کەژار: وەرن پێکەوە سزای دژەمرۆڤانەی لەسێدارەدان رابگرین

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر چالاکوانانی ژن وەک تۆڵەسەندنەوەی دەسەڵاتی پیاوسالاری ئێران لە ژنان ناودێر دەکات و بۆ راگرتنی ئەو سزایانە بانگەوازێک رادەگەیەنێت.

سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سەر شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیداهێناوە و لەو چوارچێوەدا کەژار راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا داوای لە سەرجەم ئازادیخوازان و رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانانی ژن کردووە دژی ئەو سزایە بوەستنەوە و کار بۆ راگرتنی بکەن و خاوەنداری لە سەرجەم زیندانیانی سیاسی ژن بکەن.

دەقی راگەیەندراوەکەی کەژار بەم جۆرەیە:

دەسەڵاتی پیاوسالاری ئێران، رەوتی تۆڵەسەندنەوە لە چالاکوانانی ژنی خێراتر کردووە

وەرن پێکەوە و دەست لە ناو دەست سزای نامرۆڤانەکانی لەسێدارەدان رابگرین

دوای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و فراوانبوونی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ژنان و سەرجەم کۆمەڵگاکانی ئێران، تێبینی هەڵکشانی بەرچاوی گوشارەکانی رژێم لەسەر ژنان دەکەین، کە چالاکترین و رادیکاڵترین توێژ بوون و بەردەوام لە گۆڕەپاندابوون. روون و ئاشکرایە کە ژنان لە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا پێشەنگ بوون و یەکگرتوویی سەرتاسەری نێوان هەموو ناسنامەکان بە دەوری پرسی ژنەوە هاتە ئاراوە. لە رۆژانی یەکەمی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازاددا شەپۆلی روو لە بەرزبوونەوەی کردەوە نامرۆڤانەی رژێمی ئێران و بەتایبەتی سەپاندنی لەسێدارەدا لەسەرتاسەری ئێران دەستیپێکرد و ئێستا ئەو شەپۆلە گەیشتووەتە ترۆپکی خۆی. لەم چوارچێوەدا هەواڵی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ چالاکوانانی ژن بووەتە مایەی نیگەرانی کۆمەڵگای ئازادیخواز چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە. لە دوو رۆژی رابردوودا پەخشان عەزیزی رۆژنامەنوس، توێژەری کۆمەڵایەتی و زیندانی سیاسی کورد کە ماوەی ساڵێکە لە زیندانی ئێڤین راگیراوە، بە بڕیاری دادوەر ئیمان ئەفشاری سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە. پەخشان عيزیزی لە یەک ساڵی رابردوو و لە ماوەی دەستبەسەریدا لە مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر فشار و ئەشکەنجەدا بووە. ئەو لە نامەکەیدا باسی لە جیاکاری رەگەزی و نەتەوەیی و ئەشکەنجەکان و رووخساری دزێوی سیستم بەرامبەر بە ژنان کردووە، هەمان ئەو جیاکاری و هەڵاواردنەی هەڵقوڵاوی ترسی رژێمە لە بەرامبەر تێکۆشانی ژنانێک کە ترس و لەرزیان خستووەتە گیانی دەسەڵاتی دژەژنەوە. سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دووەم سزای لەسێدارەدانی ژنانی زیندانییە بە تۆمەتی "بەغی" یان چەکهەڵگرتن لە دژی دەسەڵات لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو، شەریفە محەمەدی لە چالاکوانانی کرێکاری و زیندانی سیاسی کە لە زیندانی لاکانی رەشت زیندانییە، ماوەیەک بەر لەئێستا لەلایەن لقی یەکی دادگای رەشتەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. ژمارەیەک زیندانی سیاسی ژنی دیکەش لە زیندانەکانی رژێم هەمان مەترسییان لەسەرە. هاوڕێمان وەریشە مورادیش کە تۆمەتی بەغی رووبەڕوو کراوەتەوە، لەئێستادا لە زیندانی ئێڤیندایە.

