لە لەندەن و یاڤلە پەیامی ٨ ی ئادار: وەرن تێکۆشانی ڕێکخراو فراوانتر بکەین

ژنان دووپاتیان کردەوە دژی توندتیژی سەر زیندانیان ژن لە تورکیا، بودجەی تەرخانکراو بۆ شەڕ، نەژادپەرستی و جیاکاری و فاشیزم دەڵێن نا و پەیامیان ئەوەیە، تێکۆشانی ڕێکخراو فراوانتر بکرێت.

٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار بە دوو چالاکی جیاواز لە لەندەن و یاڤلە پیرۆزکرا.

یاڤلە

بەم بۆنەیەوە لە شاری یاڤلەی سوید ئاهەنگێک سازکرا، ئاهەنگەکە لەلایەن مەجلیسی گەلی یاڤلەبۆرگ ڕێکخرا، هاوسەرۆکی مەجلیسەکە ژین حاجۆ تیشکی خستە سەر زیانی سیستەمی سەردەستی ٥ هەزار ساڵە لەسەر ژنان و گوتی: "سەرۆک ئاپۆ ئەم سیستەمەی تا بچوکترین داتا شیکردۆتەوە و ژنی کردە هێزێکی مێژوویی".

چەند جارێک لێدوانەکەی ژین حاجۆ بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وەستێنرا.

ئاهەنگەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ بەردەوام بوو.

لەندەن

ئەندامانی پلاتفۆرمی ژنانی لەندەن کە لەلایەن ڕێکخستنی ژنانی کورد و عەلەوی و چەپ و سۆسیالیستەوە دامەزرقوە، لەبەردەم کتێبخانەی وود گرین کۆبوونەوە و ٨ ی ئاداریان پیرۆز کرد. لە چالاکییەکەدا لەسەر ناوی ڕێکخراوەکان ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە و درووشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی ٨ ی ئادار" بەرزکرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی کرا بە گرنگی خاڵی ٥٩ ی پەیماننامەی ئیستەنبوڵ، داواکرا فشار بکرێت بۆ پەسەندکردنی ئەم خاڵە و جێبەجێکردنی. داوا لە حکومەتی بەریتانیا کرا لەم ڕووەوە ڕۆڵ بگێڕێت و پشتگیری ژنانی کۆچبەر بکات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشکخرایە سەر توندوتیژی لەسەر ژنانی زیندانی لە زیندانەکانی تورکیا و ئازادنەکردنی زیندانیانی نەخۆش و گوترا: "ڕۆژی فراوانکردنی یەکگرتن و تێکۆشانی ڕێکخراوە. ڕۆژی وەستانەوەیە دژی نەژادپەرستی و فاشیزم و جۆرەکانی نایەکسانی. دژی هەر جۆرە توندوتیژییەک لەسەر ژن، با دەست لە تێکۆشان هەڵنەگرین".

پاشان ژنان بە چەپڵە و هەلهەلە هەڵپەڕکێیان کرد.