کەژەکە داوای کرد لە دژی رژێمی ئێران کە دوژمنی ژنانە پەرە بە تێکۆشان بدرێت_نوێکرایەوە

کۆردیناسیۆنی کەژەکە رایگەیاند، کە دوای ئەشکەنجەی دژوار لە دژی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، سزای لەسێدارەدان بە سەر هەردووکیاندا سەپێندراوە. کەژەکە ئەوەی شەرمەزار کرد و ئەم بانگەوازەی راگەیاند، "دەبێت لە دژی ئێران کە دوژمنی ژنانە پەرە بە تێکۆشان بدرێت".

سزای لەسێدارەدان بەسەر بەرگریکاری مافەکانی ژنان پەخشان عەزیزی رۆژی ٢٣ی تەمووز و هەروەها هەمان سزا لە ٤ی تەمووز بەسەر شەریفە محەمەدیدا سەپێندرا. هەردووکیان لەماوەی دەستبەسەریان کە چەندین هەفتە بەردەوام بوو رووبەڕووی ئەشکەنجەی دژوار و نامرۆڤانە بوونەوە.

لە راگەیەندراوەکەی کەژەکەدا هاتووە، کە بە لەسێدارەدان تێکۆشانی ژنان راناگیرێت و داوای لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکان و بزوتنەوەکانی ژنان کردووە کە لە دژی دەوڵەتی دوژمنی ژنان، پەرە بە تێکۆشانی هاوبەش بدەن.

ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکە بەم جۆرەیە: " ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" تێکۆشانی هەبوون، ناسنامە و ئازادییان دەست پێ کرد. لە سەدەی بیست و یەکدا، وەک بزووتنەوەی ژنانی کورد، زۆرجار گوتوومانە، "سەدەی ژنان - شۆڕشی ژنان". گەیشتووین بە قۆناغێکی وەها کە ئیتر گوتەکەمان لە بانگەشەوە گۆڕاوە بۆ واقیعێکی ماددی و تا ئێستاش لەم قۆناغەداین. وەک ژنانی کورد پیشانماندا کە ئێمە خاوەنی دیدگایەکین تا ئەم ڕاستییە لە بانگەشە دەربهێنین و شۆڕشی ژنان بەدی بهێنین. هەر لەم خاڵەدا شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بوو بە نموونەیەک کە ئەم بانگەشەیەی ئێمەی تێدا بەڕوونی دەرکەوت. ئەم ڕاستییە بووە ئیلهامبەخش بۆ ژنانی جیهان. ئەمڕۆ لە هەموو لایەکی جیهانەوە ژنان بەرخۆدان دەکەن دژی سیاسەتی قڕکردنی ژنان و کۆڵۆنیاڵیزم و نایەکسانی و کۆیلەکردن و دەوڵەتی پیاوسالار. لەم ڕووەوە ژنان لەڕێگەی ڕاستی "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە دەنگ و هاواری خۆیان بەرزدەکەنەوە.

لە کاتێکدا کە ژیان بۆ ژنان و گەلان بووەتە کابووس، بەرخۆدانی ژنان مەزن و بەهێز بوو. ئەم بەرخۆدانەی ژنان هێشتاش هێشتاش زەحمەتی زۆر ڕووبەڕووی سیستەمی پیاوسالار دەکاتەوە. ڕاستی ژن کە بۆتە ترسێک بۆ دەسەڵات، ئەمڕۆ ئومێد بە تێکۆشانی گەلان دەبەخشێت، هێز و باوەڕ دەبەخشێت. ئازادی لەڕێگەی ژنانەوە دێتەدی و ئەم ڕاستییە مانای قووڵتر بەدەست دەهێنێت و دێتە پێش. لە ئاستی جیهانی و خۆجێیدا، هەموو ئەو قەیرانانەی کە سیستەمی دەوڵەتی پیاوسالاری دروستی کردووە، هەوڵدەدەن هەموو ساتێکی ژیان بخنکێنن. لەم سەردەمە خوێناوی و ستەمکارەدا ژیانیان کردووەتە کابووس و واتاکەیان لەناوبردووە. لە سەردەمێکی وەهادا تێکۆشانی ژنان وەک سەرچاوەیەکی ڕووناکی کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی دادەنێت.

