کەژار: ژنانی ئێزیدی چاویان بەڕووی بەیانییەکی پڕ لە هیوا و خەندەدا کردەوە

کەژار بە بۆنەی ١٠ یەمین ساڵی جینۆسایدی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بەیاننامەیەکی نوسراوی بڵاو کردەوە و وتی: "گەل و کۆمەڵگای شەنگال، بە پەروەردەکردن و ڕێکخستنی خۆیان بە پێی فەلسەفە و ئایدۆلۆژیی ڕێبەر ئاپۆ، ئیتر توانای پاراستنی خۆیان هەیە لە هەموو بوارێکدا."

کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەلاتی کوردستان (کەژار) بە بۆنەی ١٠یەمین ساڵیادی جینۆسایدی ٣ی ئابی ٢٠١٤ کە لە لایەن چەتەکانی داعشەوە بە پشتیوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بە هاوکاریی پەدەکە لە دژی گەلی ئێزیدی ئەنجامدرا بەیاننامەیەکی نوسراوی بڵاو کردەوە. کەژار بە ئاماژەدان بە وردەکارییەکانی جینۆسایدەکە جەختی لەوە کردەوە کە گەلی ئێزیدی نەک هەر نائومێد نەبوون بەڵکوو لە سایەی بەرخۆدانی مێژوویی گەریلاکانی یەژاستار، هەپەگە و پەیڕەوکردنی بیر و فەلسەفەی سەرۆک ئاپۆ، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازییەوە دەستیان بە ڕێکخستنی خۆیان کرد."

دەقی بەیاننامەکەی کەژار بەناونیشانی " ژنانی ئێزیدی چاویان بەڕووی بەیانییەکی پڕ لە هیوا و خەندەدا کردەوە" وەهایە:

"لە یادی ١٠ ساڵەی هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سەر شەنگال و کۆمەڵکوژی ئیزادیەکان، یادی هەموو قوربانیانی ئەو ڕووداوە پڕ لە ئازارە، هەروەها شەهیدان دڵشێر هەرەکۆڵ، عەگید جڤیان، مەمو مێردین، نۆژین ئەرەس، چەتۆ چاتاک، شیلان گۆیی، یادی هەموو شەهیدانی ئەو کارەساتە پڕ لە ئازارە، گۆی و قارەمانانەکانی تر کە بۆ پاراستنی گەلەکەمان لە شەنگال تێکۆشانیان کرد و گیانیان بەخت کرد، بەرز ڕادەگرین".

لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی پێشوودا ناوچەکەیەیان بەجێهێشت و بۆ جارێکی دیکە سروشت و ڕووخساری خیانەتکاری بنەماڵەی بارزانی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بوو. ئەمە ٧٤هەمین هێرش و کۆمەڵکوژی بوو لە دژی کوردانی ئێزیدی ئەنجامدرا. ٧٤کۆمەڵکوژیی دڕندانە و تاریکییەکی پڕ لە ئازار، هێرشی ٧٤ئەمین بە ئامانجی لەناوبردنی ناسنامەی کوردانی ئێزیدی بوو. بەڵام ئەمجارە لە شەڕی داعشدا، بەپێشەنگایەتی گەریلاکانی ئازادی کوردستان، بەرخۆدان و تێکۆشانێکی گەورە ڕوویدا کە کاریگەری لەسەر هەموو جیهانی دانا. ئەم بەرخۆدانە مێژووییە بوو بە ئیلهام بۆ هەموو ئازادیخوازان. دوژمنانی گەلی کورد و مرۆڤایەتی، لەوانەش ڕژێمی فاشیستی و داگیرکەری تورک بە پێشەنگایەتی ئەردۆغان، بە پاڵپشتیی کردنی لە داعش، هەوڵیان دا کوردانی ئێزیدی بۆ هەمیشە لە ناوچەکە بسڕنەوە. بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانی بە حەماسەیی گەریلاکانی ئازادی کوردستان بوونەوە و پلان و سیاسەتەکانیان شکستی هێنا.

گەلی ئێزیدی هەمان ئەو گەلەیە کە لە ٧٣ هێرش و کۆمەڵکوژی پێش ئەوە لەناو نەچوون و ئومێدیان بە ژیان و ئازادییان لەدەست نەدا. گەلێک کە بە باوەڕ و ئیمان بە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیی سەرۆک ئاپۆ ڕێگای خۆڕاگری و بەرخۆدانی دۆزیەوە و بە ڕێکخستن و بەرخۆدان وەڵامێکی ڕووخێنەرانەی بە فاشیزمی ئەردۆغان و خیانەتی بارزانی و دڕندەکانی داعش دایەوە. لەم هێرشە دڕندانەیەدا ئامانجی سەرەکی ژنانی ئێزیدی بوون کە زۆرترین زیان و ئازار و ئەشکەنجەیان بەرکەوتووە لە مێژوودا. زۆرێکیان کۆمەڵکوژ کران، بە دیل گیران و لە بازاڕەکاندا فرۆشران و زۆرێکیان دەستدرێژییان کرایەسەر و ئەشکەنجە دران. سەرەڕای ئەوەش کوردانی ئێزیدی نەک هەر بێ هیوا نەبوون، بەڵکو لە سایەی بەرخۆدانی مێژوویی گەریلاکانی یەژاستار و هەپەگە و بە پەیڕەوکردنی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەستیان بە خۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازی کرد و هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە یان بنیات نا. ئەم هێزانە سەرەڕای پاراستنی گەلەکەیان، لە ڕزگارکردنی ژنانی ئێزیدی دا ڕەوڵێکی کارایان بینیوە. ژنانی ئێزیدی چاویان بەڕووی بەیانییەکی پڕ لە هیوا و خەندەدا کردەوە.

لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا، سەرەڕای هەموو هێرشە دڕندەکانی ڕژێمی فاشیستی تورک، گەل و کۆمەڵگای شەنگال، بە پەروەردە و ڕێکخستنی خۆیان بە پێی فەلسەفە، ڕێنمایی و ئایدۆلۆژیی ڕێبەر ئاپۆ، ئیتر توانای پاراستنی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا هەیە. گەلی شەنگال و بە تایبەتی ژنانی ئێزیدی، پێویستە لەو ڕاستییە تێبگەن کە دوژمنی تاڵانچی قەد دەستبەرداری کردەوە هۆڤانەکانی نەبووە و بەو ئاراستەیە بە هەموو شێوەیەک بۆ لەناوبردنی گەلی ئێزیدی هەر جۆرە ڕێکارێک بەکاردەهێنێت، بۆیە گەلەکەمان پێویستە خۆیان بەڕێکخستن تر بکەن و لە هەموو بوارەکاندا خۆیان پەروەردە بکەن، هاوکات پێویستە گرنگی بە هەموو بوارەکان بدەن.

ئێمەی ژنان مێژوویەکی زۆر کۆنمان هەیە کە پڕە لە ئەزموون و کەلتوور، سیاسەت و ناسنامە و دەستکەوتی زۆر. بە عەشق و باوەڕ بە ئازادی و ژیانی ئازاد دەتوانین هەموو دونیا بە ئازادی بڕازێنینەوە. لەم ڕووەوە پێویستە ڕەنج و فیداکاریی زۆر بدەین، پەروەردە و خۆ بەڕێکخستن لە پێشەوەی هەموو کارەکانماندا بێت."