتیژی دژی ژنان، وەک دەستدرێژی، ژن کوشتن، تاوانی کۆمەڵایەتی و قڕکردن جێبەجێ دەکرێت. لەئێران هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵی، کوشتن لە ژێر ناوی شەرەف، کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی خۆکوشتن، توندوتیژی خێزانی، کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی لە بەرزترین ئاستدایە و رۆژانە لە هەڵکشاندایە. لە یەکەم مانگی ساڵی ٢٠٢٤، چوار ژن لە یەک رۆژدا لە سێدارە دران. لەسێدارەدران تاوان لە دژی مرۆڤایەتیە. لەسێذارەدان مایەی شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی. لەسێدارەدان کردەوە و چییەتی فاشیزمە، کەواتە وەرن جینۆساید لە دژی ژنان و کولتوری ژنان رابگرین و لە بەرامبەر ئەم دڕندەییە نامرۆڤانەدا بوەستینەوە. لەبەرامبەر هێرشە و سیاسەتەکانی سیستمی پیاوسالاری، بە توانایەکی چڕتر، سیاسەتی شەڕی تایبەت و کۆمەڵکوژی ژنان کە وێرای یاسا و رێنماییەکان لەشفرۆشی، ماددەی هۆشبەر، بەسیج و هاوسەرگیری کاتی کە بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێندرێت، رابگرین. وەرن لە دژی هەموو توندوتیژییە دەوڵەتی و سوڵتەخوازییەکانی پیاوان بڕژێینە گۆڕەپانەکان و هەوڵی هێانەدی داواکارییە ئازادیخوازیەکانمان بدەین!

رژێمی کۆلۆنیالیستی ئێران بە چڕکردنەوەی توندوتیژی رۆژانە لە دژی جەستەی ژنان لە ژێرناوی حیجاب، پەرە بە رەوتێکی پلانبۆداڕێژراو دەدات. بۆ پاشەکشێپێکردن بە دەستکەوتەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، رەوایەتی بە تیرۆریزمی پیاوانە-دەوڵەتی دەدات و لە هەوڵدایە تا لە یادگەی کۆمەڵگەدا ئاسایی بکاتەوە. سەرجەم ئەو کوشتنانەی کە لە ژێر ناوی شەرەف و حیجاب ئەنجام دەدرێن، لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێن، کە بە جێبەجێکردنی سزای جیاجیا لە رووی یاسایی، پاڵنەری کوشتار لە ئاستی جینۆسایدە. بە تێپەڕبوونی یەک ساڵ و نیو بەسەر شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بە قۆناغێکدا تێپەڕەدەبین کە ژنان زیاتر لە هەمووان رووبەڕووی توندوتیژین. لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا هێز و ئیرادەی بەردەست، ئیرادەی رێکخراوی ژنانە. ژنان لە رێگەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" هێزی گۆڕانکاری و هێزی روولەگەشەی سەرەکی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانن. ژنان ئیرادەی ژیانی ئازاد و گۆڕانکاری و وەرچەرخانن. لەم تێکۆشانەدا کۆچبەری و هەڵکشانی هەژاری و هەروەها فشاری دەرونی و جەستەیی چڕ دەخرێتە سەر ژنان و خەڵک. هەبوونی ژنان و داهاتووی کۆمەڵگا بە سەپاندن و سیاسەتی ئازار و گێچەڵپێکردن و دەستدرێژی دەکرێتە ئامانج و پەلامار دەدرێت. هەوڵ دەدرێت تا تێکۆشانی خەڵک و ژنان لە رێگەی سیاسەتی هەڵقوڵاو لە ئەقڵیەت و جینۆساید کە لە رەهەندە جەستەیی، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوە دەسەپێندرێن، کۆتاییان پێبهێندرێت و لەبەریەک هەڵبوەشێندرێتەوە. شەڕی جیهانی سێهەم لە بنەڕەتدا وەک هێرشی هەڵگەڕاوەی پیاوسالاری بە ئامانجی لەناوبردن و قەڵاچۆکردنی گۆڕانکارییەکانی سەدەی بیست و یەکەم لە روانگەی شۆڕشی ژنان و بە تایبەتی لە دژی تێکۆشانی رێکخراوی ژنان و پەرەپێدان بە ئازادی ژنانی کورد، کە ئیلهامی پێبەخشی، لە ئارادایە. شەڕی غەزە و دۆخی ئێران و ئەفغانستان نمونەی بەرچاو و دیاری ئەوەیە. کەواتە وەرن بە بەهێزترکردنی رێکخراوبوونمان لە بەرامبەر هەژمونگەرایی تالیبانی ستەمکار، هاوپشتی خۆمان لە رێگەی یەکڕیزی و رێکخستنی ژنان زیاد بکەین!.

