کەژەکە سڵاوی ئاراستەی ئەو ژنانە کرد کە رۆڵیان لە پیرۆزباییەکانی ٨ی مارسدا هەبووە

کۆردیناسیۆنی کەژەکە سڵاوی ئاراستەی ئەو ژنانە کرد کە لە پیرۆزباییەکانی ٨ی مارسدا رۆڵیان گێڕاوە و رایگەیاند، "تاکە رێگەی وەستاندنی سەردەمی وەحشیگەرایی مۆدێرن، رێکخستنکردنی شۆڕشی ژنانە لە سەر بنەمای فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی".

راگەیەندراوەکەی کۆردیناسیۆنی کەژەکە، کە لە سەر ماڵپەڕی فەرمی خۆیان بڵاوکراوەتەوە بەم جۆرەیە:

"سڵاو لە ژنانی تێکۆشەر دەکەن کە بە دەنگ، وتار، هەڵپەڕکێ و هەلهەلەکانیان گۆڕەپانەکانیان پڕکردەوە، لە دژی کردەوە وەحشیگەرایی و دڕندەییەکانی سیستمی پیاو خۆڕاگری دەکەن، لێپێچینەوە لە سیستمی پیاو-دەوڵەتی ستەمکار دەکەن. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو ژنانە دەکەین کە لە مەراسیمەکانی رۆژی جیهانی ژنانی رەنجدەری ساڵی ٢٠٢٤ رەنج و رۆڵیان هەبوو.

ئەو ژنانەی کە لە ژێر گوشاری رەگەزپەرستی کۆمەڵایەتیدا ٢٤ کاتژمێری رۆژ قەیران، کۆمەڵکوژی و ستەم دەبینن، ئەمساڵ لە ٨ی مارسدا جارێکی دیکە بە ئازایەتی، بە بڕیاردارییەوە وتیان 'من هەم' و راستی تێکۆشانێکی رادیکاڵیان ئافراند.ژنان بەهۆی سیاسەتی کۆلۆنیالیستی، قڕکردن، گێچەڵ و دەستدرێژی وەستانەوە، کە لە کایەکانی ژیان ولە هەموو ساتێکدا دەسەپێندرێن. ژنان لە هەموو چالاکیەکاندا بە دەنگێکی بەرز ناڕەزایەتی خۆیان لە دژی رێکخستن و مێشکی رەگەزپەرستی دەسەڵاتپارێز خستەڕوو، کە بەرپرسیار و تاوانباری کردەوەکان لە دژی ژنانە. هەربۆیە ٨ی مارسی ٢٠٢٤ بووە هێمای بەرجستەی وشیاربوونەوەی ژنان، تێگەیشتن، ئیرادەبوون و رێکخستن. تێکۆشانی ژنان ئەمڕۆ بووەتە رادیکاڵترین تێکۆشانی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی.

ئەو دەستکەوتانەی بە تێکۆشانی ژنان ئافرێندرابوون لە رێگەی شۆڕشی رۆژئاواوە گەیشتنە ئاستێکی بەرز. ئێمە هەشتی ئاداری ئەمساڵ بە بڕیارداری پێشوازیمان لەوەکرد کە شۆڕشی ژنانی رۆژئاوا بکەینە موڵکی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. ئەو شەڕانەی بە دەستی فاشیزمی پیاو-دەوڵەت دەستپێدەکەن زۆرترین کاریگەری دەکەنە سەر ئێمەی ژنان، منداڵا، گەلان و ژینگە. لەبەر ئەوەش لە دژی قەیران، شەڕ، داڕوخان، کۆچبەری، نەژادپەرستی، نەتەوەپەرستی و رەگەزپەرستی فاشیزمی دەوڵەتی پیاوسالار، وەک ژن دەبێت ئێمە نەک هەر یەک رۆژی ساڵ، بەڵکوو لە هەموو ساتێکدا بۆ ژیانێکی ئیکۆلۆژیک، ئازاد و دیموکراتیک لە ناو رێکخستن و تێکۆشاندا بن. ساڵی ٢٠٢٤ کە شەڕی ئابوری، سیاسی، کولتوری و سەربازی کاریگەری رووخێنەری کردووەتە سەر ژنان، گەلان و ژینگە، لە رووی تێکۆشانی ژنانەوە ساڵێکی گرنگە. راستی ٨ی مارس بووە هێمای بەرزترین ئاستی ئەوە. لەم ساتە هەستیارەی مێژوودا تاکە رێگەی راگرتنی سەردەمی وەحشیگەرایی و دڕندەیی مۆدێرن ئەوە کە لە سەر فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی شۆڕشی ژنان رێکبخرێت. لە دژی سیستمی پیاو کە سات لە دوای سات شەڕ، کۆلۆنیالیزم، نەژادپەرستی، رەگەزپەرستی بەرهەم دەهێنێت و زیادی دەکات، لە کەسایەتی ژناندا ژیان دەکوژێت، دەبێت ئێمە هێزی وشیاری و تێکۆشان بەرزبکەینەوە و بەم جۆرە هەنگاو بنێین. تێکۆشانی ژنان چیتر گەڕانەوەی نییە. هەربۆیە دەبێت باشتر رێکبخرێت، هێڵی تێکۆشانی هاوبەش بخوڵقێندرێت و بەم جۆرە ئێمە دەتوانین سیستمی ستەمکاری کە کاتی بەسەرچووە، لەناو ببەین.  

کات کاتی گوڕدان بە تێکۆشانە، کاتی بەگەردوونیکردن و هاوبەشیکردنی تێکۆشانە. کات کاتی بونیادنانی شۆڕشی ژنانە لە سەر بناغەی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی. وەک کەژەکە بە جۆش و ناوازەیی شۆڕشی ژن ئێمە جارێکی دیکە سڵاو لەو ژنانە دەکەین کە ٨ی مارسیان واتادار کرد.

بۆ سەرخستنی تێکۆشانی ماف، دادپەروەری، یەکسانی، ئازادی و دیموکراسی ئێمە بەڵێن دوپات دەکەینەوە کە هەموو رۆژێک بکەینە ٨ی مارس".

هـ . ب