لە مەخمور گێچەڵی ئەفسەرە تورکەکە شەرمەزارکرا

مەجلیسی ژنانی عەشتار لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور دژی گێچەڵی ئەفسەرێکی تورک بۆ سەر ژنێک لە شەرناخ ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، تێیدا سڵاو لە ئیرادەی گەلی شەرناخ کرا.

دژی گێچەڵی ئەفسەرێکی تورک بۆ سەر ژنێک لە شەرناخ، مەجلیسی عەشتار لە کەمپی پەنابەرانی ڕۆستەم جودی (مەخمور) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست، دووپاتکرایەوە ئەمە هێرشێکە بۆ سەر تەواوی گەل و ژنانی کورد.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، مامۆستا بێریڤان ئیشلەک ڕایگەیاند ئەم هێرشە بەرامبەر تەواوی گەل و ژنانی کوردە، هەروەها ستایشی ئیرادە و هەڵوێست و خۆپاراستنی گەلی شەرناخی کرد بەرامبەر هێرشەکان، گوتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە پاش ئەوەی زانی ناتوانێت ئیرادە و هێزی گەلی شرناخ بشکێنێت، بۆیە هەوڵ دەدات لە ڕێگای گێچەڵ و دەستدرێژیی و هێنانی جەندرمە و سەرباز و سیخووڕ، کەلتووری سیخووڕیکردن پێشبخات و بە بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر ئیرادەی گەل بشکێنێت".

مامۆستا بێریڤان ڕایگەیاند وەک ژنانی کورد بە توندی ئەم هێرشە شەرمەزار دەکەن و بانگەوازی لە هەموو ژنان کرد بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕاپەڕن و پشتیوانی لە گەلی شەرناخ بکەن، جەختی کردەوە ئەم هێرشەی ئەمڕۆ لە شەرناخ کراوە، سبەی لە هەموو جێیەکی کوردستان دووبارە دەبێتەوە.