کەژەکە بەبۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم بانگەوازی بڵاو کردەوە

کوردیناسیۆنی کەژەکە بە بۆنەی ڕۆژی تێکۆشانی جیهانی دژی توندوتیژی سەر ژنان هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد و داوای بەهێزکردنی ڕێکخستن، یەکگرتن و چالاکییەکانی کرد.

کوردیناسیۆنی کەژەکە ڕاگەیاندراوێکی تایبەت بە ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی دژی توندوتیژی لەسەر ژنان بڵاوکردەوە.

کەژەکە ڕایگەیاند کە ژنان لە ڕێگای ڕێکخستن و خۆپاراستنەوە کۆتایی بە توندوتیژی پیاو-دەوڵەت دەهێنێت و وتی:"ئێمە بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان دەڕۆین."

ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکە بەم شێوەیە:

"ئێمە ڕۆژی جیهانی دژی توندوتیژی لەسەر ژنان بەسایەی تێکۆشان دژی چەمکی باڵادەستی پیاو پێشوازی دەکەین. توندوتیژی بۆتە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی دەسەڵاتی ڕژێمە دیکتاتۆر و سیستمە پیاوسالارەکان. سیستەمی جیهانی پیاوسالار دونیای بەرەو توندوتیژی، کۆمەڵکوژی ژن، سروشت، کۆمەڵکوژی گەلان، ڕەگەزپەرەستی، ناسیۆنالیزم و شەڕ بردوە، ئەمەش لە ڕوانگەی جەرهەری و پراکتیکییەوە شەڕێکە دژی ژنان، لە فەلەستین، قەرەباخ و کوردستان بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا کۆمەڵکوژی بەکۆمەڵ و دەربەدەری و کۆچ بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێندرێت. بوارەکانی ژیان وێران دەکرێن، عەقڵی کۆمەڵایەتی و کولتووری وێران دەکرێن. ئێمە ئەم سیاسەتی کوشتن و کۆمەڵکوژییانە شەرمەزار دەکەین کە دەسەڵاتی پیاوسالاری بۆ بەرژەوەندی خۆی بەڕێوەی دەبات و دەڵێین، ئێمە بەردەوام و لە هەموو شوێنێک دژی ئەمانە تێکۆشان دەکەین.

ئەم قڕکردن و کۆمەڵکوژی و توندوتیژییە لەسەر بنەمای سیاسەتی جنسی، ڕەگەزپەرستی و ئایینی، لە کوردستاندا گەیشتووەتە ئاستی کۆمەڵکوژی. گۆشەگیری و زیندانی ٢٥ ساڵەی خوڵقێنەری شۆڕشی ژنان، ڕێبەر ئاپۆ، لە دوورگەی ئیمرالی، لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، تیرۆری ژنانی پێشەنگ و کوشتنیان بە تەکنۆلۆژیای شەڕی نارەوا، سیاسەتی شەڕی تایبەتی دژی ژنانی گەنج، توندوتیژی جنسی، ئاشکراترین کردەوەی دوژمنایەتییە بەرامبەر بە ژنان لە وڵاتەکەماندا.

