ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بەدەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) بە بەشداری ژنانی هەر چوار بەشی كوردستان و ڕێكخراوەكانی ژنان، و چالاکوانان و ئازادیی خوازان، ڕێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان ٨ی مارسەوە.
ڕێپێوانەکە لە پارکی نالیەوە بەجۆش خرۆشەوە بە وتنەوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” و “ژن ژیانە مەیکوژە”، بە بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدانی پێشەنگی ژن و ئازادیی خوازان و بەرزکردنەوەی ئاڵای ڕژاک، هەمووان بەیەکەوە بەرەو باخی گشتی بەڕێکەوتن، لەبەردەم باخی گشتیدا هەمووان خەلەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسییان ئەنجامدا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکەدا، ئاڵا ئەبوبکر، بەیاننامەی ڕێکخراوی ڕژاکی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو، ٨ی ئادار ڕۆژی ژنانی ڕەنجدەر و تێکۆشەر لە دامەزرێنەری فەلسەفەی ”ژن ژیان ئازادی“ و شۆڕشی ژن و و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو ژنانی ڕەنجدەر و تێکۆشەر و ئازادیخواز پیرۆز کرد. پاشان وتی ڕێبەر دەڵێت: "سەدەی ٢١ سەدەی شۆڕشی ژنانە بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی"، ئێمەش لەسەر ئەو فەلسەفەیە و لە تێکۆشانی خۆماندا، ئەو فەلسەفەیە و بەئامانجی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ هەردووکیان بەیەکەوە بەڕێوە دەبەین
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە سەدەی ٢١دا سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداری بۆ زیاتر درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی، وەک شەڕێکی لەناوبردن نەتەوە-ژن بەئامانج دەگرن، بەم شەڕانەیان دەیانەوێت لەکەسایەتی ژندا ژیان و کۆمەڵگەش بەتەواوی تێکبدەن، بەو تێڕوانینەی سیستەمی سەرمایەداری کە دەڵێت، سەرەتا لە کەسایەتی ژن بدەن، ژن تێکبشکێنن، رۆژانە بە کۆیلەکردنی رۆح و مێشک و عەقڵی ژن بە شەڕی تایبەت لە ڕێگەی میدیای ئەلیکترۆنییەوە تێکشکان و خستنی کەسایەتی ژنیان گەیاندووەتە ئاستێکی باڵا.
ئاماژەشی بەوەدا، ئەگەر ئیمە وەکو ژن ئەمڕۆ سەنگەرەکانی خۆمان چاک نەکەین، خۆمان بە باشی بە ڕێکنەخەین، خۆمان پەروەردە نەکەین، یەگرتوویی و یەکیتی خۆمان بەهێز نەکەین، دوژمنانی ژن سەنگەری خۆیان لە دڵ و مێشکی ئێمەدا گەورەتر و زیاتر دەکەن و سەرکەوتنی خۆیان مسۆگەر دەکەن
لە کۆتای بەیانامەکەدا، ئاڵا ئەبوبکر، جەختی لەوە کردوە، لە هەر جێگەیەک تێکۆشان و بەرخودانی ژنان ببینرێت، لەوێ سیستەمی دەسەڵاتداری پیاوسالاری خۆی ڕاناگرێت و هێرش دەکاتە سەری، ئەو ڕاستییەی ئێمە باسی لێوە دەکەین لە کوردستان، ئەفغانستان، تورکیا، ئیران و زۆربەی واڵتان وەکو ئەوان لە جیهاندا ڕۆژانە دەیانبینین، کە چۆن ئەو ژنانە دەستدرێژیان دەکرێتە سەر، چۆن دەکوژرێن، چۆن لە سێدارە دەدرێن و چۆن دەخزێنرێنە کونجی زیندانەکان، نموونەی ئەو ئەو ژنە بەرخودەر و بە هەڵوێستانەش کە لەبەرامبەر عەقڵییەتی قڕکەر و کوژەری ژن تێکۆشانی دەکرد، ژنە تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ فریال خالید یان زەلال زاگرۆس بوو کە لە شاری کەرکووک لە هێرشێکی فاشیستانە و نامرۆڤانەدا شەهید بوو.
لەکۆتایدا هەمووان بەیەکەوە، بەوتنەوەی دروشمی "ژن ژیان ئازدی، ژن ژیانە مەیکوژە، بێ ژن ژیان نابێت" بە ئەنجامدانی هەڵپەڕکێی کوردی و کەیف و شادی کۆتایان بە چالاکی ڕێپێوانەکە هێنا.