کژار_ئەوروپا بانگەوازی کرد بۆ پاراستنی شۆڕشی ژنان

کژار_ئەوروپا ڕایگەیاند هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا هێرشە بۆ سەر شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" و بانگەوازی کرد بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژنان.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)ـی ئەوروپا دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بە ناوی سوپای نەتەوەیی سوریا (NSA) بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکرایەوە، دەستوەرانی حکومەتی فاشیستی تورکیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بێدەنگی هێزە هەرێمی و جیهانییەکان دەریدەخات، هێرشەکە بۆ لەناوبردنی هەموو دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژنان و شۆڕشی دیموکراتیکی گەلانە.

کژار_ئەوروپا ڕایگەیاند هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا هێرشە بۆ سەر شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" و فەلسەفەی گۆڕانکاری و دەڵێت: "بۆیە وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەوروپا، سڵاو لە بەرخۆدانی ژنانی پێشەنگ و گەلانی ئازادیخوازی ڕۆژئاوا و سوریا دەکەین. بۆ پتەوکردنی دەسکەوتەکانی خوشکەکانمان لە ڕۆژئاوا و سوریا، پشتگیری خۆمان ڕادەگەیەنین".

بانگەواز لە پارت و ڕێکخراوە ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگە و فێمێنیست و خەڵکی سڤیلی ئەوروپا کراوە، لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا بۆ یادکردنەوەی هەزاران شەهیدی ئازادی، پشتگیری لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا و سوریا بکەن بۆ بنیاتنانی بەرەیەکی یەکگرتوو.