ئەم راستیە کە سەدەی ٢١، سەدەی ئازادی ژنانە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە دروشمی ئەفسوناوی "ژن، ژیان، ئازادی" خۆی بەرجستەتر و هەستپێکراوتر کردووە. ژنانی جیهانیش لە سەما و هەڵپەڕکێی ئازادییەدا بەشداربوون و چەندین جار نیشانیادا کە لەگەڵ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندان. سەما و هەڵپەڕکێی ئازادیی ژنان و خەڵک لە رێگەی ئەندێشەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە جیهانی بووە. ژنان بە رێکخستن لە هەموو ئاستەکان و بە خۆڕاگری بەهێز و ئیرادەیان بۆ گۆڕینی سەدەی ٢١ بە سەدەی ژنان بڕیارداری و پێداگرییان هەیە. ئەوان ە رێگەی بەرگریی لە خۆیان، رێکخستنی کۆمەڵگا، نوێنەرایەتی لە سیاسەتی دیموکراتیک، ئەندێشە و ئامانجیان هێناوەتە کایە و بە بیرۆکەکانیان گۆڕانکارییان هێناوەتە ئارا و لە بونیادنانی ژیانی ئازادی رۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێرن.

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەرکەوتنی پاڕادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێشەنگایەتی دەکات. مزگێنیدەری دەرکەوتن و پەیدابوونی کۆمەڵگەی نوێ بە دەوری ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنانە. بە روانگەی ستاتیکایی (جوانیناسانە) و رۆحی ژیان، هاندەری تێکۆشانە بۆ تێکۆشان لە پێناو بونیادنانی ژیانی ئازاد. ئەمساڵ بەم جۆش و خرۆشە بەرین و فراوانەوە خۆمان بۆ پێشوازی لە ٨ی مارسی ٢٠٢٤ ئامادە دەکەین. ژنانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نیشانیاندا کە رەوتی شۆڕش، تائێستاش زیندووە و ئەنجام و لێکەوتەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەردەکەون. شکستی هەڵبژاردنی ١١ی رەشەمێ، بە تەواوەتی دەرخەری نەبوونی رەوایەتی رژێمە. هەڵبژاردنێک کە لە دژی ئامانجەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو و لە بری گیانبەبەرداکردن، مۆری کۆتایی لە ژیانی دەدات!.

لەلایەکی دیکەوە وەک کژار، لە هەوڵی ئەوەداین کە چۆنیەتی و رێکخستنی هەڵمەتی ئازادی رێبەر ئاپۆ زیاتر و تۆکمەتر بکەین و بە پشتیوانی سەرجەم توێژە کۆمەڵایەتیەکان، بەتایبەتی ژنان، ئەم هەڵمەتە بە ئیرادەیەکی پتەوتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەنجام بدەین. لە ماوەی ٢٥ ساڵ گۆشەگیری لە دژی رێبەر ئاپۆ هەوڵ دەدرێت کۆمەڵگا لەگەڵ ئەم دۆخە رابهێندرێت و و بەردەوامبوون و چڕبوونەوەی سیاسەتی گۆشەگیری و دابڕاندن بکرێتە بابەتێکی ئاسایی. بەدرێژایی ئەم ساڵانەی رێبەر ئاپۆ لە سیستمی ئیمراڵیدا رووبەڕووی گۆشەگیری توند و دژوار بووە، لە بەرامبەر سەرجەم هێرشەکانی شەڕی دەرونی سیستم، هێمای بەرخودانێکی مێژوویی بووە. لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان لە وڵاتانی جیاجیاوە، پشتیوانی خۆیان ئەم هەڵمەتە دەربڕیوە، ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش بە شێوەی جیاجیا پشتیوانی خۆیان راگەیاندووە. بێگومان ئەم کۆدەنگیە کۆتایی بەم بەدیلگیرانە دەهێنێت.

بە رۆحی خۆڕاگری ٨ی مارسی ٢٠٢٤، لە بەرامبەر سیاسەتی ژنکوژانەی رژێمی کۆلۆنیالیستی ئێران، پەرە بە رێکخراوبوونی خۆمان دەدەین و یەکگرتووییمان بەهێز دەکەین. ئێمە بە هەموو بزوتنەوەکانی ژنان لە جوگرافیای سیاسی ئێران، بە ژنانی چالاکوان، فیمینیست، ئیکۆلۆژیک و چالاکوانانی ئازادیخواز دەڵێین، کە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ئێمەی لە یەکتر نزیک کردەوە، لەمەودوا پێویستە ئەم یەکگرتووییە زیاتر پەرەی پێبدرێت.

لە کۆتاییدا؛ ئێمە "بە ژن، ژیان، ئازادی" بەرەو شۆڕشی ژنان دەچین. بەم رۆح و وشیارییەوە، ٨ی مارس لە هەموو ژنان پیرۆز دەکەین. داوا لە هەموان دەکەین کە لە بەرامبەر فاشیزم، پیاوسالاری هەژمونگەرا و تیرۆریزمی دەوڵەتی، خۆبەڕێکخستن و خۆپاراستنیان پەرەپێبدەن و لە بەرامبەر فاشیزم، نەتەوەپەرەستی، رەگەزپەرستی، ئایینپەرستی و پۆزیتیڤیزم کە کۆڵەکەکانی سیستمی پیاوسالارین، تێبکۆشن! وەرن لە ٨ی مارسدا رۆحی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو شوێنێک بڵاوبکەینەوە.

بژی ٨ی مارس!

بژی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ژنان

ژن، ژیان، ئازادی

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)

٤-٣-٢٠٢٣".

هـ . ب