کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) سەبارەت بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکانی سەر بەو دەوڵەتە بۆ سەر هەرێمەکان و خەڵکی رۆژئاوا و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. کەژار وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو هێرشانە ئەم بانگەوازەی راگەیاند: "داوا لە کۆمەڵگەی ئازادیخواز لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی ژنانی تێکۆشەر دەکەین کە ببنە دەنگی تێکۆشان و بەرخودانی رادیکاڵی رۆژئاوای کوردستان و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ئەرکە گرنگە، هاوسۆز و پشتیوانی تێکۆشەرانی رێگەی ئازادی بین".
دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
"لە هەفتەی رابردووەوە شایەتی شەپۆلێکی نوێی هێرشی گروپە جیهادییە تیرۆریستیەکانی سەر بە دەووڵەتی تورکی فاشیستین بۆ سەر رۆژئاوا و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم پەلامارانە، سڵاومان ئاراستەی بەرخودانی گەل و هێزە ئازادیخوازەکانی وەک قەسەدە، یەپەگە و یەپەژە دەکەین و پشتیوانی خۆمان بۆ پێشەنگایەتی سەرلەنوێیان لە تێکۆشان بۆ تێکشکاندنی دوایین پەلەقاژەکانی دواکەوتووی و فاشیزم دووپاتدەکەینەوە.
ئەوەی لەمرۆدا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەگوزەرێت، درێژکراوەی سیاسەت و هێرشە شکستخواردووەکانی ١٠ ساڵی رابردووەوە. هەروەک هێرشی هێزە تیرۆریستیەکانی داعش بۆ سەر شەنگال، موسڵ و رەقا، کۆبانێ و شارەکانی دیکە رەهەندێکی سڕینەی مێژوویی و کولتوری کۆمەڵگەکانی هەبوو و هەروەها ئامانجی سیاسی نەگریسی وەک کۆمەڵکوژی گەلانی ناوچەکە بوو، ئێستاش بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ساڵ و وێڕای بەرخودانی نمونەیی گەلانی دانیشتووی ئەم بەشەی کوردستان، دووبارە هەوڵ بۆ زەوتکردنی ناسنامە، ئیرادە و لەناوبردنی دەستکەوتەکانیان دەدرێت.
لە راستیدا پلان و پیلانی تەواونەکراوی هێزە تیرۆریستییەکانی داعش، ئەمجارەیان لەلایەن گروپە جیهادییەکانی سەر تورکیا دیسان خراونەتەوەگەڕ.
کۆچی زۆرەملێی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی، کۆمەڵکوژی دڕندانەی لانیکەم ١١ مەدەنی کورد، بەدیلگرتنی ژنانی تێکۆشەر لە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەڵەب و بێدەنگی کۆمەڵگەی جیهانی بە تایبەتی هێزە هەژمونگەراکان، بە مەبەستی کردنە ئامانجی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە، چونکە بە درێژایی ١٠ ساڵی رابردوو، شێوە و پێکهاتەی بەڕیوەبەری لە رۆژئاوا بووەتە نمونەیەک بۆ گەلانی ئازادیخوازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، پێکهاتەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندی و ئامانجەکانی ئەم شەڕانگێزیانە ناتەبا و دژیەکە و هەربۆیە لەئێستادا هەوڵی لەناوبردنی دەدەن.
بەرخودانی مێژوویی گەلی کورد و گەلانی دیکەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بەشداری بەرچاو و چالاکانەی ژانن لە بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەکان و ... بونیادنانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لەم بەشەی کوردستان، بووەتە مایەی ئەوەی کە رۆژئاوای کوردستان ببێتە خاڵێکی درەوشاوە لە سینەی رەش و سوتاوی پڕ لە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر ئەمەش مایەی ئەوەیە کە هیوا بۆ ژیانێکی باشتر و پێکەوەژیان لە نا ئازادیخوازاندا زیاتر و زیاتر بێت و لەبەرامبەردا ترس و تۆقین مێشک و رۆحی دەسەڵاتخوازان بهەژێنێت.
سەرباری هەڵکشانی رۆژ لە دوای رۆژی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەڕێکی دیکەی شەڕانگێزی لە دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە ئێستادا شایەتی بەرخودانێکی گەورەین. بەرخودانێک کە بە ئاراستەی پاراستن و پارێزگارییە لە بەها ژیانییە باڵاکان و واتادارەکان، لەئارادایە. رۆژئاوای کوردستان لە هەوڵی پارێزگاری و داکۆکی لە بەها ئەخلاقی و مرۆییەکانە و هەر لەبەر ئەمەش سەرنجی خەڵکانی جیهانی بۆلای خۆی راکێشاوە، هەربۆیە هێرش بۆ سەر ئەوێ، مایەی نیگەرانی زۆرێک لە ئازادیخوازانە. وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار داوا لە کۆمەڵگەی ئازادیخوازی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی ژنانی تێکۆشەر دەکەین کە ببنە دەنگی تێکۆشان و بەرخودانی رادیکاڵی رۆژئاوای کوردستان و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ئەرکە گرنگە، هاوسۆز و پشتیوانی تێکۆشەرانی رێگەی ئازادی بین".