لە چوار پارچەی کوردستان بە سیستمی عەقڵیەتی داعش، فاشیست و ستەمکار هێرش دەکەنە سەر ژنان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە باکوور سیستەمی هاوسەرۆکی، ڕێکخراوەکانی ژنان، پەرلەمانتاران، سەرۆک شارەوانیەکان، ڕۆژنامەنووسانی ژن ، چالاکوانان بە تاوان دەزانرێن و دەخرێنە زیندانەوە و بەم شێوەیەش دەیانەوێت ڕێگری لە گەشەسەندنی شۆڕشی ژنان بکەن. لە تورکیا کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی زیندانیانی تێدایە، ١٣ هەزار و ٩٧٧ ژن و ٢ هەزار و ٥١١ منداڵ لە زیندانەکاندا راگیراون. بەپێی ئامارە فەرمییەکان تا مانگی تشرینی دووەم، ژمارەی کوشتنی ژنان گەیشتووەتە ٢٣٤ کەس. هەر لە دەستدرێژیکردن سەر ژنی ٨٥ ساڵەوە بگرە، هەتا منداڵ و دەستدرێژیکردنە سەر ئاژەڵ، داڕمانێکی ئەخلاقی دروست بووە کە دەستدرێژیکردن بە ڕەوا دەزانێت و ئەمەش هۆکارەکەی ڕژێمی ئاکەپەیە. ئەم هێرش، توندوتیژی و قڕکردنە بە ئازادی پێناسە دەکرێن؛ سیاسەتی توندوتیژی و دەستدرێژی نەرم و ئاسایی دەکرێنەوە. ئەم هێرشانە کە بە قڕکردنی ژن و منداڵ ناودەبرێن، دەستدرێژی و کوشتنی بەکۆمەڵن، کاتێک لەلایەن ژنانەوە بە چەوسانەوە پێناسە دەکرێن، ئەوە دەردەخات کە تا چەند ژن لە ڕووی تێگەیشتن و زمانەوە ڕاکێشی ناو ئەو سیستەمە کراوە.

لە ڕۆژئاوا ٦٠ لەسەدی ژنان چالاکانە بەشدارن لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری لە نێو کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک. هەوڵ دەدرێت ئەم سیستەمە کۆتایی پێ بدرێت. ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە لە مانگی تشرینی یەکەمدا هێرشی کردە سەر ٥٠ لە سەدی ئاو، کارەبا و سەرچاوەکانی وزە، پێداویستییە سەرەتاییەکان، نزیکەی ٢ ملیۆن کەسی لەناو برد. تێکۆشان دژی توندوتیژی سەر ژنان هێشتا ئەرکێکی گرنگە بۆ ڕۆژئاوا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

لە ڕۆژهەڵاتدا ڕژیمی ئێران دوژمنایەتی ژنان دەکات، هەڕەشەی لەسێدارەدان و گوشارەکانی دژی ژنان زیاتر دەکات و هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەریی دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەدات، کە لە هەموو لایەکی جیهاندا دەنگی داوەتەوە. ئەمساڵ ١٧ ژن لەسێدارە دراون و لە مانگی تەمووزدا وریشە مورادی چالاکوانی کەژار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕفێندرا و تا ئێستا نازانرێت لە کوێ دەستبەسەرە. ئەمەش نموونەیەکی ڕوونە کە ڕژیم دەیەوێت ترس بخاتە ناو کۆمەڵگاوە.

ژنانی باشووری کوردستانیش ڕووبەڕووی هێرشەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بوونەتەوە؛ عەقڵیەتێکە ڕێگە بە هێرشی ئایینی، ڕەگەزی دەدات، دەبێتە هۆی زیادبوونی ژنکوژی، خۆکوشتن، خەتەنەکردن، خۆسوتاندن و هێرشی هاوشێوەی. هەروەها هەوڵی شاردنەوەی ئەو ئاستە توندوتیژییە دەدەن کە ڕۆژانە لە زیادبووندایە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی توندوتیژیەکان زیاتر تەشەنە بکات. هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست بۆ سەر شنگاڵ کە لە دژی کۆمەڵکوژی داعش خۆی پاراست و خۆبەڕێوەبەری دامەزراندووە، بەردەوامە. ئەم هێرشە دژی تێکۆشانی ژنانی شەنگالە کە لە خاکی خۆیانەوە خۆڵقاندوویانە.

