کەژەکە: سڵاو لە بەرخۆدانی گەلی شەرناخ دژی هێرشی ڕەگەزی

کۆردیناسیۆنی کەژەکە ڕایگەیاند پاش هەڵبژاردن چەتەکانی دەستیان دایە تاوانی ڕەگەزی و شەڕی تایبەت دژی ژنانی کورد و دەڵێت: "پێویستە کوردستانیان خۆپاراستن پێش بخەن، دژی هێرشی ڕێکخراو و ئەو کەسانەی مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی و چەوساندنەوەی ڕەگەزی پەرەپێدەدەن".

خۆپاراستن دژی هێرشی ڕەگەزی لە شەرناخ

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کورستان (کەژەکە) پەیوەست بە بەرخۆدانی خۆپاراستنی گەلی شەرناخ بەرامبەر هێرشی ڕەگەزی دوێنێ شەو دژی ژنێکی کورد، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکرەوە، گوتی: "خۆپاراستنی گەلی شەرناخ دژی ئەندامی هێزی تایبەتی دەوڵەتی تورک و هێرشی ڕەگەزی بۆ سەر ژنێکی کورد، پیشانی داین دەبێت شەڕی شکۆ چۆن بکرێت. ئەو شۆڕشە دیموکراتیکەی گەلەکەمان لە هەڵبژاردن پیشانیدا و بەرخۆدانی خۆپاراستنی گەلی شەرناخ گەلێک شکۆدارن، سڵاو لەم بەرخۆدانە دەکەین".

ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکە بۆ ڕای گشتی دیموکراتیک بەم جۆرەیە:

"ئەو هێرشە داگیرکاریانەی کە حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە چوارچێوەی پلانی لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادی گەلەکەمان ئەنجامی دەدات، بە جێبەجێکردنی شەڕی تایبەت لە هەموو بوارەکانی سەربازی، سیاسی، جڤاکی و چاندی ئەنجام دەدرێن. هەوڵ دەدات گەلی کورد لە هەموو بەها و ئامرازەکانی خۆپاراستن بێبەش بکات، تاوەکو گەلی کورد بێ ناسنامە و بندەست بهێڵێتەوە. بەم جۆرە ڕژێمی قڕکەر لە هەموو گۆڕەپانێکدا پلانی کودەتا و داگیرکاریی خۆی ئەنجام دەدات. ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە دوژمنی گەلانی هێژای کوردستانە، ژن و گەنجانی شکۆداری کورد بە خۆپاراستن و پاراستن و بەرخۆدانی بێ وێنە لە مێژووی جیهان و مرۆڤایەتییدا خۆیان ناساندووە، لەناوبردنی گەلی کوردی ئازاد و ئەو ژیانە ئازادەی بە بەرخۆدانی ٥٠ ساڵە بەدەستهاتووە، ئەم ڕژێمە لەڕێگەی چەتەکانی شەڕی تایبەت و بزووتنەوە سۆسیال-چاندییەکانەوە مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی و سیخوڕێتی و بەتاڵکردنەوەی چاند و جڤاکبوون بڵاودەکاتەوە، بەم جۆرەش ڕاستەوڕاست ژن و گەنجان دەبنە ناوەندی بەئامانجگرتنی ئەم ڕژێمە فاشیستە.

تاوانی هێرشی ڕەگەزی ئەنجام دەدرێت

ئەو شۆڕشە دیموکراتیک و بەرخۆدانەی کە تەڤگەری ئازادی ژنانی کورد لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین لەڕێگەی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە پەرەیان پێ داوە، هێڵی ئازادی ئەم سەردەمە دیاری دەکەن. ژنانی کورد و عەرەب و تورک و فارس و ئەرمەنی و سریانی ئیتر بوونەتە خاوەنی هێزی خۆیان و چارەنووسی جیهان دیاری دەکەن. بۆیە لە کەسێتی ئاکەپە-مەهەپەدا، هێزەکانی دژە شۆڕش و باوکسالاری هەرێمەکە دژی ژنانی کورد و تەڤگەری ئازادی، هاوپەیمانییەکی شاراوە لە شێوازی داعش پێش دەخەن. لە کوردستان سەدان هەزار سەرباز و پۆلیس و جەردەوان و سیخوڕ و کلکی ئەوان و داعش، وەک هێزی گێچەڵکار و توندوتیژی دژی ژنان جێبەجێ دەکەن و بەم ئامانجەوە دەیانەوێت ڕێگە بگرن لە چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک، کە لەسەر بناغەی ئازادی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێش دەکەوێت. هێزە دژە شۆڕش و میلیتاریستەکان دژی گەلی کورد خۆیان ڕێکخستووە، ژیانی ژنی کورد و تورک و عەرەب و فارس بە سەربازی دەکەن، لە ئەنجامی ئەمەش توندوتیژی سەر ژنان و هەژاری و کۆیلایەتی پەرەدەسێنێت. بەم مانایە، هێرشی قڕکردن و هێرشی ڕەگەزی دژی ژنانی کورد، مانای قڕکردن و توندوتیژییە دژی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین.

