لە ٤٤ وڵاتەوە زیاتر لە هەزار کەس دژی سزای لەسێدارەدان کاردانەوەیان نیشاندا

لە ٤٤ وڵاتی جیهانەوە ١٢٠٠ کەس دژی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عزیزی و وریشە مورادیدا بانگەوازییان کرد.

کاردانەوە و هەڵوێستەکان لە دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و زیندانیانی سیاسی دیکە کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە تا دێت لە پەرە سەندنە. هەر لەو چوارچێوەیەدا لەلایەن١٢٠٠ کەس لە ٤٤ وڵاتی جیهانەوە بەیاننامەیەک پێشکەش بە زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخراو و ناوەندەکای تۆری نێونەتەوەیی فێمینیست، کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ کراوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە،١٢٠٠ کەس واژۆکار بانگەوازیان زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخراوی فێمینیست و تۆڕە نێونەتەوەیی و دامەزراوە جیهانییەکان کردووە کە پێکەوە بۆ کۆتاییهێنان بە سزای لەسێدارەدان دەست بە تێکۆشانی یەکگرتووانە بکەن.

هەرەوها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەوان داوا دەکەن گوشار بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ئەوەی دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی هەڵبوەشێننەوە و ئازاد بکرێن.

هەروەها لە بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێکخراوەکانی پارێزوانی مافی ژنان دەبێ هەموو دەرفەتێکیان بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە ئاماری مەترسیداری سزای لەسێدارەدانی ژنان بەکار بهێنن.

بەشێک لەو کەسانەی واژۆیان لەسەر بەیاننامەکە کردووە بریتین لە: گوڵروخ ئێرانی، زەینەب جەلالیان، نێرگس محەمەدی، مەریەم سەدات یەحیاوی، حورا نیکبەخت، سەکینە پەروانە، موتەهار گۆیی و ویدا ڕەبانی.