لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بزووتنەوەکانی ژنان بەرنامەی چالاکییەکانی ٢٥ ی تشرینی دووەمیان ئاشکرا کرد

لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان، لە چوارچێوەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی تێکۆشان دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، بەرنامەی چالاکییەکانی ئاشکرا کرد.

پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەموو ساڵێک چالاکییەکانی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی تێکۆشان دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، ئاشکرا دەکات.

پەیوەست بەمە، پلاتفۆرمەکە لە شارەکانی قامیشلۆ و ڕەقە ڕاگەیاندراوی خوێندەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، درووشمی چالاکییەکی ٢٥ ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ وەهایە: "لەژێر درووشمی "دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و داگیرکارییەک، ژن-ژیان-ئازادی".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، سڵاوکرا لە ژنانی کوردستان و دۆستانی کوردان لە هەر چوارپارچەی کوردستان کە دژی توندوتیژی پیاوان و دەوڵەت بەرخۆدان دەکەن، هەروەها زیندانییە سیاسییەکانی دەوڵەتی ئێران ئەو ژنانەی دژی داگیرکردنی خاکەکەیان دەوەستنەوە.

ئاماژە بەوە کرا، سیاسەتی "ڕژێمی بەعس" و دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەو گرووپانەی پشتگیریان لێ دەکەن مەترسییە بۆ سەر ژنان، تیشکخرایە سەر فشار و قڕکردن دژی ژنان لە هەرێمە داگیرکراوەکانی سوریا.

لە درێژەدا، پشتیوانی بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دووپاتکرایەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە چالاکییەکان بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەمم لە ١٣ هەتا ٢٥ ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبن.

چالاکییەکان بەم جۆرەن:

-لە ١٤ تا ١٩ی تشرینی دووەم لە کۆمەڵە و گوند و کەمپ و دامەزراوەکان سیمینار ئەنجام دەدرێت.

- ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووەم هێزەکانی پاراستنی ژنانی جەوهەری ڕێپێوانێک لە سەرتاسەری هەرێمی جزیر ڕێکدەخات.

-پەروەردەی کراوە لە هەموو بوارەکاندا بۆ پیاوان بۆ ماوەی ٣ ڕۆژدا دەکرێتەوە.

- ڕۆژی ٢٤ ی تشرینی دووەم هەڵمەتی هاشتاگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستپێدەکات.

- دیدار و کۆبوونەوە و دیالۆگ لەسەر ئاستی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دەدرێت.

- نمایشێکی شانۆیی بە ناوی "بەسە توندوتیژی" لە هەموو هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نمایش دەکرێت.

- زنجیرە سەردانێک بۆ گوندی ئافرەتان (ژنوار) ئەنجام دەدرێت.

- بڵاوکردنەوەی بروشورەکانی بانگەشەکردن سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی تێکۆشان دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان.

- ڕێپێوانێکی پاسکیلسواری بۆ ژنانی گەنج بەڕێوەدەچێت و دروشمی دژی توندوتیژی و داگیرکاری بەرز دەکرێنەوە.

- ڕۆژی ١٤ تشرینی دووەم، هیلال زێرین پێشانگای تابلۆ لە سەرتاسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدات.

- هەر بزووتنەوە و ڕێکخراوێکی ژنان بەگوێرەی بەرنامەی خۆی، خەباتی جۆراوجۆر ڕێکدەخات.

- لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر ئاستی کانتۆنەکان، ڕێپێوانی جەماوەری ڕێکدەخرێت.