کژار بە بۆنەی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا بە ئاماژەدان بە چڕبوونەوەی تێکۆشان و بەردەوامبوون سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ئەوەی خستووەتەڕوو، کە نەورۆزی ئەمساڵ هەڵگری پەیامی دادخوازی و تێکۆشانی گەلانە.
کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها ژنان و سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگا، داوای کردووە سەرجەم گەلانی ئازادی خواز لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەهەمان گیانی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"ییەوە ئاگری نەورۆز گەشاوەتر بکەن و نەورۆزی ئەمساڵ بکەنە ساڵی پارێزگاری لە دەوکەوتەکانی تێکۆشانی ئازادی گەلان.
دەقی پەیامەکەی کەژار:
نەورۆزی ئەمساڵ پارێزگارییە لە دەستکەوتەکانی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلان
لە کاتێکدا بەرەوپیری نەورۆزی ئەمساڵ دەچین، کە دەنگی بەرخودان و تێکۆشانی گەلانی ئازادی خواز، بە پێشەنگایەتی ژنان لە کوردستان، ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووەتە بەر گوێی گەلانی جیهان. زیاتر لە ساڵ و نیوێکە کە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئارادایە، شۆڕشێک کە سەرلەنوێ ئاگری دڵەکانی گەشاندەوە و گڕی بەردایە داوێنی ستەم، بۆ ئەوی لە ریشەوە بیسوتێنێت، شۆڕشێک کە ژیانی لە هەموو کات واتادارتر کرد کرد و توانی هەموان لەم واتا بەخشینەدا هاوبەشی پێبکات. تێکۆشانی بەرین، سەرهەڵدانی یەک لە دوای یەک و ناڕەزایەتی ئامانجدار، دەرخەری ئەم واتاداربوونەیە. دروشمی پڕزایەڵەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە چیاکانی کوردستانەوە سەریهەڵدا و گەیشتە کۆڵان، شەقام، گوند و شارەکانی کوردستان. دروشمێک کە واتا و چەمکەکەی، رزگاری لە ستەم، هەڵاواردن و هەڕەشە و لە هەمان کاتدا بونیادنانی ژیانی ئازاد و دیموکراتیکە. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەو سێ وشەیە وێژەیەکی خۆڕاگری و تێکۆشان بخوڵقێنێت. بینیمان کە بە درێژایی یەک ساڵی رابردوو، چالاکییەکان و ناڕەزایەتیەکان بە شێوەی جیاجیا بەردەوام بوون و لە رۆژی جیهانی هەشتی مارسی ئەمساڵ، شێوەی چالاکیەکان بۆن و رەنگێکی تایبەتی بەم تێکۆشانە بەخشیبوو. لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژنان سەرباری هەموو فرت و فێڵ و رێکارەکانی رژێم بۆ سەرکوت، یادی شەهیدانی شۆڕشی ساڵی رابردوویان بەرزڕاگرت. دایکانی شەهیدان پێشەنگی ئەم چالاکیانە بوون. دەتوانرێت بوترێت بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی و بەرزڕاگرتنی رۆژی جیهانی ژنان، مزگێنی بەهارێکی سەوز و گەشاوەی ساڵی داهاتوو بوو. لە درێژەی ئەم پارێزگاری و داکۆکیەدا، گەلی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان بە جۆش و خرۆش و گەرموگوڕی تایبەتەوە لەپێشوازی نەورۆزدایە. گەلی کورد لە گردبوونەوە جیاجیاکان، پێداگری لەسەر ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەکات و ئەوە دەخاتەڕوو کە ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ ، یەکێتی و چالاکی هاوبەشی گەلانی ئازادیخواز بە گوڕوتینتر دەکات. لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش ماوەی چەند رۆژێکە کە جەژنی نەورۆز، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێکردووە و دایکانی شەهیدان، سەرچۆپی کێشن و خواست و ئاواتی رۆڵەکانیان باس دەکەن. ئەوان ئەم جارە دەستی رۆڵەکانی دیکەی نیشتمان دەگرن و شان بە شانی و لە تەنیشت یەکترەوە بەشێوەی بەهێزتر لە هەموو کات پدەکوتن و داوا لەوانی دیکەش دەکەن بەشداربن لەم بازنەی جوانی هەڵپەڕکێدا. لە بنەڕەتدا دەتوانرێت بوترێت، نەورۆزی ئەمساڵ هەڵگری پەیامی دادخوازی و تێکۆشانی گەلانی ئازادی خوازە. گەلێک کە پەیوەست و پابەندە بە نیشتمان و کولتورەکەیەوە و لاپەڕە زێڕینەکانی بەرخودان تۆمار دەکات.
لەم روانگەیەوە، کژار وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە رێبەری ئازادیخوازی جیهان "رێبەر ئاپۆ" و هەروەها ژنان و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگا، داوا لە هەموو گەلانی ئازادیخواز لە سەرتاسەری کوردستان و ئێران دەکات بەو گیانی شۆڕشگێڕییەی "ژن، ژیان، ئازادی"ییەوە ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ لە هەموو کات زیاتر گەشاوە بکەن، لە کۆڵانەکان تا شەقام و گوند و شارەکان، ئەو ئاگرە داگیرسێنن و کولتور و واتای نەورۆز بە جیهانیان نیشان بدەن.
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کژار".
هـ . ب