نەک تەنیا لە وڵاتەکەمان کوردستان، بەڵکو لە هەموو جیهاندا، بە شێوازی جیاواز هەوڵ دەدەن ژنان بکێشنە ناو سیستەمەکەوە. لە لایەکی ترەوەی سیاسەتی  کشانە نێو ئەو سیستەمە، پێدانی بەشێک لە سیستەمی باڵادەستی ئابووری و کۆمەڵایەتی پیاوسالارە و بەم شێوەیە ژنانی پێ بێدەنگ دەکرێت. سەرنج بدەن، کاتێک تێکۆشانی ژنان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گەشە دەکات، دیدگای جیاواز، ناکۆکی ئایدیۆلۆژی دروست دەکەن، لایەنی گرنگ و هاوبەشی گوێ پێنادەن. بەم شێوەیە دەیانەوێ ژنان لە بەرخۆدان لە دژی دەسەڵاتی پیاوسالار دوور بخرێنەوە. تاکە ڕێگە لە دژی ئەمە ئەوەیە کە پێکەوە تێبکۆشین بە بەرخۆدان دژی ئەم سیستەمە. پێشکەوتنی تێکۆشانی ژنان، کە گەیشتە ئاستی پشتیوانی و ڕێکخستنێکی بەهێز، لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمی و ناوخۆیی، دژی توندوتیژی و سیاسەتەکانی کوشتنی ژن و سیستەمی دەسەڵاتداری پیاوان وەستایەوە و سیستەمەکەی ترساند. عەقڵیەتی باڵادەستی پیاوان کەوتە کڵوکۆ و لەلایەک هەوڵی ڕاکێشانی ژنانی دەدا بۆ ناو سیستەم، لە لایەکی دیکەشەوە بە پەرەدانی هێرش بۆ سەر ژنان و توندوتیژی هەوڵی لاوازکردنی تێکۆشانی ژنانی داوە. ئەڵبەت پێویستە ئەمە وەک هەڵوێست و ڕێبازێکی لە خۆ ڕەخنەگرتن هەژمار بکرێت. ئاشکرایە بۆ ئەوەی ئەم سیاسەتانە بشکێنین، پێویستە سەرنجمان لەسەر خاڵە یەکگرتووەکانمان بدەین. داوا لە هەموو ئەو ژنانە دەکەین کە تێکۆشان بۆ ئازادی ژنان دەکەن، دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دۆخە بکەنەوە، یەکگرتنێکی بەهێزتر و بەردەوام بنیات بنێن، پێکەوە تێکۆشانمان گەشە پێبدەین. ئێمە دەڵێین، کاتی ئەوە هاتووە جارێکی تر و بەهێزتر هەستینەوە.

لەسەر ئەم بنەمایە هەڵوێست و بانگەوازیمان وەهایە:

- وەک ئەو ژنانەی دەڵێن سەدەی بیست و یەک بکەینە سەردەمی ئازادی ژن! ئێمە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی دژی توندوتیژی سەر ژنان بکەینە ئامرازێک بۆ ڕێکخستنێکی بەهێزتر و یەکگرتن و چالاکی گەورەتر.

- بۆ ڕووناککردنەوەی ژیانێکی بەبێ توندوتیژی، کۆمەڵکوژی و شەڕ، با تێکۆشانمان لە دژی کردەوە و عەقڵیەتی سیستەمی پیاوسالار هەمیشەیی بکەین!

- لەبری ئەوەی تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان سنووردار بکەین بۆ چەند ڕۆژێک، با هەموو ساتێک بکەینە کاتی ئازادی ژن.

- شۆڕشی ڕۆژئاوا سەلماندی کە تاکە ڕێگا بۆ پاراستن لە توندوتیژیی دەوڵەتی پیاوسالار ، خۆپاراستنە. با لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خۆپاراستنمان بەرەوپێش ببەین!

- با پێکەوە و جارێکی تر لەسەر ئاستی هەرێمی، ناوخۆیی و جیهانی بە پێکەوە لە دژی شەڕ و سیاسەتی ئایینی و ڕەگەزپەرستی و جنسی ڕاپەڕین!

