لە شاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، چالاکییەکانی هەشتی مارس خرایە ڕوو

لە شاری سلێمانی، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لەلایەن زیاد لە 30 ڕێکخراوی بواری مافەکانی مرۆڤ و ژنان، چالاکییەکانی 8ی مارس خرایە ڕوو.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، لە بینای ڕێکخراوی pdo (خەڵک بۆ گەشەپێدان)، لەلایەن زیاد لە 30 ڕێکخراوی بواری مافەکانی مرۆڤ و ژنانەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازکرا، تیایدا باس لەو چالاکییانە کرا کە بڕیارە لە 8ی مارس ئەنجام بدرێت، کە گرنگترینییان گردبوونەوەیەکی جەماوەرییە لە ڕۆژی ژناندا.

لە ناو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بەیاننامەیەکی نوسراو لەلایەن شەدە بەشیر خوێندرایەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەدا کە لە ڕۆژی هەشتی مارس، لە میانی چالاکییەدا لە سەرای ئازادی سلێمانی، لێدوانی مامۆستایانی ناڕازی بۆ پرسی نەبوونی موچە پێشکەش دەکرێت، هەروەها دووەمین خەڵاتی ساڵانەی یەکسانی دەدرێتە کەساییەتییەکی دیار لە خەبات و چالاکی ژناندا.

چالاکییەکە ڕۆژی هەینی لە سەرای ئازادی لە کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ ئەنجام دەدرێت.