لە ماوەی پێنج ڕۆژدا سێ ژن کوژراون

تەنها لە نێوان ڕۆژەکانی ٨ بۆ ١٢ی ئەم مانگەدا، لە هەرێمی کوردستان سێ ژن بە شێوازی جیاجیا کوژراون.

هەرچەندە ئاماری کوشتن و خۆکوشتنی ژنان دەشاردرێتەوە و بە تەواویی نازاندرێت، بەڵام بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی، کە لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکراونەتەوە، لە ماوەی ڕۆژەکانی ٨ بۆ ١٢ی ئەم مانگەدا، سێ حاڵەتی کوشتنی ژنان هەبووە، کە دوو حاڵەتیان لە پارێزگای هەولێربووە، حاڵەتێکیش لە سنووری شارەدێی سنونێ ڕوویداوە.

لەم ساڵانەی دواییدا ڕێژەی حاڵەتەکانی توندوتیژیی و کوشتنی ژنان ڕووی لە زیادبوون کردووە، لەگەڵ ئەوەی تاوانبارانی بەشێک لە کەیسەکانی ژنان دیارن، بەڵام زۆر جار لە سزا دەرباز دەبن، کە ئەمەش بە هۆکارێکی زیادبوونی توندوتیژییەکانی سەر ژنان، هەژمار دەکرێت.