کەژەکە: ١ی تەممووز کۆتایی نییە و سەرەتای تێکۆشانێکی نوێیە

کەژەکە رایگەیاند، بەرخودان لەسەر بنەمای پشتوانیی ژنان بووەتە هۆی ئەوە ١ی تەممووز بۆ ژنان نەک کۆتایی نییە، بەڵکو ببێتە  سەرەتای تێکۆشانێکی نوێ. تێکۆشانی ئازادیی ژنان بەبێ ئەوەى هەنگاوێک بۆ دواوە بنێت بە پێداگری و ئیرادەیەکی گەورەوە بەردەوامیی دەبێت.

 

دەستەى بەڕێوەبەریی کەژەکە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە:

"تورکیا بە فەرمی لە ١ی تەممووزی ٢٠٢١دا لە 'رێککەوتننامەى ئەنجوومەنی ئەوروپا لەبارەی پێشگرتن لە توندوتیژیی دژ بە ژنان و توندوتیژیی خێزانی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژییانە' کشایەوە، کە ساڵی ٢٠١١ ئیمزای کردبوو و لە ١٠ی شوباتی ٢٠١٢دا بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کرابوو. ئەوە لە کاتێکدایە لە تورکیا هەموو رۆژێک ژنێک بەهۆی توندوتیژیی پیاوەوە دەکوژرێت. تورکیا لە ناو ئەو وڵاتانەدایە، کە بەرزترین ئاست و رێژەى توندوتیژیی دژ بە ژنان تیادایە، تورکیا لە ریزی سەرەوەیاندایە. لە کەشێکی وەهادا، کە دادۆشینی منداڵان بەبێ سزادان تێدەپەڕێت و لە بەرامبەر ژناندا هەموو جۆرە جیاکارییەک، توندوتیژی و بێ مافییەک هەیە، بەو کارە زاڵکردنی پیاو و باڵادەستیی پیاویان گەیاندە بەردەم ئاسمانەکان و تورکیا راستەوخۆ بە ئیمزای سەرۆک کۆماری فاشیست ئەردۆغان لە رێککەوتنی ئیستەنبول کشایەوە.

سڵاو لە بەرخودانی چالاکوانانی ژن دەکەین

ئەو کودەتایە، کە هاوپەیمانیی قێزەون، پیاو و زەوتکەری ئاکەپە – مەهەپە لە دژی ژنان ئەنجامیاندا، رووبەڕووی توڕەیی گەورەی دەیان هەزار ژن لە ئیستەنبول تاوەکو ئەنقەرە، ئیزمیر، ئامەد، ئانتالیا، دێرسم، ئەدەنە و هاتای و هەموو شارەکانی تورکیا و کوردستان بوویەوە. رێپێوان، راگەیاندراو و چالاکیی ئەنجامدران. بەربەست و لەمپەرەکانی پۆلیسیان لەسەر رێگاکان تەخت کرد. ژنان وتیان، تێکۆشان بەردەوامە. بەرخودان لەسەر بنەمای پشتوانیی ژنان وایکردووە، کە ١ی تەممووز بۆ ژنان نەک کۆتایی نییە، بەڵکو بووەتە هۆی دەستپێکردنی رۆژی تێکۆشانێکی نوێ.

ئێمە وەک دەستەى بەڕێوەبەریی  کۆمەڵەکانی ژنانى کوردستان (کەژەکە - KJK) بە رێز و خۆشەویستییەوە سڵاو لە بەرخودانی ئەو چالاکوانە ژنانە دەکەین، کە پێداگرن و پەیمان نەشکێنەکانی ئازادی و یەکسانین. تێکۆشانی ئازادیمان بۆ ژنان بەبێ ئەوەى هەنگاوێک بۆ دواوە بنێت بە پێداگری و بانگەشەیەکی گەورەوە بەردەوامیی دەبێت.

ژنان بە تێکۆشانی رێکخستنکراو لە چیاکان، شەقامەکان، ماڵەکان، شوێنی کار و هەموو ناوچەیەکی تری ژیاندا بەرامبەر بە ناهەقییەکان بە شێوەیەکی ئازایانە دەوەستنەوە. دیواری ترس لەگەڵ زەویدا تەخت دەکەن. دەبێت ئێمە پاراستنی جەوهەریی خۆمان بە هۆشیاریی ئازادیمان، رێکخستنکردن و چالاکییەکانمان پێکبهێنن. خەباتمان بۆ بونیاتنانی ژیانی ئازاد بە بەرزکردنەوەى بەرخودانی ئێمەى ژنان بەدی دێت. تەنها بە پێشەنگایەتیی ئێمەى ژنان ژیانێکی یەکسان و ئازاد بەدی دێت. هێڵ و بەرخودانی ئێمە بۆ ئازادیی ژن بەردی بناغەى دیموکراسیی و پێشخستنی ژیانی نوێیە.

چالاکیی ژنان لە ١ی تەممووز جارێکیتر ئەوەى نیشاندا، کە دەسەڵاتی چەتە، مافیا، دز و پیاوسالاریی قێزەونی ئاکەپە – مەهەپە بە تێکۆشان و بەرخودانی هاوبەشی ژنان زیاتر لاواز دەبێت و هەڵدەوەشێت.

