لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی مەرزییە بۆ گەشەپێدانی توانا هونەرییەکانی ژنان کرایەوە

لە مەراسیمێکدا، لە هۆڵی تەوار، لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی مەرزییە بۆ گەشەپێدانی توانا هونەرییەکانی ژنان لەلایەن ژنانی هونەرمەند بە دروشمی 'پێکەوە گەشە دەکەین، پێکەوە ئەنجامی دەدەین' ، کرایەوە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، لە هۆڵی تەوار، لە مەراسیمێکدا کە لەلایەن ژنانی هونەرمەند ڕێکخرابوو، بە بەشداری پارێزگاری سلێمانی و چەندین هونەرمەند و کەسایەتیی دیار و دەزگایی میدیایی، بە دروشمی ' پێکەوە گەشە دەکەین، پێکەوە ئەنجامی دەدەین'، ڕێکخراوی مەرزییە بۆ گەشەپێدانی توانا هونەرییەکانی ژنان کرایەوە.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، لەلایەن ڕێکخەری مەراسیمەکەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرا، پاشان هەموان خولەکێک بە بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدانی ڕێی ئازادی ڕاوەستان.

دواتر وتاری دەستپێک لەلایەن ڕێکخەری مەراسیمەکە، زریان سرکی پێشکەشکرا و تێیدا باسی لەوەکرد هونەری ڕەسەنی کوردی ناسنەمەی نەتەوەییە و پاراستنی ئەو کلتوورە ئەرکی هەمووانە.

هەروەها ئاماژەی بە ئامانج و کارەکانی ڕێکخراوی مەرزییەو پێکهاتە و بەشەکانی داو وتیشی: "ڕێکخراوی مەرزییە پاڵپشتی لە هەموو ژنانی هونەرمەند و دەستڕەنگین دەکات."، هۆکاری ناونانی ڕێکخراوەکەشی بە ناوی مەرزیە گەڕاندەوە بۆ هونەرمەندی کورد مەرزیە فەریقی و کارە هونەرییە لەبیرنەکراوەکانی.

لە پاش ئەوە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی وتەی پیرۆزبایی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و باسی لە گرنگی رۆڵی ژنان کرد لە پاراستی کلتووردا کرد و وتیشی: "دەبێت هەموو ژنان پێکەوە سەربکەون و ببنە پێشەنگ."

پاش ئەوە کورتە ڤیدۆیەک دەربارەی کارەکان و بەشەکانی ڕێکخراوی مەرزییە و ئامانجەکانیان پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

 دواتر گروپی موزیکی ڕۆژدا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوون، چەند پارچە موزیکێکی کلتورریان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

لە دوای ئەوە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی کوردستان، پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی دامەزرێنەر و دامەزراندنی ڕێکخراویی مەرزکە کرد.

هەروەها نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار، ڕێزان قادر، سەرۆکی دەستەی ڕستن و چنینی سلێمانی، خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەشی ڕێکخراوی مەرزییە کرد و پیرۆزبایی دامەزراندنی لێکردن.

پاشان لەلایەن هونەرمەندی گەنج، تابلۆ، چەند پارچە موزیکێک بە ئامێری تار پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و لەلایەن چەند ژنێکیشەوە گۆرانی و موزیک پێشکەش کرا.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا شانۆگەرییەک لەبارەی ئازادی ژنان و کاریگەرییەکانی لەلایەن گروپی خوێندکارانی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی پێشکەشکرا.