لە ماوەی ٢ مانگدا ١٣ ژن لە باشوور کوژراون

لە باشووری کوردستان لە ماوەی ٢ مانگدا ١٣ ژن کوژراون یان ناچار بە خۆ سووتاندن کراون.

کوشتنی ژنان و هاندان بۆ خۆکوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە. لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ١٣ ژن لە شوێنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کوژراون یان ناچار بوون خۆیان بکوژن، لە ماوەی ٢٣ ڕۆژدا لەو ١٣ ژنە ٣ ژن بە ئاگردانی جەستەیان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

هەولێر

ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەمدا لە شاری هەولێر، ئیدارەی پاراستنی شارستانیەتی هەولێر ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێکدا ژنێکی عەرەب گیانی لەدەستداوە.

ڕۆژی ١٣ی کانوونی دووەم لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر لە بەردەم ماڵەکەیدا بە تێزاب هێرشکرایە سەر ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ کە خاوەنی دوو منداڵە. بەهۆی تێزابەکەوە زۆربەی دەموچاوی ژنەکە و لەسەدا ٢٠ی جەستەی ژنەکە سووتاون. بەگوێرەی زانیارییەکان، لەلایەن هاوسەری ژنەکەوە ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ کەسێک دەستبەسەر نەکراوە.

سلێمانی

ڕۆژی 3ی شوبات، ژنێکی گەنج بەشێوەیەکی گوماناوی لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی گیانی لەدەست دا و پۆلیسیش

کۆیە

لە ٢٣ی ژانویە، ژنێکی تەمەن ٧٨ ساڵ بە مردوویی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، کە بە چەقۆ کوژرابوو.

کەرکوک

ڕۆژی ٢٤ی کانوونی دووەم، ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، لە ماڵەکەی خۆی لە کەرکوک بە کوژراوی دۆزرایەوە.

لە ٣٠ی مانگی کانوونی دووەمدا ڕاگەیەندرا کە ژنێک لە ئەنجامی تەقەکردن لە منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵان بە هەڵە گیانی لەدەستداوە، بەڵام دواتر دەرکەوت بکوژی ژنەکە هاوسەرەکەیەتی و ئەویش هەوڵیداوە ڕاستی ڕووداوەکە بشارێتەوە.

خانەقین

لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەدا ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ کە دایکی ٢ منداڵ بووە گیانی لەدەستداوە.

دوزخورماتوو

لە شارۆچکەی دوزخورماتوو، باوکێک بە شێوەیەکی دڕندانە کچە ١٧ ساڵانەکەی ئەشکەنجە دەدات و دواتر خۆی لە سەربان فڕێدەدات و ژیانی لەدەستدا.

هەڵەبجە

لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا کچە خوێندکارێک لە بەشی ناوخۆی زانکۆی هەڵەبجە کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا، هیچ زانیارییەکی دیکە لەسەر ڕووداوەکە ئاشکرا نەکراوە.

دهۆک

ڕۆژی ١٩ی شوبات لە بەنداوی دهۆک تەرمی ژنێک دۆزرایەوە کە خەڵکی شەنگال بوو و لە کەمپی دۆمیز نیشتەجێ بوو. بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو ژنە بڵاونەکراوەتەوە.