دەسەڵاتی رەگەزگەرای ئێران سەرلەنوێ سەلماندی کە چیتر توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکانی نییە و بە دەرکردن و جێبەجێکردنی هەر سزایەکی لەسێدارەدان، زیاتر لە گێژاوی سیاسەتە رەگەزگەرایانەکەی رۆدەچێت. جێبەجێکردنی سزای قورس، هاوکات لەگەڵ بانگەشە و ژاوەژاوی گۆڕانکاری و چاکسازی، رێک بە واتای ئەوەیە کە گۆڕینی مۆرە و داشەکان و جێگرتنەوەیان بە مۆرەی دیکە لە باڵەکانی دیکە، هیچ گۆڕانکارییەک لە چییەتی دەسەڵاتی دژە ژن و پیرسالار و دژە خەڵکی ئێران ناهێنێتە ئاراوە. دەسەڵاتی ئێران بە باشی ئاگاداری هێزی تێکۆشانی ژنانە و دەرکردنی سزای قورسیش دەرەنجامی ئەم ناسینەیەتی لە هێزی ژنان و بە واتای ترس و تۆقینە لە تێکۆشانیان بە ئاراستەی ناسنامە، ئیرادە و ئازادیخوازی ژنان. زیندان بە درێژایی ئەم ماوەیە، بووەتە سەنگەری بەرخودان و تێکۆشان، لەو شوێنەی کۆماری ئیسلامی وەک شوێنی پەشیمانبوونەوە ناودێری دەکات، ئێستا شوێنێکە بۆ هاوفکری، یەکگرتوویی و رێکخستن. بوێری، هیوا، وشیاری و رێکخستنی بەدیهاتوو، لە گەورەترین دەستکەوتەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"یە، کە لە رێگەی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان لەناوناچن. لەو شوێنەدا کە بناغەی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک رۆژەڤ بێت، چیتر مەرگ واتای نییە. رژێمی ئێران دەبێت بزانێت کە لێکەوتەکانی ئەم سزا نامرۆڤانەیە، داوێنی خۆی دەگرێتەوە و بۆ خۆی دەگەڕێتەوە. توانا و هێزی خەڵک نیشانیداوە کە گوشار و جێبەجێکردنی سزای نامرۆڤانە رێگە چارەنییە و ئازادی لەسێدارە نادرێت، لە رێگەی ستەم و چەوساندنەوەوە و بەکردەوەکانی خۆی کۆتایی بە خۆی دەهێنێت.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) وێڕای شەرمەزارکردنی دەرکردنی سزای قورس لە دژی زیندانیانی سیاسی ژن، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، داوا لە سەرجەم کۆمەڵگەی ئازادیخوازی، دامەزراوە و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ دەکات بە هاوئاهەنگی زیاتر بە ئاراستەی سازکردنی بزوتنەوەیەکی بەرین لە دژی سزای لەسێدارەدان چالاکی بکەن. داوا لە ژنانی تێکۆشەر لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین کە پەیوەست بن بە تێکۆشانمان لەپێناو ئازادی ئەم ژنانەی کە بوونە بەهایەک بۆ کۆمەڵگاکەمان و پشتیوانی لەو تێکۆشانە بکەن. لەم چوارچێوەدا پشتیوانی لە کەمپینی "نابۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد" ئەرکێکی مرۆییە کە هەمووان بۆ بەشداری لەو ئەرکە بانگهێشت دەکەن. پەخشان عەزیزی بووە دەنگی سەرجەم ژنای تێکۆشەر و ئازادیخواز، کەواتە دەبێت لەم قۆناغە هەستیارەدا، ببینە دەنگی ئەو و سەرجەم زیندانیانی سیاسی. ئازادی سەرەتاییترین مافی هەر مرۆڤێکە، ئەم ژنە تێکۆشەرانە لە پێناو گەیشتنی سەرجەم کۆمەڵگا بە ئازادی تێکۆشاون و چالاکییان کردووە و چالاکی دەکەن، وەرن ئێمەش پەیوەست بین بە تێکۆشان لەپێناو ئازادی ئەوان".

هـ.ب