لە ماوەی دوو مانگدا لە ئێران ٤٦ ژن و کچ کوژراون

بە پێی ڕاپۆرتی نوژنها، لە نێوان مانگی کانوونی دووەم و شوباتدا ٣٤ ژن و کچ لە ئێران کوژراون. 12 ژن و کچ بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

لە ئێراندا کوشتنی ژنان و مردنی گوماناوی ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە، ئەمەش بە هۆی سیاسەتی حکومەتەوە هەیە. بەپێی ئەو ڕێژەیەی کە لەلایەن نوژنها کۆکراونەتەوە، لە نێوان مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا ٤٦ حاڵەتی کوشتن و گیانلەدەستدانی گوماناوی لە ئێراندا ڕوویداوە.

ئاماری توندو تێژی مانگی کانوونی دووەم و شوبات بەم شێوەیەیە؛

*لە ٢ی کانوونی دووەم؛ لە شاری مەرەند ٢ ژنی گەنج دەڕفێندرێن و دەکوژرێن. ژنێکی تەمەن ٦٥ ساڵ دانیشتووی تاران بە هۆی دزینی کەلوپەلی مۆبیلیاتەوە بە دەستی پاسەوانی بیناکە کوژرا. ژنێکی گەنج دانیشتووی تاران لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژرا. ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری ئەردەبیل لەلایەن بنەماڵەکەیەوە کوژراوە.

*لە ٢٢ی کانوونی دووەم؛ لە شاری شیراز ژنێکی گەنج لەلایەن براکەیەوە کوژرا.

* ڕۆژی ٢٣ی کانوونی دووەم کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی شیرین بە شێوەیەکی گوماناوی لە شاری مەشهەد گیانی لەدەستدا. هەروەها پردیس کەریمی تەمەن ١٤ ساڵ خەڵکی سنە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. مردنی هەردوو کچەکە بە 'خۆکوژی' تۆمارکراوە.

*ڕۆژی ٢٤ی کانوونی دووەم، دایکی ٢ منداڵی تەمەن ٣٢ ساڵ بە ناوی ئەفشان فەتحیان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە.

*ڕۆژی ٢٥ی کانوونی دووەم، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی فەرزانە قادری ئەقدەم خەڵکی گوندی مەشکان سەر بە شاری پیرانشار، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. مردنی ئەو کچە گەنجە بە 'خۆکوژی' تۆمارکراوە. ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی فایزە کە لە شاری کۆڤاری سەر بە پارێزگای فارس نیشتەجێیە، لەلایەن هاوسەرە جیابووەکەیەوە دەکوژرێت.

*ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندان، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵان بە ناوی هاوژین مستەفاپوور خەڵکی شاری مەهاباد بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە.

*ڕۆژی ٢٩ی کانوونی دووەم، کچێکی تەمەن ٩ ساڵان کە ناسنامەکەی نەزانراوە لە شاری یەزد لەلایەن زڕدایکییەوە کوژرا.

*ڕۆژی ٣٠ی کانوونی دووەم، خوێندکارێکی پۆلی یەکەم بە ناوی فاتمە خەڵکی کەرەج لەلایەن دراوسێکەیەوە کوژرا.

*ڕۆژی 1ی شوبات، ژنێکی تەمەن ناوەڕاست بە ناوی گۆلی یاقووبی و کچە بچووکەکەی ڕازیە شەبانیان لە ماڵەکەیان لە گوندی ئەلکاباد لە بۆروکارد لە لوڕستان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژران. ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی زەهرا نازاریان لە زیندانی سێبزێوەر هەڵواسرا.

*ڕۆژی ٥ی شوبات، ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ و دایکی تەمەن ٦٠ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیان لە تاران لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژران.

*ڕۆژی ٦ی شوبات، تەرمی ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵ لە بەنداوی قاراقاچ لە شاری سەمیرەمی سەر بە پارێزگای ئیسفەهان دۆزرایەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو ژنە گەنجە نەدراوە و ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە. لە شاری گەرمسار، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ کە تا ئێستا ناسنامەکەی ڕوون نەکراوەتەوە، لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژرا. ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٠ ساڵ لە تاران و تا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، لە سەر پردێک خۆی فڕێ دەدات و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵ کە لە شاری بۆروجرد لە پارێزگای لۆرستان دەژی، لەلایەن کوڕەزای هاوسەرەکەیەوە دەکوژرێت.

*لە ٧ی شوباتدا؛ ژنێکی گەنج لە ئەندیمشک لە ئۆتۆمبێلێکدا لەلایەن پۆلیسەوە دەکوژرێن. کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی نارین یوسفی خەڵکی گوندی بانیلاوان لە جوانڕۆ، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.

*لە ١١ی شوباتدا؛ ژنێکی ئەفغانی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی زەینەب م.، کە لە شاری مەشهەد دەژیا، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا.

*لە ١٢ی شوباتدا؛ ژنێکی گەنج لەگەڵ هاوسەر و خوشکەزاکەی لە شاری چواربازاڕ سەر بە کەرماشان-شاباد (ڕۆژئاوای ئیسلام ئاباد) لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کوژرا. تەرمی ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٥ ساڵ بە ناوی ڕوقییە کەلهوڕی خەڵکی پیرانشار لە بەنداوی سیلوەین دۆزرایەوە. کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ بە ناوی هۆنیا بەهرامی خەڵکی سەقز، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە. ژنێکی گەنجی دانیشتووی تەورێز لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەکوژرێت.

*لە ١٣ی شوباتدا؛ لە تاران، ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ بە ناوی سەمیرە لەلایەن هاوکارەکەیەوە کوژرا.

*لە ١٥ی شوباتدا؛ ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵ بە ناوی مریەم کە لە تاران دەژی، لەلایەن دەستگیرانەکەیەوە کوژرا. ژنە زیندانییەک کە تا ئێستا ناسنامەکەی دیاری نەکراوە، کە حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێنراوە، بە شێوەیەکی گوماناوی لە زیندانی تاران گیانی لەدەست دا. ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بە ناوی گوڵاڵە کەریمی خەڵکی دیواندەر بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە. لە تاران ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بە ناوی فەتانە لەلایەن دەستگیرانەکەیەوە کوژرا. ژنێکی تەمەن ٥٣ ساڵ بە ناوی مەهناز و دانیشتووی تاران بە مردوویی دۆزرایەوە. ڕوون بووەوە شتە بەنرخەکانی ژنەکە دزراون. ژنێکی گەنج بە ناوی شوهرە کە لە تاران نیشتەجێیە، لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کوژرا.

*لە ١٨ی شوباتدا؛ لە شاری فەریاب سەر بە پارێزگای کرمان، پیاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵ، دایکی خۆی و ٢ خوشکەکەی و هاوسەری براکەی و ٢ کچ و ٤ کوڕەزاکەی کوشت کە کۆی گشتی ١٢ کەس بوون. تەرمی ژنێکی گەنج کە بە مادەی سووتێنەر کوژرابوو لەسەر ڕێگای وارامین دۆزرایەوە.

*لە ١٩ی شوباتدا؛ ژنێکی گەنج لە کاشان لەلایەن هاوسەرە جیابووەکەیەوە کوژرا.