کەژار و سێ رێکخراوی دیکە بە بۆنەی رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤەوە گردبوونەوەیەکیان سازکرد

بە بۆنەی رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها ٢٥ەمین ساڵیادی کوژرانی زنجیرەیی چالاکوانانی سیاسی و لە دژی پێشێلکاری سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کەژار و سێ رێکخراوی دیکە لە شاری بەرلین گردبوونەوەیەکیان سازکرد.

رۆژی شەممە ٩ی کانونی یەکەم/ دیسەمبر بە پێشەنگایەتی کەژار و سێ رێکخراوی مافی مرۆڤ بە بۆنەی رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و ٢٥ەمین ساڵیادی کوژرانی زنجیرەیی چالاکوانان و بەرهەڵستکارانی سیاسی و لە دژی پێشێلکاری سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە بەرلین رێپێوان و گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

چالاکیەکە لەلایەن هەریەک لە کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)- بەرلین، ناوەندی پەنابەرانی سیاسی ئێران- بەرلین، کۆمیتەی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی-بەرلین و کۆمیتەی پشتیوانی لە خەباتی دیموکراتیکی خەڵکی ئێران- بەرلین رێکخرابوو.

لە کۆتایی گردبوونەوەکەدا راگەیەندراوێکی هاوبەش خوێندرایەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە: "سڵاو لە سەرجەم زیندانیانی سیاسی و ئازادیخوازان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەین" و هەروەها ئاماژە بە زەینەب جەلالیان ژنە زیندانی سیاسی کورد کراوە و لەو بارەوە رایانگەیاندووە: "دەمانەوێت دەنگی خۆمان بە زەینەب جەلالیان بگەیەنین، کە زیاتر لە ١٦ ساڵ بە تێکۆشانی خۆی لە زیندانە سامناکەکانی ئێران، زیندانی گۆڕیوە بۆ سەنگەرێکی بەرخودان و خۆڕاگری".

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا باس لە رفاندن و بێسەروشوێنکردنی بەرهەڵستکاران لەلایەن حکومەتی ئێران و هەروەها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەشکەنجەدانی بنەماڵەی قوربانیان کراوە و تیایدا هاتووە، "لە نمونەکانی رفاندن و بێسەروشوێنکردن دەکرێت ئاماژە بە پەخشان عەزیزی، ئیدریس فەقیهی و وریشە مورادی و زۆر کەسی دیکە بکرێت. وریشە مورادی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان کە زیاتر لە چوار مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە رفێندراوە، وەک ژنێک یەک لە پێشەنگانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە کە بە چالاکیەکانی لە بواری مافەکانی ژنان زیاتر لە هەموو کات کۆڵەکەکانی دواکەوتوویی و پیاوسالاری رژێمی کۆماری ئیسلامی هەژاندووە".

لە کۆتایی راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، " داواکارین لە سەرجەم چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی چالاکوانانی مافەکانی ژنان و هەروەها سەرجەم ئەو کەسانەی خوازیاری ژیانێکی یەکسان و ئازادن،  کە ببنە دەنگی زیندانیان و دەنگی ئەوان بگەیەننە گوێی رای گشتیی جیهان بۆ ئەوەی ئازادی و رزگاری تەواوی زیندانیانی سیاسی مسۆگەر بکرێت".

هـ . ب