سڵاو لە بەرخۆدانی خۆپاراستنی گەلە سەربەرزەکەمان دەکەین

لە تورکیا و کوردستان هەڵبژاردنێکی شۆڕشگێڕانەی دیموکراتیک بەڕێوەچوو و گەلەکەمان بە سەرهەڵدانە شکۆمەندەکەیان دژی قەیومەکان نموونەی خۆپاراستنێکی بەرچاویان نیشان دا. یەکێک لەو شوێنانەی کە بە دڕندانەترین شێواز داگیرکرا، شەرناخ و گەلی قارەمانی بۆتان بوون. لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ئیرادەی گەلی شەرناخ لە لایەن ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە بە هەنگاوێکی داگیرکاری زەوتکرا. هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر وا بیر بکەینەوە کە تەنها ئیرادەی خەڵکی شەرناخ دەستی بەسەردا گیراوە. ئەگەر ئیرادەی گەل لە هەر شوێنێک لە لایەن دەیان هەزار سەرباز و پۆلیسەوە دەستی بەسەردا بگیرێت، مانای وایە ئیرادەی هەموو وڵات دەستی بەسەردا گیراوە. بەم مانایە، پێوەری سەرکەوتنێکی دیموکراتیک لە هەڵبژاردنەکاندا، گەڕاندنەوەی ئیرادەی دەستبەسەرداگیراوی گەلی شەرناخە لەڕێگەی تێکۆشانی هەموو هێزە دیموکراتیک و ئۆزپۆزیسیۆنەکانەوە.

پاش ماوەیەکی کەم لە هەڵبژاردنەکان، چەتەکانی تاوانی ڕەگەزی دژی ژنان، دەستیان بە شەڕی تایبەت کرد. دژی هێرشێکی ڕەگەزی بۆ سەر ژنێکی کورد لە شەرناخ، خۆپاراستن دژی هێزەکانی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک نیشانی دا، دەبێت شەڕی شکۆ چۆن بکرێت. ئەو شۆڕشە دیموکراتیکەی گەلەکەمان لە هەڵبژاردن پیشانیدا و بەرخۆدانی خۆپاراستنی گەلی شەرناخ گەلێک شکۆدارن، سڵاو لەم بەرخۆدانە دەکەین. مێژووی دیسانەوە دەریخست، هیچ هێز و دەوڵەتێک گەورەتر نییە لەو گەلەی کە بەڕێوەبردن و خۆپاراستنی خۆی دەپارێزێت. دیسان سەلمێنرایەوە، گەلی کورد بۆتە خاوەنی ئیرادەیەکی نەبڕاو و حاشاهەڵنەگر. ئەم ئیرادە و ئارەزووی ئازادییە هەرگیز ناوەستێنرێت.

نابێت ڕێگە بدەین دەست بۆ شکۆمان ببەن

لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە هەموو گەلانی کوردستان و ژنان و بزووتنەوەکانی ژنان و گەنجان دەکەین، هەمووان دژی سیاسەتی شەڕی تایبەت، دراوسێ و هاوڕێ و مناڵ و هەڤاڵانی خۆیان هۆشیار بکەنەوە، دەوروبەری خۆیان لە شەڕی تایبەت بپارێزن. ئەمە شەڕی شەرەفە و نابێت بهێڵن دەست بۆ شکۆمان ببەن. بزووتنەوەکانی ژنان و ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکان، دەبێت بە هەموو جۆرە هۆشیاری و پەروەردە و ڕێکخستن و چالاکییەکی خۆپاراستن، دژی کارەکانی شەڕی تایبەت سەفەربەر بن. پێویستە دامەزراوە و کارمەندانی دەوڵەتی کۆڵۆنیاڵیست لەڕووی جڤاکی و چاندییەوە گۆشەگیر بکرێن. پێویستە هەموو هاوڵاتییەکی کورد دژی گرووپەکانی مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی و هێرشی ڕەگەزی بۆ سەر ژنان و گەنجانی کورد، ڕاستەوخۆ خۆپاراستن نیشان بدەن. پێویستە هیچ ژنێکی کورد هێرشی سەر شکۆی خۆی قبووڵ نەکات و دەمودەست خۆی بپارێزێت.

لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە بزووتنەوەکانی ژنان و گەلانی چوار پارچەی کوردستان و لایەنە دیموکراتیکەکانی تورکیا دەکەین، دژی هێرشی داگیرکاری سەر گەلی شەرناخ بوەستنەوە و وەک ڕۆژەڤی سەرەکی تێکۆشانی دیموکراسی تورکیا لێی بڕوانن. بەم واتایە، شەرناخ وەک ئامەد و ئێلح و موش و ڕحا و مێردین و ئیدر و ئیستەنبوڵ و ئەزمیر و مێرسینە. شەرناخ، ڕۆژئاوا و باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. وەرن با شەرناخ بکەینە ناوەندی تێکۆشانی دیموکراتیک و لە بۆتانی شکۆدارەوە بەرخۆدانی ژنان بڵندتر بکەینەوە.