کەژار: مانگرتنی وریشە مورادی هەڵوێستێکە لە دژی سیاسەتی نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی

کەژار سەبارەت بە مانگرتنی چالاکوانی مافەکانی ژنان وەریشە مورادی، ئاماژەی بەوەکرد، "مانگرتنی وەریشە مورادی هەڵوێستێکە لە دژی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی" و داواشی لە داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان کرد پشتیوانی لەو چالاکییە بکەن.

دەقی راگەیەندراوەکەی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان بەم جۆرەیە:

جەنگی جیهانی سێیەم زیاتر لە دوو دەیەیە لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە. شەڕی دەرەوەی سنووری دەوڵەت -نەتەوەکان، لە ئێستادا سنوورە ئەخلاقییەکانیشی تێپەڕاندووە. شەڕەکان بۆنی خوێنی لێدێت و گەلانی ناوچەکە بەئامانج دەگرێت و هیچ چارەسەرێکی بە تایبەت بۆ ژنان نییە و بەدوور لە دیموکراسییە و تا دێت پەرە بە فاشیزم دەدات لە ناوچەکە.

حکومەتی ئێران یەکێکە لەو دەوڵەت- نەتەوانەی ناوچەکە، کە چەندین ساڵە بەدوای سەرکوتکردنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی و پەرەدان بە جەنگی دەرەوەی سنوور دەدات. سیاسەتێکی پیاوسالارانە پەیڕەو کردووە، کە تەنها خزمەت بە بەهێزکردنی بنەماکانی دەسەڵاتداری دەکات. لە هەمان کاتدا، بەرژەوەندیی سیاسەتمەداران لە سەرووی تاک و چین و توێژەکانەوە دەپارێزێت. ئەو سیاسەتمەدارانەی کە فەتوا لەسەر یاسا و پڕۆژە یاسا نوێیەکان کە ڕەگەزپەرستی، نەتەوە پەرەستی و ئایینی دەردەکەن بۆ پێشێلکردنی ئیرادەی کۆمەڵگا و سەپاندنی بێدەنگی بەسەر کۆمەڵگایە. دەبێت بگوترێت لەکاتێکدا حکومەت هەوڵی ئەوە دەدات لەهەرێمەکەدا خاوەن پشک و دەسەڵات بێت، کەشێکی خوێناوی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی خوڵقاندووە. بەباشی لەو ڕاستییە تێگەیشتووە کە ئەوە کۆمەڵگایە لەناوەو حکومەتەکەی لاواز کردووە. یەکڕیزی گەلان بەتایبەتی ژنان لە شەقامەکان ترسی لە دڵی ڕژێمدا دروستکردووە و هاواری بەرزی ژنانی زیندانی و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانیان، پشتیوانی و هاودەنگی ئازادیخوازان لەسەر ئاستی جیهان لەگەڵ ژنانی چالاکوانی زیندانیکراودا لە هەموو کاتێک زیاتر ترسی بۆ ڕژێم دروستکردووە. بۆیە بۆ سەرکوتکردنی هێزە ئازادیخوازەکانی نێو زیندانەکان دەست بۆ هەرجۆرە ڕێبازێک دەبات و هەوڵ دەدات سەرکوتکارییەکانی بشارێتەوە. وەک بڵێی لە جوگرافیای سیاسی ئێراندا دەنگی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆن بوونی نییە و ئەگەر هەشبێت وەڵامی پەتی سێدارە و گۆشەگیریی زیندانە. ئەم سیاسەتانەی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیادتری کردووە، بەڵام هیچ کام لە گوشارو ئەشکەنجەدانەکان کاریگەری لەسەر ورەی ژنانی تێکۆشەر نەبووە. هەڤاڵمان وریشە مورادی یەکێکە لەو ژنە پێشەنگانەی ناو زیندانەکانە کە لە مانگی ئابی 2023 ەوە دەستگیرکراوە و ئێستا لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەر کراوە.

لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونی بووەتەوە و ڕێگە بە پارێزەر و بنەماڵەکەی نەدراوە دیداری لەگەڵ بکەن، بەڵام سەرەڕای هەڕەشە و ئەشکەنجەدان، بەردەوام هەوڵی داوە دەنگی خۆی و زیندانیانی سیاسی دیکە بگەیەنێتە کۆمەڵگا و دەرەوەی زیندان. چەند جارێکە نامەی ناڕەزایەتی دژی سزاکانی شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی ڕاگەیاندووە و لەگەڵ هەموو ئەو ژنانەدا هاودەنگ بووە لە دژی هەڕەشەی لە سێدارەدان و داوای ڕاگرتنی سزاکەیانی کردووە. لەم بارەیەوە لە ڕۆژی جیهانی دژ بە سزای لەسێدارەدان لە نامەیەکدا کە لە زیندانی ئێڤینەوە ئاراستەی "کۆمەڵگەی ئازاد و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان"ی کردووە،  نووسیویەتی: "بۆ گەیاندنی بارودۆخی ئێستا و لە هەمان کاتدا دژی ئەو چەوساندنەوەی کە بەسەر ئازادیخوازاندا سەپێنراوە، بۆ کاتێکی نادیار دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکات. ئەم ڕاگەیاندنە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەیە دژی کوشتن و سزای لەسێدارەدانە کە ساڵانێکە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت".

هەڤاڵمان وریشە مورادی دەنگی کۆمەڵگایە بەتایبەتی دەنگی ئەو ژنە چەوساوانەیە کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی دەبنەوە و لەهەمانکاتیشدا دەنگی هەموو ئەو ژنانەیە کە لەسەر ڕێگای ئازادی تێکۆشان دەکەن. ئێمە وەک کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ( کەژار) داوا لە ژنانی چالاکوان، تێکۆشەر، کۆمەڵگەی ئازادیخواز، گرووپ و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکەین کە خاوەنداری لە هەڵوێستەکانی هەڤاڵمان بکەن و ببنە دەنگ وڕەنگی وڕیشە و کۆتایی بە سیاسەتی نامرۆڤانەی سزای لەسێدارەدان بهێنن و ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی تاوانە ناوخۆییەکانی خۆی بەناوی شەڕی دەرەوە پەردەپۆش بکات.

 

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کەژار"