- لەدژی کۆمەڵکوژی ژنان، دەستدرێژی سیستەمی پیاوسالار، با تێکۆشانێکی جیهانی و یەکگرتوو بەڕێوەببەین. ئێمە نرخی خۆمان بە چاکسازییە و بێدەنگی نازانین و شۆڕشی ژنان دەکەینە ئامانج.

- لەسەر بنەمای زانستی ژیان و ژن و ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن، با کاری تێگەیشتنمان بەهێزتر بکەینەوە!

- یاسا و پەروەردە و ڕاگەیاندن کە ئارگیومێنتی بنەڕەتی ئایدیۆلۆژی باڵادەستی پیاونە و بوونەتە بواری جنسیەتی، توندوتیژی و ڕەگەزپەرستی بەرهەم دەهێنن و تاڵان، کۆیلەکردن و کوشتنی ژنان ئاسایی دەکەنەوە. بۆیە لە بوارەکانی پەروەردە، ڕاگەیاندن، تەندروستی و دادپەروەری، ئابووری، ڕۆشنبیری و سیاسەتدا ئاڵترناتیڤ دروست بکەین! هەر لەبەر ئەم هۆکارە با بە پەلە پرۆسەی بنیاتنانی کۆنفیدراسیۆنی ژنانی دیموکراتیکی جیهانی جێبەجێ بکەین!

- لە دژی ئەو چەمکەی ژن بە پشتبەستن بە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکات، بەکارکردن لە ماڵەوە قەتیسیان دەکات و ئەمە وەک 'سروشتی ژن' دەناسێنێ، با لەسەر بنەمای گرێبەستی کۆمەڵایەتی پەرە بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی بدەین!

- لە کوردستانەوە هەتا فەلەستین، لە ئەفغانستانەوە هەتا ئەرمەنێستان، شەڕ و هێرش و کۆمەڵکوژی و سیاسەتی کوشتنی ژنان تێکدەشکێنین. بە تێگەیشتنی مەرجی سەرەتایی ئاشتی ئازادییە، ئێمە پێشەنگایەتی تێکۆشانی ئاشتیی ڕادیکاڵتر دەست پێدەکەین. تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی زامنی 'دیموکراسی قووڵ'ە کە سنوورەکانی لەلایەن دەوڵەتانەوە دیاری ناکرێ، بەڵکو لەلایەن خەڵکەوە دیاری دەکرێت. ئێمە دەبینە بنیاتنەری دیموکراسی کە گەل و ژن و بندەستەکان ئارەزووی دەکەن. ئێمە پێگەی ئەو پیاوانە بە گرنگ دەزانین کە دەیانەوێت خۆیان لە تەڵەی سیستەمی پیاوسالاری ڕزگار بکەن، لە دەوری دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' هەڵسوکەوت بکەن، هەوڵی شکاندنی نەخشەکانی باڵادەستی پیاوان بدەن و لەگەڵ ڕێپێوانی ئازادی ژناندا بەڕێبکەون. ئێمەگۆڕانی پیاوان دەکەینە بەشێک لە ئازادی ژن. بە بۆنەی ئەوەی ڕۆژێ، شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی ژنان و هەموو ئەو ژنانەی کە بە هۆی توندوتیژیی پیاو-دەوڵەتەوە کوژراون، بە ڕێزداریەوە بەبیردێنینەوە. ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی کوردستان دەڵێین پاراستنمان، ڕێکخستنمان بەهێزتر دەکەین و کۆمەڵکوژی ژنان کۆتایی پێدێنین.

لە دژی شارستانیەتی چینایەتی دەوڵەت و سیستەمی پیاوسالاردا، پێشەنگایەتی بەرخۆدانی مۆدێرنیتە دیموکراتیک دەکەین. ئێمە ئەو فۆرموڵە سیحراویەمان دۆزیوەتەوە کە دەتوانێت جیهان بگۆڕێت. ئێمە ژیانێکی بێ ژن، ژیانێکی بێ ئازادی قبوڵ ناکەین."