ئەردۆغانی فاشیست بڕیاری خۆی بۆ کشاندنەوە لە رێککەوتننامەى ئیستەنبول بەبێ ئەوەى پێویستی بە پەسەندکردنی پەرلەمان بزانێت و خۆی بەسەر دەستووری بنەڕەتیدا سەپاند و بە ئیمزای خۆی ئەوەى ئەنجامدا. هەڵبەت بەوە هەندێک پەیامی بە کۆمەڵگەى تورکیا دا. ئەردۆغان دەیەوێت ئەو دەستکەوتانە، کە ژنان بۆ ئافراندنی ژیانێکی دادپەروەرانە و شەرەف بۆ کۆمەڵگە و بڕوایەک، کە بە هەزاران رەنج و قوربانی بەدەستهاتووە، پووچ بکاتەوە. ئەمڕۆ دەسەڵاتێک، کە تەنها بە ئیمزایەک رێککەوتننامەى ئیستەنبول هەڵبوەشێنێتەوە، سبەی هەر بە گرتنەبەری ئەو رێگایە چوونە دەرەوە لە رێککەوتننامە نێونەتەوەییەکانی تر، کە داهاتوو و چارەنووسی کۆمەڵگەی دیاری دەکەن، ئەنجام دەدات. سەرۆک کۆماری فاشیست ئەردۆغان بیر دەکاتەوە بەو رەفتارە چەتەگەری و نایاساییانەى دەتوانێت بە زۆر سەردەستیی خۆیی رەوایی پێ بدات. لەو مانایەدا هاتنەدەرەوە لە رێککەوتننامەى ئیستەنبول نەک تەنها لە دژی ژنان، بەڵکو لە دژی هەموو کۆمەڵگەى تورکیا و کوردستان کودەتایەک و پیلانگێڕییەکە. نیشانەى ئەوەش ئەوەیە، کە پلانی تاریککردنی داهاتووی وڵات چەند قوڵە. تورکیا لە قۆناغێکی زۆر تاریکدایە. وڵات، کە لە دەستی چەتە، مافیا، قاچاخچیەکانی چەک و تۆڕەکانی ماددەی هۆشبەردا بێت لە بەرامبەر کۆمەڵگە، ژنان و گەنجان بە تەواوی وەرچەرخاوە بۆ دڕندەیەک. بێگومان لە پێش هەموانەوە ژنان، هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی لە دژی داگیرکەریی قوڵ و چەوساندنەوەى قوڵی سەر کۆمەڵگە دەوەستنەوە و هەرگیز رێگا بەوە نادەن. هەر تاکێک بیەوێت وەک مرۆڤ و بە شەرەف بژی هەتا دوا هەناسەى بەرەنگاری دەکات.

ژن بە پێداگرییەوە تێکۆشانی ئازادی بەرز دەکەنەوە

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تر، کە لێرە شیکاریی بۆ دەکرێت هەڵوێستی دەوڵەتەکانی وەک ئەمریکا و ئەوروپایە. دەوڵەتەکانی ئەو وڵاتانە، کە خۆیان بە ئازادیخوازیی ژنان، پارێزەرانی مافەکانی مرۆف و نوێنەرەکانیان دەزانن، بۆ ئەوەی رژێمی ئاکەپە یەکێک لە گەورەترین دەسەڵاتەکانی دوژمنی ژنان لەسەر پێ بهێڵنەوە هەموو جۆرە هاوکارییەکی ماددی و مەعنەویی پێشکەش دەکەن. ئەوەش راستیی رووی ئەو دەوڵەتانەیە و دیسانەوە دووڕوویی ئەو سیستمە مۆدێڕنیتە کاپیتالیستانە و ساختەکاربوونیان لە روونترین ئاستدا دەخاتە بەرچاوو.

ئەمریکا و دەوڵەتە ئەوروپییەکان سەرمایەى خۆیان بۆ مانەوەى ئەردۆغان لەسەر دەسەڵات بەکار دەهێنن و هەموو هاوکارییەکی دەکەن. لە هەمان کاتدا ئەو هاوکاریانە بە مانای پشتیوانیی بەهێزە لە سیاسەتە دوژمنکارانەکەى ئەردۆغان و رژێمی ئاکەپە دژ بە ژنان. ئێمەى ژنان جارێکیتر بەو راستییە قوڵە گەیشتین، کە تێکۆشانی پشتبەستومان بە ئازادی، رێکخستنکردن و خۆپاراستن گەورەتر بکەین.

ژنانی کوردستان و تورکیا لە دژی سیاسەتە نایەکسانییەکان و جیاکارییەکان بەرخودانی خۆیان درێژە پێدەدەن. تاکە پیاوی درۆزنانە، زۆردار و ساختەکار و هەروەها تاکە ئیمزایەک ناتوانێت تێکۆشانمان رابگرێت. لە دژی هاوکاری و پشتیوانی دەوڵەتەکانی وەک ئەوروپا و ئەمریکا  بۆ دەوڵەتی تورکی فاشیست، کە بە دڵنیاییەوە هەڵدەوەشێت، بە پێداگرییەکی گەورەوە تێکۆشانی خۆمان بۆ ئازادی گەورە دەکەین. ژنان بە دڵنیاییەوە ژیانی ئازاد و یەکسان بونیات دەنێن و لەسەر بنەمای یەکەی ژنانی شکۆمەند و بەرخودان بە سەرکەوتن دەگەن. ئێمە دروشمەکەمان "ژن، ژیان، ئازادی" بە ئیدعا و بانگەشەوە و بە بڕیارێکی گەورە و پێداگرییەکی زۆر بەهێزەوە جێبەجێ دەکەین".

ژ.ت