لەم سەردەمەدا لەنێو سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە و پیاوسالاردا خراپەی ڕێکخراو بەسەر ژیانی ژناندا دەسەپێنریت. بەم ڕێگەیە دەخوازرێت هەموو ئازادی و مافە کۆمەڵایەتییەکان بسڕنەوە. لە قۆناغێکی وەهادا، ڕژێمی ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر چالاکوانی ژن پەخشان عەزیزی سەپاند. لە بناغەی ئەم قەیرانانەی کە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوینیان گەمارۆداوە، دەخوازرێت کێشەکان لەڕێگەوە فشارەوە چارەسەر بکرێن. بۆیە هەر ڕەتکردنەوەیەکی ژنان بۆ سیستەم، چارەسەری قەیرانەکان و دیموکراسییە. بەڵام دوژمنانی گەل و ژن، پێداگرن لە سیاسەتەکانی فشار و کۆمەڵکوژی و لەناوبردن. بڕیاری لەسێدارەدان دەرهەق بە چالاکوانی مافەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتای قووڵبوونەوەی پشێوییە. ئەو هۆکارانەی ژنان پاڵدەنێن بۆ ڕاپەڕین، هێندەی ئاو و هەوا داخوازیی گرنگن بۆ ژیانی مرۆڤەکان. ئەمڕۆ لە زۆر شوێنی جیهان تێکۆشانی ژنان بە ئیرادە و بوێرییەوە بەرەو پێش دەچێت. ڕێژیمی ئێران کە دوژمنایەتی ژنان دەکات، سزای قورس بەسەر ژنە تێکۆشەرەکاندا دەسەپێنێت و کۆیلایەتی ڕەها بۆ ژنان بە ڕەوا دەزانێت. ئەم دەسەڵاتە بە بڕیاری لەم جۆرە سەبارەت بە ژنان، دەیەوێت تۆڵە لە ژنان بکاتەوە. ژنان لەو هەرێمانەی فشار تێیدا زۆرە، ڕژانە گۆڕەپانەکان. نزیکەی ٤٠ ساڵە ژنانی کورد دژی فاشیزمی تورک بەرخۆدان دەکەن. بەرخۆدانی ژنان لە دژی ڕژێمەکانی تاڵیبان و ئێران، گوزارشت لەم ڕاستییە دەکات. دەوڵەتانی سەرانسەری جیهان بۆ لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادیی ژنان، هەوڵدەدەن لەڕێگەی پێشخستنی ڕێوشوێنی نەرم-توندەوە هەبوونی خۆیان بپارێزن. هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتان لەناو هاوسەنگیەکدا، ئەو نایەکسانییە دەپارێزن کە لە کەسێتی ژناندا بەسەر ژیاندا سەپێنراوە، بۆ درێژەکێشانی ئەمەش هاوکاری یەکدی دەکەن. ئەوەی وا دەکات پیاو پەیوەست بە هەموو نایەکسانییەکان خۆی ڕێکخراو بکات، سەرچاوەکەی دەوڵەتە. بۆیە بزووتنەوەکانی ژنان و تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی کە دژی دەوڵەت بەرخۆدان دەکەن و لێپرسینەوە لە دەوڵەت دەکەن، سەرچاوەی سەرەکی ترسەکانی دەوڵەتن. کارەکانی سیستەمی ستەمکاری پیاوسالاری قەدەغەکار و فشارکەر و داگیرکەر و ڕەگەزپەرست، ناتوانن ڕێگە لە تێکۆشانی ژنان بگرن. چونکە ژنان بەرامبەر ئەم سیستەمە سەریان هەڵبڕیووە، ئەو تێکۆشانەی ئێستە دەکرێت، دیارترین نیشانەی ئەم ڕاستییەیە. ژنان چیتر تەحەمولیان نەماوە بەرامبەر پاشڤەڕۆیی پیاوان و ئەو فۆرمانەی ژیان کە بەدەستی سیستەمی پیاوسالار ئافرێنراون.

ئەو سیاسەتی قەدەغە و فشار و کوشتن و گرتن و لەسێدارەدانەی لەسەر تێکۆشانی ژنان دەسەپێنرێت، سیاسەتی دوژمنایەتی ژنانە. باش ئەمە دەزانین و ئەم سیاسەتانە ڕەت دەکەینەوە. ڕژێمی ئێرانی دوژمنی ژنان، ئەوە نابینێت، یان نایەوێت بیبینێت کە ژنان هێزی بەرخۆدانیان بەدەستهێناوە. ئێوە ناتوانن بە کارەکانی وەک لەسێدارەدان و قەدەغەکردن و فشار و ئەشکەنجە هێزی تێکۆشانی ژنان لەناوببەن.

تێکۆشانی گەلان و ژنان بەرامبەر ئەم کارانە دەبێتە مایەی لەناوچوونتان. ژنان هەرگیز لە تێکۆشانی خۆیان پەشیمان نەبوونەتەوە و دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن. بەپێچەوانەوە بەرامبەر ستەم و فشاری ژنان، تێکۆشانیان مەزنتر دەکەن. لە کوردستان ژنان بە تێکۆشان و جۆش و بوێریی خۆیان نیشانیان داوە کە دەست لە مافی خۆیان هەڵناگرن. بۆیە بانگەواز لە ڕژێمی ئێرانی دوژمنی ژن دەکەین، با دەست لە کارە قێزەونەکانی دژی ژنان هەڵبگرێت.

دووپاتی دەکەینەوە، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لەسێدارەدان و گوێگرتن بۆ داخوازییە ڕەواکانی ژنان بۆ هەبوونی خودی ڕژێمەکە زۆر گرنگە. سیاسەتی پاشڤەڕۆیی لەسێدارەدان نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم تێکۆشانی ژنان. ناتوانن بە سزای لەسێدارەدان، جڤاک و ژنان بوەستێنن. دەسەڵاتەکان هەر چۆنێک بن، ژنان دەست لە تێکۆشانیان بۆ ئازادی و دیموکراسی هەڵناگرن. سەرەڕای مەزنترین کارە خراپەکان، تێکۆشانی ژنان ناوەستێت و بەربڵاوتر بووەتەوە. لێرەشەوە، بانگەواز لە هەموو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و لایەنە دیموکراتیکەکان و بزووتنەوەکانی ژنان و کەسەکان دەکەین، بەرامبەر کارەکانی ڕژێمی ئێران کە لە زیندان و لە هەموو بوارەکانی ژیان دژی ژنان دەیسەپێنێت، هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن و تێکۆشانی هاوبەش مەزنتر بکەن".